بەغدا وەڵامی دوو نووسراوی هەرێم بۆ ناردنی بودجە ناداتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم

حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا دوو نووسراوی لەڕێگەی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری ناردووە بۆ حكومەتی عێراق لەبارەی ناردنی بەشە بودجەی هەرێم، بەڵام تائێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.

رۆژی 31ی ئازاری ئەمساڵ پرۆژە بودجەی 2021ی عێراق پەسەندكراو لەماددەی 11ی یاساكەدا پشكی هەرێم جێگیركرا كەمانگانە (956) ملیار دینار رەوانەی هەرێم بكرێت لەبەرانبەر ناردنی داهاتی (250) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بەنرخی كۆمپانیای سۆمۆی نیشتمانی عێراق زائیدەن داهاتی نانەوتی.

سەرەڕای جێبەجێكردنی بودجە لەلایەن حكومەتی عێراق و وەزارەتەكانەوە پاش تێپەڕبوونی زیاتر لەمانگێك یەك دینار بۆ هەرێم رەوانە نەكراوە.

سەرچاوەیەكی تایبەت و ئاگادار لەحكومەتی هەرێم لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:»لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا دوو نووسراو لەدوو كاتی جیاوازدا رەوانەی حكومەتی عێراق كراوە لەبارەی ناردنی بەشە بودجەی هەرێم، بەڵام تائێستا وەڵامنەدراوەتەوە».

هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد نووسراوەكان لەڕێی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم نێردراوە، وتیشی:»لەناوەڕۆكی نووسراوەكاندا ئاماژە بەوە كراوە كەحكومەتی هەرێم ئامادەیە بۆ هەموو ئەو ئیلتیزامانەی دەكەوێتە ئەستۆی لەبەرانبەر ناردنی بەشە بودجەی هەرێم، تەنانەت داوا كراوە كەگفتوگۆ بكرێت لەسەر كردنەوەی هەژماری بانكی بۆ حسابی داهاتە نەوتی و ناتەوتییەكان».

ئەو سەرچاوە تایبەتە جەختی لەوەشكردەوە كەهەریەك لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت لەڕێگەی كەناڵە دبلۆماسییەكانەوە هەوڵیانداوەو تەنها پێیان راگەیاندوون»بەسەرچاو».

لەبارەی ئەوەی وەفدی هەرێم بڕیارە سەردانی بەغدا بكاتەوە ئەگەر وەڵامی نووسراوەكان نەدرێتەوە تاكۆتایی ئەم هەفتەیە، سەرچاوەكەی حكومەتی هەرێم وتی:» حكومەتی هەرێم تاكۆتایی ئەم هەفتەیە چاوەڕێی وەڵامی نووسراوەكان دەكات لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، ئەگەر وەڵامنەدرێینەوە ئەوا هەفتەی ئایندە دەچینە بەغدا».

هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كاتی سەردانی وەفدی هەرێم دیاریكراو نییە یان پێش جەژن یان پاش جەژن دەچینە بەغدا، وتیشی:» ئێمە پێمانباشە پێش جەژن ئەو سەردانە بكرێت تا بزانین بەغدا دەیەوێت لەكوێ هەژماری بانكی بۆ حسابی نەوتی و نانەوتی بۆ بكەینەوە لەتوركیا یان لەهەولێر یان لەبەغدا».

لەبارەی ئەوەی ئایا حكومەتی هەرێم ئامادەیە داهاتەكان رادەستی بەغدا بكات، وتی:» حكومەتی هەرێم ئامادەیە هەموو ئەو بڕگانەی پەیوەستن بەهەرێم جێبەجێی بكات، چونكە دەمانەوێت پێش (25)ی ئەم مانگە ئەم پرسە یەكلابكرێتەوە تابزانین ئەوەی دەگات چەند دەبێت تا لەسەر ئەو بنەمایە بڕیار بدەین لێبڕینی موچە نەهێڵین یان رێژەكەی كەمبكەینەوە، بڕی پارەكەی بەغدا بۆمان رووندەكاتەوە».

لەلایەكی دیكەوە ئەندامێكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت:» یاسای بودجە تەنها بۆ دانپێدانان بوو بەفرۆشتنی نەوتی هەرێم، ئەگەر رێككەوتنی ژێر بەژێر هەبێت بڕێك پارە بگاتە هەرێم».

ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتىوت:» دوای پەسەندكردنی بودجەی عێراق ئەوەم باسكرد كەیاساكە تەنها بۆ دانپێدانانە بەفرۆشتنی نەوتی هەرێم و هیچی ترو هەرێم سوودی لێ نابینێت».

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد حكومەتی هەرێم بەدانپێدانانی خۆیان رۆژانە (460) هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشن و هەناردەی دەكەن، بەڵام دەبێت رۆژانە بەنرخی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی رۆژانە  داهاتی (250) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بدەنە بەغدا» هەرێمی كوردستان ئەگەر رۆژانە (625) هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت ئینجا دەتوانێت داهاتی ئەو (250) هەزار بەرمیل نەوتە بداتە بەغدا، ئەوەش بۆ حكومەت قورسە».

هاوكات پێشیوابوو ئەگەر رێكکەوتنی «ژێر بەژێر» لەگەڵ كازمی و سەدرییەكان كرابێت بڕێك پارە بۆ هەرێم رەوانە بكەن ئیتر بەمەقاسەیە یان هەر شێوازێكی دیكە.

حكومەتی عێراق لەسەردەمی حكومەتەكەی عەبادی سكاڵای لەدادگای پاریس لەسەر توركیا تۆمار كرد لەبارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوەو داوای قەرەبووی (26) ملیار دۆلاری كردووە.

«یاسای بودجە لەژێر فشاری ئەردۆغان و پارتی و كازمی و سەدرییەكان دەركرا كە پشكی هەرێم بەو شێوەیە بێت، چونكە ئەردۆغان هەڕەشەی گرتنەوەی ئاوی لەعێراق كردبوو ئەوەش وایكرد ئیعتراف بەفرۆشتنی نەوتی هەرێم بكرێت و سكاڵاكەی بەغدا لەئەنقەرە سڕبكرێت و كۆتایی پێبێت»، ئەحمەد حاجی رەشید وا دەڵێت

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار