«لەم رۆژانەدا نێچیرڤان بارزانی بەقازانجی سزادراوانی بادینان بڕیار دەدات»
داوا لەسەرۆكی هەرێم دەكرێت لێبووردنی تایبەت بۆ سزادراوانی بادینان دەربكات
4 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
لەدوای پەسەندكردنی بڕیاری زیندانیانی بادینان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە، كاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێكەوتەوە، بەشێوەیەك لەلایەن وڵاتانی جیهانییەوە داوا لەسەرۆكی هەرێم دەكرێت لێخۆشبوون بۆ سزادراوان دەربكات.
دادگای پێداچوونەوەو ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەكی لەبارەی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان بڵاوكردەوەو رایدەگەیەنێت:»بڕیاردان لەسەر ئەو دۆسیەیە بەپشت بەستن بەزانیاری و بەڵگەو دیكۆمێنتی دروست و بەوپەڕی پیشەیی و یاساییانە و سەربەخۆییانە و بێلایەنانە مامەڵەیان كردووە».
لەڕوونكردنەوەكەیاندا ئەوە دەخەنەڕوو» ئەو بڕیارە هێشتا پلەی كۆتایی وەرنەگرتووەو قۆناغی دیكەی تانەلێدانی ماوە كەئەویش قۆناغی داواكردنی راستكردنەوەی بڕیاری پێداچوونەوەیە».
پەسەندكردنی سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ پێنج رۆژنامەنووسی بادینان، كاردانەوەی وڵاتانی ئەمریكاو ئەڵمانیاو فەرەنساو كەنەداو چەندین رێكخراوی داکۆكیكردن لەئازادی رادەربڕینی لێكەوتەوەو داوا لەسەرۆكی هەرێم دەكەن دەسەڵاتی خۆی بەكاربهێنێت تا لێبووردنیان بۆ دەربكات.
هاوكات لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی رایگەیاند:» داوا دهكهم بهڕێز سهرۆكی ههرێمی كوردستان دهسهڵاتی خۆی بهكاربێنێ: دادگا لهدهستتێوهردانی سیاسی بپارێزێ، سزای ناڕهوای سهر گهنجه دهستگیركراوهكانی بادینان لابهرێ و ئهو دهستدرێژییهی كراوهته سهر نێرده دیپلۆماسییهكان، بهرپهرچبداتهوه.».
فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان و عێراق کەداوا دەكەن ئازاد بكرێن و ئەو پەسەندكردنە بە»نایاسایی» ناودەبەن، تەنها مەكتەبی سیاسی پارتی و فراكسیۆنەكەی پەرلەمانیان و حكومەتی هەرێم لە بەیاننامەكانیاندا دەڵێن» بەیاسایی مامەڵە كراوەو دادگا سەربەخۆ بووە».
ئەنوەر بازگر: لەم رۆژانەدا نێچیرڤان بارزانی بەقازانجی سزادراوانی بادینان بڕیار دەدات
ئەندامێكی ئەنجومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان كە لەمانگی رابردوودا سەندیكای رۆژنامەنووسان لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمدا كۆبوونەوەو تێیدا داوای ئازادكردنی ئەو پێنج رۆژنامەنووسەی بادینانیان كردبوو، دەڵێت:» لەم رۆژانەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەقازانجی سزادراوانی بادینان بڕیار دەدات، بەڵام بەبێ دانوسان و گفتوگۆ لەگەڵ مەسرور بارزانی نابێت».
ئەنوەر بازگر، ئەندامی ئەنجومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان یەكێك بوو لەوانەی لەو سەردانەدا بەشداربوو، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» داوام لەسەرۆكی حكومەتی هەرێم كرد كەئەو رۆژنامەنووسانە ئازاد بكرێن، بەڵام مەسرور بارزانی وتی (دادگا بڕیار دەدات، چ بڕیارێك بدات ئێمە رێزی لێدەگرین».
بازگر باسی لەوەشكرد كەسەرۆكی حكومەت وتوویەتی ئەوانە بە كەیسی دیكە دەستگیركراون نەك كاری رۆژنامەنووسی.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ئەوەی دووپاتكردەوە كە كاردانەوەكان كاریگەرییان دەبێت كەزۆربەی لایەنەكان و بەتایبەت یەكێتی داوای ئازادكردنیان دەكەن،»رۆڵی نێچیرڤان بارزانی گرنگە كە لەچەند رۆژی داهاتوودا رەنگە بڕیاری خۆی بدات كە لەقازانجی دەستگیركراوان بێت».
ئەنوەر بازگر، جەختی لەوەشكردەوە كە نێچیرڤان بارزانی پێی باشە بەقازانجی پرۆسەی دیموكراسی بێت، هەم ئەو داواكارییانەی هەیە كەئەو كۆتا بڕیار بدات كە مروونەت بنوێنێت، وتیشی:» ئەم بڕیارە بەبێ گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆكی حكومەت ئاسان نابێت بۆ سەرۆكی هەرێم، ئەوان لەتاووتوێی ئەوەدان كە ئەم كەیسە كۆتایی پێبێت جیاوازترە لەهەموو كەیسەكانی دیكە».
« هێشتنەوەی رۆژنامەنووسانی بادینان لەزینداندا كاریگەری سلبی لەسەر كۆی پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی دروست دەكات، بۆیە ناكرێت ئەم دۆسیەیە بەم شێوەیە بمێنێتەوە».
هاوكات ئەوەشی روونكردەوە لە رابردوودا خەڵك هەبووە تلیاك كێش بووەو یا بازرگانی موخەدەرات بووە، یان «جاسوس» و پیاوكوژ بووە بەر لێبوردنی گشتی كەوتووە، « حەقە ئەم كەیسە كۆتایی پێبهێندرێت خزمەتی پرۆسەی دیموكراسی دەكات لەهەرێمی كوردستاندا».
ئەنوەر بازگر جەختی لەوەشكردەوە كەچۆن كەیسی تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان لەسەر حزبەكان كەوتووە، بەهەمان شێوە كەیسی سزادانی رۆژنامەنووسانی بادینان لەسەر»پارتی و حكومەتی هەرێم كەوتووە».
رێكخەری سەنتەری میترۆ: نێچیرڤان بارزانی دەسەڵاتی هەیە لێبوردنی تایبەتیان بۆ دەربكات
رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» بەدڵنیایەوە نێچیرڤان بارزانی دەسەڵاتی ئەوەی هەیە لێبوردنی تایبەتیان بۆ دەربكات».
رێكخەری سەنتەری میترۆ، وتیشی:»داخوازی سەنتەری میترۆش ئەوەیە بڕیارەكە دووبارە تانەیەكی دیكەی لێبدرێتەوە یان سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتەكانی خۆی جێبەجێبكات و لێخۆشبوونێكی تایبەتیان بۆ دەربكات».
چالاكوانێكی مەدەنی: بڕیارەكەی دادگا بەبێ تێگەیشتنە لەپەیوەندییە ستراتیجیەكان
نیاز عەبدوڵڵا، چالاكوانی مەدەنی، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» هەرێمی كوردستان لەڕێگەی بڕیارەكەی دادگاوە، بەتۆمەتباركردنی ئەو وڵاتانە، بەبێ تێگەیشتن لەپەیوەندیە ستراتیجیەكان بڕیاریداوەو ئامانجی پشتی ئەم بڕیارانە بۆ ترساندنی ناوخۆیی و ترساندنی وڵاتانی جیهانە كەدەیانەوێت هاوكاری خەڵكی ئازادیخواز بكەن».
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كەبڕیارەكەی دادگا مەترسیدارەو «شەرمەزاریشە بۆ حكومەت و دادگا»، چونكە دەزانرێت «بڕیارەكە لەدەستتێوەردانی خودی مەسرور بارزانی و دەزگای ئاسایش بووە»، بۆیە ئەوە پێمان دەڵێت ئەم حكومەتە دەیەوێت هەموو هاوكاری وڵاتان وەربگرێت بێ ئەوەی هیچ جۆرێك لەئاستی قبوڵكردنی هەبێت بۆ دیموكراسییەت.
ئەو چالاكوانە كە لەدانیشتنەكانی دادگای تایبەت بەدادگایی كردنی ئەو رۆژنامەنووسانە ئامادەبووە، دەشڵێت:» بەپێی تۆمەتەكانی دادگا بێت من گەورەترین تاوانبارم، چونكە زۆر بەرپرسی وڵاتانم بینیوەو گفتوگۆمان كردووە، لەوانە پارتی كرێكارانیش، بۆیە ناكرێت ئەوانە بكرێتە تاوان».
ئەم چالاكوانە ئەوەشی خستەڕوو و وتی:»پێویستە ئەو وڵاتانەی حكومەتی هەرێم تۆمەتی داونەتە پاڵ، چیتر ڤیزا نەدەنە ئەو بەرپرس و دەسەڵاتدارو تاوانبارانەی كەدەستیان هەبووە لەئەشكەنجەدان و هەڕەشەكردن لە رۆژنامەنووسان و چالاكوان و ئەوانەش كە ناسنامەیان هەیە لێیان بسەننەوە».
نوێنەری زیندانیانی بادینان: دەمانەوێت بڕیارەكە بچێتە دەستەی گشتی بۆ دووبارە پێداچوونەوە
ئەیهان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادینان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»بۆ هەموو لایەن دەركەوت كە بڕیارەكە ناعەدالەتیە و عەیبەیەكی دیبلۆماسییە».
هەروەها باسی لەوەشكرد لەگەڵ هەردوو وڵاتی ناوبراو (ئەمریكا، ئەڵمانیا) پەیامیان بۆناردوون و ئاگاداریان كردوونەتەوە، لەسەر خەتن لەگەڵ رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی جیهانی و هەموو وڵاتان لەهەوڵدان بۆ پشتگیری پەیداكردن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
نوێنەری زیندانیانی بادینان جەختی لەوەشكردەوە « پێویستە پارتی بە رق و كینە لەپەیامی لایەنەكانی دیكە تێنەگات».
هاوسەری شێروان شێروانی: ئەو زوڵمە زۆر گەورەیە شەش ساڵ تەمەنی كەسانێك بەناهەق لەزینداندا بڕوات
هاوسەری شێروان شێروانی رۆژنامەنووس دەڵێت:» ئەو زوڵمە زۆر گەورەیە شەش ساڵ تەمەنی كەسانێك بەناهەق لەزینداندا بڕوات».
رووگەش جەباری، هاوسەری رۆژنامەنووس شێروان شێروانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» داوام ئەوەیە دووبارە پێداچوونەوە بەبڕیارەكەدا بكرێتەوەو بەعەدالەتانە بڕیار بدرێت، ئەو زوڵمە زۆر گەورەیە شەش ساڵ تەمەنی كەسانێك بەناهەق لەزینداندا بڕوات».
هاوسەری شێروان شێروانی ئەوەشی دووپاتكردەوە كەئەوەی ئەوان باسی دەكەن لەسەر شێروان هیچ راست نیەو هیچ بڕە پارەیەكی وەرنەگرتووەو تەنیا بۆ تۆڵەكردنەوە ئەوە دەكرێت بەرامبەریان.