حکومه‌ته‌که‌ى کازمى دڵنیایى ده‌دات؛ هه‌ڵبژاردن له‌ واده‌ى خۆى به‌رێوه‌ ده‌چێت

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

راوێژکارى سه‌رۆکى حکومه‌تى عێراق بۆ کاروبارى هه‌ڵبژاردن دڵنیایى ده‌دات که‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان له‌ واده‌ى دیاریکراوى خۆیدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌وه‌ش دواى کشانه‌وه‌ى موقته‌دا سه‌در، رابه‌رى ره‌وتى سه‌در له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 15ى ته‌موزى 2021، حسێن هینداوى راوێژکارى مسته‌فا کازمى سه‌رۆکى حکومه‌تى عێراق رایگه‌یاند:"کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌کان جه‌ختى کردۆته‌وه‌ که‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مان له‌ واده‌ى دیاریکراوى خۆیدا که‌ رۆژى 10ى تشرینى یه‌که‌مى ئه‌مساڵه‌، به‌ڕێوه‌ده‌چێت".

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:" بایکۆتکردن یاخود کشانه‌وه‌ له‌ پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن کارناکاته‌ سه‌ر واده‌ى به‌ڕێوه‌چونى هه‌ڵبژاردنه‌که‌".

ئه‌مڕۆ موقته‌دا سه‌در، رابه‌رى ره‌وتى سه‌در کشانه‌وه‌ى خۆى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان راگه‌یاندو بڕیاریشدا ده‌ست له‌ حکومه‌تى ئێستاو حکومه‌تى داهاتوى عێراق هه‌ڵبگرێت.

دوابه‌دواى ئه‌وه‌ش، حه‌سه‌ن که‌عبی، جێگرى یه‌که‌مى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق و هه‌روه‌ها چه‌ند کاندیدێکى سه‌ربه‌ ره‌وتى سه‌در، کشانه‌وه‌ى خۆیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ راگه‌یاند.
هه‌روه‌ها ئه‌میندارى گشتى حکومه‌تى عێراقیش وه‌ک یه‌که‌م به‌رپرسى حکومه‌ته‌که‌ى کازمى ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ى پێشکه‌ش به‌ مسته‌فا کازمى کرد.


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار