مەسرور بارزانى بۆ رهئیسى؛ ئامادەی کاری پێکەوەین بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکەمان

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا پیرۆزبایی لە ئیبراهیم رەئیسی دەکات بەبۆنەی بوونە سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران.
دوێنێ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان راگەیێندرا و ئیبراهیم رەئیسی، بەربژێری نەریتخوازەکان زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
مەسرور بارزانی لە تویتێکدا وێڕای پیرۆزبایی رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی کاری پێکەوەییە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ماوەدرێژەکەمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش، رێز و بەرەو پێشبردنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە.
بەپێی ئەو ئامارانەی عەبدولڕەزا رەحمانی فەزڵی، وەزیری ناوخۆی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی بڵاوکردەوە، لە کۆی 59 ملیۆن و 310 هەزار و 307 دەنگدەر، 28 ملیۆن و 933 هەزار و چوار کەس دەنگیان داوە. رێژەی بەشداریکردن 48.8٪.
بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران، ئیبراهیم رەئیسی 17 ملیۆن و 926 هەزار و 345 دەنگی بەدەستهێناوە، دوای ئەو موحسین رەزایی، بەربژێریكی دیکەی نەریتخواز بە 3 ملیۆن و 412 هەزار و 712 دەنگ بووە دووەم لە هەڵبژاردنەکان.
عەبدولناسر هیممەتی، سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندی ئێران و تاکە بەربژێری ریفۆرمخوازەکان پلەی سێیەمی بەدەستهێنا و 2 ملیۆن و 427 هەزار و 201 دەنگی پێدرا. دوای ئەویش قازی زادە دێت کە 999 هەزار و 718 دەنگی بەدەستهێناوە.
بەکۆی گشتی 3 ملیۆن و 726 هەزار و 870 دەنگی پووچەڵ خراوەتە سندووقەکانی دەنگدان.
