نێچیرڤان بارزانى: هه‌موو ئاسانکارییه‌ک بۆ سه‌رمایه‌گوزاریى ئیماراتى ئه‌نجام ده‌ده‌ین

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان و جێنشینى ئه‌بوزه‌بى کۆبوونه‌وه‌و تێیدا پرسى وه‌به‌رهێنان گفتوگۆى له‌سه‌ر کراو نێچیرڤان بارزانى ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ زه‌مینه‌سازى هه‌یه‌و ئاماده‌ن هه‌موو کارئاسانییه‌ک بۆ سه‌رمایه‌گوزارى ئیماراتى ئه‌نجام بده‌ن.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان و جێنشینى ئه‌بو زه‌بى کۆبوونه‌وه‌، به‌پێى راگه‌یه‌ندراوى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى کوردستان تێیدا پرسى ئه‌منى و تیرۆرو پرسى ئابوورى گفتوگۆى له‌سه‌ر کراوه‌.


ده‌قى راگه‌یه‌ندراوى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم:

به‌ڕێز شێخ محه‌مه‌د بن زاید ئال نهیان، جێنشینى ئه‌بو زه‌بى و جێگرى فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه‌ چه‌کداره‌کانى ئیمارات، له‌ کۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان، به‌رده‌وامیى پشتگیریى وڵاته‌که‌ى بۆ هه‌رێمى کوردستان و عیراق و خواستى بره‌ودانى به‌ په‌یوه‌ندییه‌کان و فراونکردنى بواره‌کانى هاوبه‌شى و هاریکارى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان، دووپات کرده‌وه‌.
له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا که‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2012/6/12 به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێز باڵیۆزى عیراق له‌ ئه‌بو زه‌بى به‌ڕێوه‌ چوو، هه‌ردوولا په‌یوه‌ندییه‌کانى ئیمارات له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى کوردستان، پرۆسه‌ى سیاسى و هه‌ڵبژاردنه‌کانى داهاتووى عیراق، هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌کانى تیرۆر و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش، دۆخى ناوچه‌که‌ به‌گشتى، گرنگیى هاریکارى و هه‌ماهه‌نگیى هه‌مه‌لایه‌نه‌ بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیرى له‌ ناوچه‌که‌ و چه‌ند پرسێکى جێى بایه‌خى هاوبه‌شیان تاوتوێ کرد.
سه‌رۆک نیچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى له‌ ئیمارات کرد بۆ هه‌ڵبژاردن و به‌ئه‌ندامبوونى له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ماوه‌ى 2022 ـ 2023 که‌ به‌ڵگه‌ى متمانه‌ى جیهانه‌ به‌ سیاسه‌ت و پێگه‌ و ڕۆڵى گرنگى ئیمارات، هه‌روه‌ها ئاستى به‌رزى دیپلۆماسى و په‌یوه‌ندییه‌کان و کاریگه‌ریى ئیمارات له‌ڕووى هاریکارى و په‌ره‌پێدان له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى، نیشان ده‌دات.
به‌ڕێز سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان سوپاسى ئیمارتى کرد بۆ یارمه‌تییه‌ مرۆیییه‌کانى، به‌تایبه‌تیش دوایین یارمه‌تییان به‌ ناوى ده‌ستپێشخه‌ریى خاتوو شێخه‌ فاتیمه‌ بنت موباره‌ک که‌ تیایدا هه‌زاران دۆزى ڤاکسینى دژه‌کۆرۆناى پێشکه‌ش به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى کوردستان کرد، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینى بۆ ڕۆڵى مانگى سوورى ئیماراتى و به‌ڕێز کونسولى گشتیى ئیمارات له‌ هه‌رێمى کوردستان ده‌ربڕى.
سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان به‌ زه‌مینه‌ى له‌بارى بۆ وه‌به‌رهێنان، ئاماده‌یه‌ هه‌موو ئاسانکارییه‌ک پێشکه‌ش به‌ وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزاریى ئیماراتى له‌ هه‌موو که‌رت و بواره‌کاندا بکات و پێشوازى له‌ کۆمپانیا ئیماراتییه‌کان و کاره‌ و پرۆژه‌کانیان ده‌کات.
له‌باره‌ى دۆخى ناوچه‌که‌وه‌، هه‌ردوولا هاوڕا بوون که‌ هاوبه‌شى هاریکاریى وڵاتانى ناوچه‌که‌ بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیرى و نه‌هێشتنى مه‌ترسییه‌کانى تیرۆر و توندڕه‌وى و بره‌ودان به‌ بواره‌کانى په‌ره‌پێدان له‌ هه‌موو که‌رته‌کاندن پێویسته‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش‌ ئاماده‌یى و ڕۆڵى عێراق و هه‌رێمى کوردستان و ئیماراتیان له‌گه‌ل وڵاتانى ناوچه‌که‌ به‌ گرنگ زانى.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار