تەندروستی سلێمانی داوای توندکردنەوەی رێکارە خۆپارێزییەکان دەکات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند:" ئامارەکانی توشبون بەکۆرۆنا بەرزبونەتەوە و دەبێت هاوڵاتیان پابەندی خۆپارێزی و بەکارهێنانی ڤاکسین بن".
ئەمرۆ شەممە، 24 تەمووزی 2021 سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" ئامارەکانی توشبون بەکۆرۆنا بەرزبونەتەوە، بۆیە داوا دەکەن هەر کەسێک نیشانەکانی "ئازاری گەدە و هەڵامەت"ی هەبو سەردانی نەخۆشخانە بکات و پشکنین ئەنجام بدات".
رایگەیاند:" لەم قۆناغەدا خۆپارێزی و وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن هاوڵاتیانە سەرەکیترین هەنگاون بۆ روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا، تەندروستی سلێمانیش لەئێستادا ژمارەیەکی نەخۆشخانەی دیکەی بۆ پێشوازی لەتوشبوانی پەتاکە ئامادە دەکات".
سەباح هەورامی ئەوەشی خستەڕو، لەپاڵ کردنەوەی نەخۆشخانە و دابینکردنی ئامێر و ئۆکسجین، کێشەی کەمی توانایی مرۆییان هەیە و توانای حکومەتیش لەم قۆناغەدا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان سنوردارە، بۆیە داوا دەکەن هەموان لە بەرەنگاربونەوەی پەتاکەدا هاوکاری کەرتی تەندروستی بن.
