سەد دۆلار 150 هەزار دیناری تێپەڕاند
4 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
ئەمڕۆ لە بازاڕەكاندا نرخی دیناری عێراقی دابەزینی زیاتری بەخۆیەوە بینی، خاوەنی نوسینگەیەك ئاماژە بەوە دەدات عێراق بڕی كەمتر دۆلار دەخاتە بازاڕەوە بۆیە نرخەكە زیاتر دادەبەزێت و نرخی دۆلار بەرز دەبێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە هەر 100 دۆلارێکی ئەمریکی بەرامبەر بە 150 هەزار و 250 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەحمەد مستەفا، خاوەنی نوسنگەی پەیامی ڕاستی لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت"بەپێی دابەشكردنی بەغدایە، كە هەندێك رۆژ كەمتر دۆلار دەخاتە بازاڕەوە و بەپێی داواكاری بازاڕ دۆلار ناخاتە بازاڕەكەوە بۆیە ئەو دابەزینە لە نرخی دیناردا ڕودەدات".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەمڕۆ بەغدا دۆلاری نەكردۆتە بازاڕەوە، بۆیە نرخەكان جێگیر نیە و بەرز دەبێتەوە، ووتيشی" نرخەكان نازانرێت جێگیر دەبن یان نا، ئەوە عتەنیا بەغدا دەزانێت و لەدەسەڵاتی ئەودایە نرخی دینار جێگیر بكات یاخود دابەزێتەوە".
ئەحمەد مستەفا، وتیشی" لەئێستادا بازاڕ شڵەژانێكی زۆری پێوە دیارە و ئەو خەڵكەی كاری ئاڵوگۆڕی دراوە و خەڵكەكە ئاساییەكەش كەوتونە شڵەژانەوە نازانن چی بكەن و دۆخەكە چۆن دەبێت بۆ ڕۆژانی داهاتوو ".
دوای ئەوەی بانكی ناوەندیی عێراقی نرخی فرۆشتنی 100 دۆلاری بە 146 هەزار دینار دیاریكرد نرخی دۆلار لە بازاڕەكاندا رۆژانە بەرز دەبێتەوە و پێشبینیش دەکرێت زیاتر لەوەی هەیە بەرزترببێتەوە.
نرخی دراوەکان بەپێی نوسنگەی پەیامی ڕاستی لە سلێمانی بۆ ئەمڕۆ چوارشەممە 09-06-2021 بەمشێوەیەیە:
100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر 150 هەزار 300 دینارە
100 یۆرۆ بە 183 هەزار و 366 دینارە
100 پاوەند بە 212 هەزار و 675 دینارە
100 لیرەی توركی بە 17 هەزار و 675 دینار
100 هەزار تمەن بە 6 هەزار و 448 دینارە