فوئاد حسێن: عێراق پێویستی به‌مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكایه‌

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "داعش هێشتا ماوە و مەترسییە لەسەر عێراق داعش لەسەر ئایدۆلۆژیێکی نێودەوڵەتیی کاردەکات و هەڕەشەیەکی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە، بۆیە پێویست بە هەوڵی نێودەوڵەتی دەکات بۆ ئەوەی لەنێوببردرێت".

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ فوئاد حسێن، لە واشنتن دی سی، رایگەیاند :"هاوبەشیی نێوان واشنتن و بەغدا ژمارەیەک رەهەندی جیاجیای هەیە و پەیوەندییەکانی دوو وڵاتەکە لەسەر بنەمای رێزلەیەکگرتن و بەرژەوەندیی هاوبەشن".

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق سوپاسی هاوتا ئەمریکییەکەی کرد و وتی، "ئامادەبوونی ئێمە لێرە لە واشنتن بۆ بەردەوامیدانە بە گفتوگۆی ستراتیژیی لەگەڵ لایەنی ئەمریکی بە سەرۆکایەتیی بەڕێز وەزیر ئەنتۆنی بلینکن."

فوئاد حسێن هیواشی خواست کە ئەنجامی گفتوگۆی ستراتیژی "لە بەرژەوەندیی هەر دوو وڵات بن و ببنە هۆکاری قووڵبوونەوەی پێکەوەکارکردن و کاری هاوبەشی نێوان واشنتن و بەغدا."

وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەش کرد کە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن کۆمەڵێک بوار لەخۆدەگرن، لەوانەش، سەربازی، ئەمنی، ئابووری، تەندروستی، وزە، کارەبا و نەوت. هەروەها جەختیشی لەوە کردەوە کە عێراق هێشتا پێویستیی بە هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە، چونکە ئەو گرووپە پەڕگیرە "وەکو رێکخراوێکی سەربازی" هێشتا ماوە و بەردەوامیشە لە چالاکییەکانی لەنێو عێراق. 

وەزیری دەرەوەی عێراقیش سوپاسی ئەمریکاشی کرد لە بەرامبەر هەوڵەکانی بۆ دابینکردنی چاودێریی نێودەوڵەتیی بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق کە بڕیارە لە 10-10-2021 بەڕێوەبچێت

هەروەها بلینکن جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمریکا پاڵپشتیی عێراق دەکات بۆ ئەوەی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی تشرینی یەکەم دادپەروەرانە و شەفافانە بەڕێوەبچێت. 
هاوکات ئەنتۆنی بلینکن باسی لەوە کرد پەیوەندیی نێوان واشنتن و بەغدا زۆر لەوە قووڵتر و فراوانترە کە تەنیا لە رووی سەربازییەوە بێت، وتیشی، "دیالۆگی ستراتیژیی چەندین رەهەندی جیاجیای هەیە، لەنێویشیاندا لەنێوبردنی داعش و دڵنیابوونەوە لە سەرهەڵنەدانەوەی، بەڵام هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات زۆر لەوە قووڵترە."

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەش کرد کە وڵاتەکەی شانازی بە پێکەوەکارکردنی هاوبەش لەگەڵ عێراق دەکات لە بوارەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، گۆڕانی کەشوهەوا، وەبەرهێنانی وزەی سرووشتی و دابینکردنی یارمەتیی مرۆیی بۆ عێراق. 

رۆژی دووشەممە 19-07-2021 لە بازاڕێکی شاری سەدری سەر بە پارێزگای بەغدا تەقینەوەیەکی خۆکوژی روویدا کە زیاتر لە 80 قوربانی لێکەوتەوە، دواتریش داعش بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی گرتەئەستۆ. لەو بارەوە وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "چالاکییەکانی چەند رۆژی رابردووی داعش لە بەغدا ئاماژەن بۆ ئەوەی کە داعش هێشتا مەترسییە و دەبێت رووبەڕوویان ببینەوە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار