ئەمریکا: بڕیار لەسەر لادانی گەماڕۆکانی سەر ئێران نەکراوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزارتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو پرسانەی ناکۆکییان لەسەرە و گەمارۆکان و رێککەوتنی ئەتۆمی نەدراوە.
وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە راگەیاندنەکانی وتووە، تاوەکو کاتێک هەموو پرسەکان چارەسەر نەکرێن، رێککەوتن ناکرێت.
مەحمود واعزی، سەرۆکی نوسینگەی سەرۆککۆماری ئێران رۆژی چوارشەممە لەبارەی دانوستاندنەکانی ڤییەننا سەبارەت بە لادانی گەمارۆکان و زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی وتی: "گەمارۆکانی سەر نوسینگەی رێبەری ئێران، کەرتی نەوت و گواستنەوەی دەریایی ئێران نامێنن".
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری وتەبێژیکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کە نەیویستووە ناوی بڵاو بکرێتەوە، وتویەتی: "رەشنووسەکان بۆ رێککەوتن ئامادەکراون، بەڵام ئەمە بە مانای رێککەوتن نییە".
ئەو وتەبێژە دەڵێت: "لە دانوستاندنێکی ئاڵۆزی لەمجۆرەدا، دانوستاندنکارەکان هەوڵدەدەن لە هەندێ رەشنووسدا پرسە سەرەکییەکان بێننە گۆڕێ و باسیان بکەن، بەڵام تاوەکو کاتێک کە رێککەوتن لەسەر هەموو بابەتەکان نەکرێت، لەسەر هیچیان رێککەوتن نەکراوە".
ئێران و وڵاتانی ئەندام لە رێککەوتنی ئەتۆمی شەش خولی دانوستاندنیان لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا، بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی بەڕێوەبردووە، ئەمریکاش بەشێوەی ناڕاستەوخۆ لە دانوستاندنەکاندا بەشدارە.
حکومەتی باراک ئوباما ساڵی 2015 لەگەڵ حکومەتی حەسەن رووحانی رێککەوتنیان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کرد. 3 ساڵ دواتر حکومەتی دۆناڵد ترەمپ، لە رێککەوتنەکە کشایەوە. حکومەتی حەسەن رووحانی لە ئێران نزیکەی 40 رۆژی دیکە لە دەسەڵاتدا دەبێت.
