هەرێم؛ کۆتایی ئەم مانگە پرسی مووچە یەکلادەکاتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدوای پشووی جەژنی قوربان پێش كاتی دابەشكردنی،  بڕیار لەسەر كۆتایهێنان یان هێشتنەوەی لێبڕینی لەسەدا 21%ی مووچەی فەرمانبەران دەدات، سەرەڕای ئەوەی بەفەرمی مانگانە (200) ملیار دینار لەبەغداوە دەگاتە هەولێر.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:» بڕی (200) ملیار دینار لەبانكی ناوەندیی عێراق لقی هەولێر خرایەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی.

رۆژی یەكشەممە 11ی تەمموز، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد كە لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، یەكەمین بڕە پارە لەلایەن حكومەتی فیدراڵی عێراق كەبڕی (200) ملیار دینارە، خرایەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێم لەبانكی ناوەندیی عێراق لقی هەولێر.

هەروەها جووتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەوبارەیەوە رایگەیاند:» بڕیاردراوە مانگانە (200) ملیار دینارمان بۆ بنێرن بۆ شەش مانگی رابردووش، هیواخوازین ئەو بڕە پارەیە بەزووترین كات بگاتە هەرێمی كوردستان.»

پاش سێ رۆژ لەگەیشتنی (200) ملیار دینارەكەی بەغدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ بڕیارێكی لەسەر كۆتایهێنان یا هێشتنەوەی لێبڕینی لەسەدا 21%ی مووچەی فەرمانبەران نەداوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەحكومەتی هەرێم ئەوەی بۆ هاوڵاتى دووپاتكردەوە كەحكومەتی هەرێم تاووتوێی داهاتی بەردەستی دەكات» ئەوەی لەنەوت دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی لەگەڵ داهاتەكانی ناوخۆو زائیدەن (200) ملیار دینارەكەی بەغدا، ئەگەر گەیشتە (895) ملیار دینار كەخەرجی مانگانەی موچەی فەرمانبەرانە ئەوە بەدڵنیایی لێبڕینی مووچە كۆتایی پێدێت».

هەروەها ئەوەشی دووپاتكردەوە كە سەرەڕای ئەوەی حكومەتی هەرێم پابەندە بەیاسای بودجەی 2021ی عێراق و تائێستا (17) جار وەفدی هەرێم سەردانی بەغدای كردووە، بەڵام گفتوگۆ لەسەر وردەكاری میكانیزمی جێبەجێكردنی ماددەی (11) بەردەوامە كەتایبەتە بەپشك و شایستە داراییەكانی هەرێم.

هاوكات وتیشی:»چاوەڕوان دەكەین بەغدا مانگانە (200) ملیار دینار بۆ حكومەتی هەرێم رەوانە بكات، ئەوكات ئەگەر مانگانە ئەو بڕە یان زیاتر بگاتە دەست حكومەت لێبڕینی مووچە كۆتایی دێت، بەڵام ئەگەر ئەو بڕە كەم بكات یان تەنها بۆ یەك مانگ بێت گرفت دروستدەكات و حكومەت لەتوانایدا نابێت لێبڕینی مووچە نەهێڵێت».

سەرچاوەكەی حكومەتی هەرێم جەختی لەوەشكردەوە كەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڕیارە لەمانگی 10ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، پێویستە لایەنەكانی پێكهێنەری حكومەت ئەوەیان لەبەرچاو بێت.

لەلایەكی دیكەوە بەرپرسێكی ئاگادار لەحكومەتی هەرێم ئەوەی بۆ هاوڵاتى ئاشكراكرد كەئەمڕۆ چوارشەممە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامنادرێت و چاوەڕوان دەكرێت پاش پشووی جەژن گفتوگۆ لەسەر پرسی مووچە بكرێت.

ئەندامێكی فراكسیۆنی هاوپەیمانی هیوا دەڵێت:» هەر بڕە پارەیەك كەحكومەتی عێراق راستەوخۆ بۆ حكومەتی هەرێمی بنێرێت تەنها دەبێت بۆ مووچە خەرج بكرێت».

سەركەوت شەمسەدین، ئەندامی فراكسیۆنی هاوپەیمانی هیوا لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى​​​​​​​ وت:» بەپێی یاسای بودجە هەر بڕە پارەیەك حكومەتی عێراق راستەوخۆ بۆ حكومەتی هەرێمی بنێرێت تەنها دەبێت بۆ مووچە خەرج بكرێت، چونكە ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ چارەسەركردنی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانە».

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد، كە بەدواداچوون دەكەن لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق كەبزانن ناردنی ئەو (200) ملیار دینارە تەنها بۆ یەك مانگە یان تاكۆتایی ساڵ بەردەوام دەبێت، وتیشی:» ئەگەر تەنها بۆ یەك جار بێت ئەوا حكومەتی هەرێم بۆ یەك مانگ لێبڕین نەهێڵێت و دواتر بچێتەوە سەر ئەوە هیچ سوودی نابێت، بەڵام بزانین بەردەوام دەبێت ئەگەر موچەی تەواو نەدرێت سكاڵا لەسەر سەرۆكی حكومەتی هەرێم تۆمار دەكەین».

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار