180 كەس لەهەرێم هاتوونەتە سەر ئاینی ئیسلام
4 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای فتوای هەرێم ئەوە ئاشكرا دەكات لەماوەی دوو ساڵدا ئەو بیانیانەی لەسەر دینی دیكە بوون و هاتوونەتە هەرێمی كوردستان (180) كەسیان هاتوونەتە سەر ئاینی ئیسلام و بوونەتە موسوڵمان.
ترێ ناوە تازەكەی كچێكی نیپاڵییە لەماڵێكی شاری سلێمانیدا ماوەی زیاتر لەچەند ساڵێكە كاری پاكکردنەوە دەكات، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» پێشتر هیچ دینێكم نەبوو كە هاتمە ئەم ماڵە بینیم و لەگەڵمدا زۆر باش مامەڵەیان كردووە بەو شێوەیە خۆم حەزم كرد ببمە موسوڵمان و خاوەنەكەی یارمەتیدام».
ترێ لەبارەی ناوەكەیەوە وتی:» لەدوای ئەوەی بوومە موسوڵمان خانمی ئەم ماڵە حەزی كرد ناوەكەشم بكاتە ناوێكی كوردی و خۆشم زۆرم حەز لێیەتی».
ترێ ئێستا شەوان دوو كاتژمێر قسە لەگەڵ دوو منداڵ و هاوسەرەكەی دەكات و هەوڵدەدات هاوسەرەكەی بكاتە موسوڵمان و وتی:» هاوسەرەكەم زۆر حەزی لێیە ببێتە موسوڵمان، بۆیە بەردەوام شەوانە دوای تەواو بوونی كارەكانم قسەی لەگەڵ دەكەم و لەوكاتەوە هەموو باسەكەمان بووەتە باسی دینی ئیسلام».
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای فتوای هەرێم ئەوە ئاشكرا دەكات كە لەماوەی دوو ساڵدا (180) كەس هاتوونەتە سەر ئاینی ئیسلام و موسوڵمانبوونی خۆیان راگەیاندووە.
حەسەن موفتی، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای فتوای هەرێم، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» لەماوەی دوو ساڵدا ئەو كەسانەی كە سەردانی یەكێتی زانایان و ئەنجومەنی باڵای فتوایان كردووەو موسوڵمانبوونی خۆیان راگەیاندووە دەگاتە (180) كەس».
ئەوەشی روونكردەوە بەشێكی زۆری ئەو كەسانەی موسوڵمان بوون، ئێزیدی و مەسیحی ناو عێراق و هەرێمی كوردستان بوون و بەشێكیشیان خەڵكی وڵاتانی ئەوروپان وەك نەرویج و دانیمارك و بەریتانیاو ئەڵمانیاو سویدو زۆر وڵاتی دیكە.
هاوكات ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد ساڵانە خەڵكانێكی زۆر دەبنە موسوڵمان بە خواست و ئارەزووی خۆیان كە زۆربەیان بە هۆكاری هاوسەرگیری دەبنە موسوڵمان
محەمەد، تەمەن (35) ساڵ، ئێزیدی بووەو ماوەی زیاتر لەساڵێكە لەڕێگەی هاوڕێیەكیەوە بووەتە موسوڵمان و وتی:» هیچ لەسەر دینەكەی پێشترم ناڵێم، چونكە شوێنكەوتەی كەسوكارم بووم و ئەوان بۆیان هەڵبژاردووم، بەڵام بوونم بەموسوڵمان هەڵبژاردەی خۆمەو لەدوای تێگەیشتن لەئاینەكە بڕیارم داوەو ئێستا زۆر دڵخۆشترم».