وەزارەتی کارەبا: حەوت هەزار مێگاوات کارەبامان لەدەستداوە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

وەزارەتی کارەبای عێراق رایگه‌یاند:" بەهۆی پابەندنەبوونی پارێزگاکانی باشوور بووەهۆی لەدەستدانی حەوت هەزار مێگاوات کارەبا".

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 24ى ته‌موزى 2021، وەزارەتی کارەبای عێراق، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "بەهۆی پابەندنەبوونی پارێزگاکانی باشووری عێراق بە بەشەوزەی خۆیان و راکێشانی کارەبای زیاتر لەوەی کە تۆڕەکانی گواستنەوەی کارەبا دەتوانن بیگوازنەوە؛ پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سیستمی کارەبا لە عێراق تێکچوو و بووەهۆی لەدەستدانی نزیکەی حەوت هەزار مێگاوات کارەبا، لە کاتێکدا تیمەکانی وەزارەتی کارەبا هەوڵدەدەن بەرهەمهێنانی تەزووی کارەبا لەو ئاستە بهێڵنەوە کە بەدیهاتووە و تەنانەت زیاتریشی بکەن."

وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، "داوا لە هەموو حکومەتە خۆجێییەکان و پارێزگارەکان دەکەین پابەندی بەشەوزەی پارێزگاکانی خۆیان بن و توانای تۆڕەکانی گواستنەوەی کارەبا و بەرژەوەندیی نیشتمانی و تۆڕی کارەبا لە هەموو عێراق لەبەرچاو بگرن."

لە سەرەتای مانگی تەممووزی 2021 دا بەهۆی لەکارکەوتنی هێڵێکی سەرەکی گواستنەوەی تەزووی کارەبا لە ناوەڕاستی عێراق سیستمی دابەشکردنی تەزووی کارەبا لە هەموو عێراق کوژایەوە، ئەوەش بووە هۆی بچڕانی کارەبا لە زۆربەی پارێزگاکان لە کاتێکدا پلەی گەرما لە عێراق گەیشتووەتە نزیکی 50 پلەی سیلیزی، بەڵام دوای نزیکی حەوت کاژێر کارەبا لە پارێزگاکانی عێراق دابینکرایەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە ئەنجوومەنی وزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێ؛ بەرهەمهێنانی تەزووی کارەبا لە عێراق ئێستا گەیشتووەتە زیاتر لە 20 هەزار مێگاوات و ئەوە بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبایە بەدرێژایی مێژووی عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت؛ بۆ دابینکردنی کارەبا رۆژانە 24 کاژێر پێویستمان بە بەرهەمهێنانی زیاتر لە 28 هەزار مێگاوات کارەبایە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار