جێگری میری ئێزیدییان بۆ هاوڵاتی: مناڵانی داعش لەژنانی ئێزیدی وەرناگرینەوەو هێڵی سوورە
25 پەرلەمانتار پێشنیاریان كردووە لەڕێگەی یاسایەكەوە كێشەی مناڵانی باوك داعش و دایك ئێزیدی چارەسەر بكرێت
4 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز.دهۆك
زیاتر لە (100) منداڵ كەباوكیان داعش بووەو دایكیان ئێزیدیە بووە بەكێشەیەكی گەورەو ئیدارەی شەنگال ئامادەنین وەریانبگرنەوە سەرەڕای ئەوەی عێراق هەوڵدەدات لەسەر ناوی دایكیان تۆماریان بكات، بەڵام جێگری میری ئێزیدیان دەڵێت:»وەرگرتنەوەی ئەو مناڵانە هێڵی سوورەو كەسی بیانی بۆ ناو ئاینەكەمان قبوڵ ناكەین».
یاسای رزگابووانی دەستی داعش لە1ی ئازاری ئەمساڵ لەپەرلەمانی عیراق پەسەندكرا، بەڵام بڕگەی چارەسەری مناڵانی باوك داعشی لەیاسەكە بەكۆی دەنگ لابرا، دوای دەرچوونی یاسایەكە كۆمەڵێك پەرلەمانتار هەوڵدەدەن پڕۆژەیەكی نوێ ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكەن كەئەویش ئەوەیە ئەو مناڵانە لەسەر ناوی دایكییان تۆماربكرێن.
خەیری عەلی، بەڕێوەبەری رێكخراوی ئێزیدی بۆ دۆكیۆمێنتكردنی بەڵگەنامەكان لەلقی شنگال بەهاوڵاتی وت:» بەپێی زانیارییەكانم نزیكەی (100)منداڵی باوك داعشی و دایك ئێزیدی ئێستا لە رۆژئاڤای كوردستانن، چارەسەری ئەم پرسە زۆرقورسە، چونكە ئایین و كۆمەڵگای ئێزیدی بەهیچ شێوەیەك رێگانادات ئەو منداڵانە بگەڕێنەوە بۆ ناو ئێزدییەكان»
خەیری عەلی پێشیوابوو ئەگەر ئەو منداڵانە لەسەر ناوی دایكیان تۆماربكرێن بەمەرجێك رەوانەی دەرەوە بكرێن تاڕادەیەك چارەسەرێكی باشە، تائەو منداڵانە گەورە دەبن و ئاینێكی بەدڵی خۆیان هەڵبژێرن، یان حكومەت و رێكخراوەكان شوێنێك یان سەنتەرێكیان بۆ بكەنەوە.
چەكدارانی داعش، لە3ی ئابی 2014دا دەستیگرت بەسەر شەنگال و دەوروبەری، لەزێدی ئێزیدییەكاندا شەش هەزارو (417) ئێزیدی بەدیل گیران، زۆرینەیان ژنان بوون و وەك كۆیلەی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵدا كرا.
ژنانی ئێزیدی رووبەڕووی ئەشكەنجە، دەستدرێژی سێكسی و توندوتیژی زۆر بوونەوە، هەندێكیان هەڵاتن و بەشێكیان بەپارە كڕدرانەوە یان رزگاركران، بەپێی ئامارێكی نوسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی دهۆك لەكۆی ئەو شەش هەزارو (417) كەسە ئێستا سێ هەزارو(543) كەس رزگاركراوان و زیاتر لەدوو هەزار كەس تائێستا چارەنووسیان دیارنیە .
یاسای رزگاربووانی دەستی داعش لە1ی ئازارەوە لەپەرلەمان پەسەندكراوە، كەئەم یاسایە قەرەبووی ماددی و مەعنەوی تێدایە، لەگرنگترین بڕگەگانی مووچەیەكی مانگانە دەدرێتە رزگاربووانی دەستی داعش كەبڕەكەی دوو ئەوەندەی كەمترین مووچەی خانەنشینێكی عێراقە كە ئەویش (500) هەزارە واتە هەر رزگاربوویەك بەپێی یاسایەكە مانگانە ملیونێك دینار وەردەگرێت لەگەڵ پارچە زەویەك یان یەكەیەكی نیشتەجێ بوون و چارەسەری دەروونی و گەڕانەوەیان بۆ خوێندن.
یاساكە سەرۆك كۆماری عێراق لە رۆژی جیهانی ژنان واژۆی كردووە، دواتر لە رۆژنامەی وەقائیعی فەرمی بڵاوبووتەوە.
حسێن نەرمۆ، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەپێكهاتەی ئێزیدی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» ئێستا تۆپەكە لەحكومەتی عێراقە تا تەواوی بڕگەو ماددەكانی یاسایەكە جێبەجێ بكات، ئێمە بەردەوام بەدواداچوون بۆ یاساكە دەكەین، ئەگەر هیچ كێشەیەك نەیەتە ئاراوە ئەوا لەدوای مانگی رەمەزان پێویستە جێبەجێ بكرێت، چونكە ماوەی جێبەجێكردنی یاساكە (90) رۆژە».
«ئێمە لەگەڵ ئەوەدابووین بڕگەی منداڵانی داعش لەیاساكە دەربكرێت و لەسەر داواكاری میری ئێزیدییان و جڤاتی روحانی بەكۆی دەنگ ئەو بڕگەیە لەناو یاساكە لابرا، دوای دەرچوونی بڕیارەكە لیژنەی ژنان و مافی مرۆڤ بەدوای دەرچەیەكی نوێ دەگەڕێن بۆ چارەسەركردنی پرسی منداڵانی داعش، نزیكەی (25) پەرلەمان پێشنیاریان كردووە ئەو منداڵانە لەسەر ناوی دایكیان تۆماربكرێن»، حسێن نەرمۆ وا دەڵێت.
جێگری میری ئێزیدییان دەڵێت بەهیچ شێوەیەك ئامادەنین ئەو منداڵانە وەربگرنەوە كە باوكیان داعش بووەو دایكیان ئێزیدی.
جەوهەر عەلی بەگ، جێگری میری ئێزدییان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: »پرسی منداڵانی داعش هیچ پەیوەندی بەئێمەوە نیە، چونكە ئێمە بەهیچ شێوەیەك ئەو منداڵانە وەرناگرینەوە، ئەم پرسە لای ئێمە هێلی سوورەو هیچ كەسێكی بیانی بۆ ناو ئایینی خۆمان قبوڵ ناكەین».
هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە لەسەر داواكاری ئەوان بڕگەی مناڵانی داعش لەیاساكە لابراوەو بەدڵی ئەوان پەسەندكراوە.
ئەنجومەنی باڵای روحانی ئێزیدی، لە 24ی نیسانی 2019دا بڕیاریدا بەوەرگرتنەوەی تەواوی ژنان و هاووڵاتیانی رزگاربووی دەستی داعش، بەمنداڵەكانیشیانەوە، ئەوەش لە نووسراوێكدا بەواژۆی حازم تەحسین سەعید، بریكاری ئەمیرو سەرۆكی ئەنجومەنی روحانی.
ئەنجومەنی باڵای روحانی، سی رۆژ دواترو لە 27ی نیساندا، لەنووسراوێكدا جەختیكردەوە لەوەی ئەوان لەفەتواكەیاندا مەبەستیان وەرگرتنەوەی ئەو منداڵانەی چەكدارانی داعش نەبووە كە لەئەنجامی دەستدرێژی بۆ سەر كچان و ژنانی ئێزیدی لەدایكبوون، بەڵكو مەبەستیان ژنانی ئێزیدی و ئەو منداڵانەیە كە لەتەمەنێكی بچووكدا كەوتوونەتە دەست ئەو رێكخراوە.