چین چەند بەرپرس و رێکخراوێکی ئەمریکی سزادەدات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
لە وەڵامی دوا سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر چەند بەرپرس و لایەنێکی چینی لەسەر بنەمای بەکارهێنانی تووندوتیژی لە هەرێمی هۆنگ کۆنگ، پەکین بڕیاریدا سزای ژمارەیەک بەرپرس و رێکخراوی ئەمریکی بدات.
لە وەڵامی دوا سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر چەند بەرپرس و لایەنێکی چینی لەسەر بنەمای بەکارهێنانی تووندوتیژی لە هەرێمی هۆنگ کۆنگ، پەکین بڕیاریدا سزای ژمارەیەک بەرپرس و رێکخراوی ئەمریکی بدات لەنێویاندا ویلبور رۆس، وەزیری پێشووی بازرگانیی ئەمریکا.
سزاکانی چین چەند رۆژێكی کەم بەر لە سەردانە چاوەڕێکراوەکەی وێندی شێرمان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دێت بۆ چین.
وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، سزاکانی ئەمریکا بۆسەر بەرپرسانمان لە هۆنگ کۆنگ هیچ بنەمایەکیان نییە و ئامانج لێیان شێواندنی ژینگەی بازرگانی و کارکردنە لە هۆنگ کۆنگ و پێشێلکردنێكی روونی یاسا نێودەوڵەتیی و پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانە، ئاماژە بەوەش دراوە، لە وەڵامی ئەو سزایانەدا چین سزا بەسەر ژمارەیەک رێکخراو و بەرپرسی ئەمریکی دەسەپێنێت لەنێویاندا وەزیری پێشووی بازرگانی ئەمریکا.
لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا چین تۆمەتباردەکات بە هاککردنی یەکێک لە خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیای مایکرۆسۆفتی ئەمریکی لە پەکینی پایتەختی چین و دەڵێت، ئیمەیڵی هەزاران کۆمپانیای ئەمریکی و وڵاتانی دیکە کەوتوونەتە دەستی "هاککەرەکانی سەر بە وەزارەتی ئاسایشی چین" کە لە بەرامبەر سڕینەوەیاندا "داوای ملیۆنان دۆلاریان کردووە".
جین ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند: "ئێمە هێرشە سایبەرییەکان دژی وڵاتەکەمان و دژی دامەزراوەکانی کەرتی تایبەتمان بە جیدی وەردەگرین. وەزارەتی داد بڕیاریدا سزا بەسەر چوار هاککەری وەزارەتی ئاسایشی چیندا بسەپپێنێت و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ بکاتەوە."
لە بەرامبەریشدا ژاو لیجیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت: "چین دووبارە داوا لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەکات کە دزییە ئەلیکترۆنییەکانیان دژی وڵاتەکەمان بووەستێنن. لەسەر بابەتی ئاسایشی ئینتەرنێت، چیدیکە دەستە پیسەکانتان بە ئێمە نەسڕنەوە و هەموو ئەو شتانەشی کە بە پەڕاوی لێکۆڵینەوە ناودەبەن، هەڵبووەشێننەوە."
