ئاوارەكانی چیای شەنگال لەكارەساتدان
شەش مانگە هاوكاریی مانگانە بەسەر ئاوارەكانی سەردەشتی چیای شەنگال راگیراوە
4 ساڵ لەمەوپێش
پ. دهۆك
شەش مانگانە سەدان خێزانی ئاوارەی چیای شەنگال هیچ هاوكارییەكیان پێنەگەیشتووەو دەڵێن لەكارەساتداین، قایمقامیش دەڵێت:» هەموو هەوڵێكی خۆمان دەدەین تا بەزووترین كات جارێكی تردەست بەدابەشكردنی هاوكاری مانگانە بۆ ئەو ئاوارانە بكرێت».
عەڤدۆ قاسم، ئاوارەیەكی كەمپی سەردەشتە لەچیای شەنگال، نزیكەی حەوت ساڵە لەو كەمپە دەژیت بەهۆی وێرانكردنی خانووەكەی لەناحیەی گرعوزێری سەر بەقەزای شەنگال ناتوانێت بگەرێتەوە زێدی خۆی، بەهاوڵاتی وت: «هەر لەمانگی تشرینی یەكەمی 2020 تائێستا حكومەتی عێراق هاوكارییەكانی راگرتووە بەبیانووی ئەوەی دەبێت كەمپەكە چوڵ بكرێت».
بەپێی بڕیارێک حكومەتی عێراق بەنیازە لەمساڵدا تەواوی كەمپەكانی نەینەواو شەنگال دابخات.
عەڤدۆ قاسم ئاماژەی بەوەشكرد دۆخیان زۆر خراپە، وتیشی:»كەس لەئێمە ناپرسێت، هەموو شت لەسەر حسابی خۆمان دەكڕین، ئاوارەكانی دهۆك و ناوچەكانی تر مانگانە هەموو جۆرە هاوكارییەك وەردەگرن، بەڵام بۆ ئێمە هیچ شتێك ناكرێت، ئەگەر هاوكاریمان نەكرێت كارەسات روودەدات».
بەڕێوەبەری كەمپی سەردەشت لەچیای شەنگال پێیوابوو حكومەتی عێراق بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بەئاوارەكان دەڵێت بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆتان، بۆیە هەموو هاوكارییەكانی راگرتووە.
عەلی شەعبۆ، بەڕێوەبەری كەمپی سەردەشت لەچیای شەنگال بەهاوڵاتی وت: «دوای ئەوەی حكومەتی عێراق بڕیاریدا بەداخستنی ژمارەیەك كەمپ لەسنوری پارێزگای نەینەوا، كەمپی سەردەشتیان لەلای خۆیان داخستووە، هەر لەمانگی تشرینی یەكەمی 2020 هاوكاری مانگانەی راگرتووە».
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو حكومەتی عیراق دوو جار مافی ئاوارەكانی چیای شەنگالی پێشێل كردووە جارێك كەمپەكەی لەدەرەوەی خواستی ئاوارەكان داخستووە، كەهێشتا (550) خێزان لەكەمپی سەردەشت دەژین، جاری دووەم هێشتا ئاوارەن و هاوكاریی مانگانەیان لێبڕاوە.
عەلی شەعبۆ ئەوەشی دووپاتكردەوە كەحكومەتی عێراق بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بەئاوارەكان دەڵێت بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆتان، هەربۆیە هەموو هاوكارییەكانی بۆ ئاوارەكان راگرتووە.
بەشێكی زۆری هاووڵاتیانی ئاوارەی ئێزیدی لەسەروبەندی هێرشەكانی داعش روویانكردە چیای شەنگال و هێشتا سەدان خێزان لەدوو كەمپی ئەو سنورەدا ماون، كەمپی چیای شەنگال زیاتر لەدوو هەزارو كەمپی سەردەشت زیاتر لەهەزار خێزانی تێدا دەژین.
قایمقامی ناوەندی قەزای شەنگال دەڵێت هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی هاوكاری پێویست بگەیەننە ئەو خێزانانە.
فەهد حامد، قایمقامی ناوەندی قەزای شەنگال بەهاوڵاتی وت» لەنزیكەوە ئاگاداری كێشەو گیروفتەكانی ئاوارەكانی چیای شەنگالین و داواكاری و كێشەكانی ئەوانمان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە، بەڵام بەداخەوە تائێستا هاوكاری بەسەر ئەو ئاوارانەدا دابەش نەكراون، ئێمە بەردەوام داوا لەڕێكخراوەكانی ناوخۆو بیانی دەكەین كەهاوكارییەكانی خۆیان بگەیەننە چیای شەنگال، چونكە ئەوان لەبارودوخێكی زۆر خراپدا دەژین».
قایمقامی ناوەندی شەنگال جەختی لەوەشكردەوە كەئەو ئاوارانەی ئێستا لەچیای شەنگال دەژین زۆرینەیان لەبەر وێرانبوونی خانووەكانیان ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، وتیشی:» چۆن ئاوارەكانی ناوچەكانی تر هاوكاری مانگانە وەردەگرن، بەهەمان شێوە دەبێت پێداویستییەكان بگەیەنرێتە ئاوارەكانی چیای شەنگالیش»