ئەمنێستی: ئێران"هێزی تووند و رێگەپێنەدراو" بەرامبەر خۆپێشاندەران بەکاردەهێنێت

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
رێکخراوەکانی تایبەت بە پاراستنی مافی مرۆڤ رایگهیاند :" دەسەڵاتدارانی ئێران "هێزی تووند و رێگەپێنەدراو" بەرامبەر خۆپێشاندەرانی پارێزگای خوزستان بەکاردەهێنن.
ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند:" هێزە ئەمنییەکانی ئێران "هێزی رێگەپێنەدراو" بەکاردەهێنن، لەوانەش "گوللە و ساچمە بە مەبەستی کپکردنی خۆپێشاندانە ئاشتیانەکان".
ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ دەڵێت، هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە مەبەستی دامرکاندنی خۆپێشاندانەکان تەقە دەکەن و ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو ئێستا لانیکەم 8 کەس لە خوزستان کوژراون.
لەلایەن خۆیەوە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، وادیارە دەسەڵاتدارانی ئێران "هێزی زۆریان دژی خۆپێشاندەران" بەکارهێناوە و دەبێت حکومەتیش لێکۆڵینەوە بکات و ژمارەی کوژراوان رابگەیێنێت.
تارا سیپهری فەر، لێکۆڵەری تایبەت بە ئێران لە هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، "دەسەڵاتدارانی ئێران مێژوویەکی نیگەرانکەریان لە وەڵامدانەوەی خۆپێشاندەران بە گوللە هەیە، ئەوە لەکاتێکدایە ئەو خۆپێشاندەرانە لە خراپی باری ئابووری و ژیان تووڕەن".
هیومان رایتس وۆچ دەنووسێت، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرپرسانی ئێران خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتیان لە ناوچەکە وەستاندووە و دەشڵێت، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا بەرپرسانی ئێران زۆرجار وایانکردووە زانیاریی لەبارەی خۆپێشاندانەکان بڵاونەبێتەوە.
ئەم راگەیێندراوەی ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ لەکاتێکدایە، بەرپرسانی ئێران و میدیای ئەو وڵاتە دەڵێن، تاوەکو ئێستا 3 کەس کوژراون و یەکێک لەوانیش پۆلیس بووە.
خوزستان پارێزگایەکی زۆرینە عەرەب نشینە. بە شادەماری ئابووریی ئێران دادەنرێت و ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە نەوت و سامانی سرووشتی، بەڵام لە ئاداری رابردووەوە رووبەڕووی شەپۆلێکی وشکەساڵی بووەتەوە. ئەوان دەڵێن هۆکاری وشکبوونی رووبار و دەریاچەکانی پارێزگاکە پلانی حکومەتە و نزیکەی هەفتەیەکە لەسەر شەقامەکانن.
