مەسرور بارزانی باسی رێگری لە سپیکردنەوەی پارە دەکات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "رێکخستنەوەی سیستەمی بانکی، دەکرێ ببێتە بنەمایەکی گرنک و بەهێز بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و پەرەپێدانی پرۆسەی وەبەرهێنان و بەدەستهێنانی متمانەی بانک و دامودەزگا داراییە نێودەوڵەتییەکان".
ئەمڕۆ شەممە 19 ی حوزەیرانی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە مستەفا غالب موخیف پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق کرد.
بەپێی راگەیاندراوەکە لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی هەماهەنگیی و هاوکاری لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرا لە بواری رێکخستنەوەی کەرتی بانکی و رێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە و خراپ بەکارهێنانی پارە بۆ کاری نایاسایی و پشتیوانیکردنی تیرۆر.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕی بۆ هەر هاوکاریی و هەماهەنگییەک لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق و رایگەیاند: "رێکخستنەوەی سیستەمی بانکی، دەکرێ ببێتە بنەمایەکی گرنک و بەهێز بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و پەرەپێدانی پرۆسەی وەبەرهێنان و بەدەستهێنانی متمانەی بانک و دامودەزگا داراییە نێودەوڵەتییەکان".
پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مامەڵە لەگەڵ لقی هەرێمی کوردستانی بانکی ناوەندی عێراق دەکات کە بنکەکەی لە هەولێرە.
پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق، جەختی لەوە کردەوە کە بانکی ناوەندی، مامەڵە لەگەڵ لقی هەرێمی کوردستانی بانکی ناوەندی عێراق دەکات کە بنکەکەی لە هەولێرە ، وەک لایەنی فەرمی پەیوەندیدار و تایبەت بە سەرپەرشتیکردنی کاروباری بانکیی لە هەرێمی کوردستان.
