ئیدارەی خۆسەر وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی سوریا دەداتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری رایگەیاند، بانگەشەکانی وەزارەتی دەرەوەی سوریا سەبارەت بەبونی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کەدەبێتەهۆی لاوازبونی سوریا و دابەشبونی گەلەکەی وەک هەڵوێستی بێ بنەما.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، جارێکی دیکە وەزارەتی دەرەوەی سوریا لەرێگەی دەربڕینی هەڵوێستی دور لەخوێندنەوەی دۆخی ئێستا ئیدارەی خۆسەری بەئامانج گرتوە و بەستویەتییەوە بە پرسێکەوە کەهیچ بنەمایەکی نیە، وەک بۆچونیان کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەبێتەهۆی لاوازکردنی سوریا، ئەوەش بەشێکە لەسیاسەتەکانی کە سڕینەوەی ئەوانی دیکە و دەوڵەتێکی ناوەندی و کەسی سەرچاوەکەیەتی و دۆخی ئێستای وڵاتیش بەرئەنجامی ئەو جۆرە عەقڵیەت و بیرکردنەوەیەیە.
ئەوەش هاتوە، ئیدارەی خۆسەری پڕۆژەیەکی نیشتیمانی سوریایە و پێداگرە لەسەر پاراستنی یەکێتی خاکی سوریا و بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، هەروەها کاردەکات بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی و هیچ پلان و پرۆژەیەکی لەسەر حسابی گەلی سوریا بونیاد نەناوە.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری ئەوەشی خستوەتەڕو، لەکاتێکدا جەخت لە بنەمای گفتوگۆی نیشتیمانی بۆ چارەسەری کێشەکان دەکەنەوە، داوا دەکەن حکومەتی سوریا بەروانگەی عەقڵانییەتەوە کاربکات بۆ چارەسەری کێشەکان و دەستهەڵگرێت لە وتاری وێرانکاری و سڕینەوە و تۆمەتبارکردنی ئەوانی دیکە.
