مستەفا کازمی ئەمڕۆ دەچێتە ئەمریكا

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا و سەرپەرشتیکردنی گەڕی چوارەمی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی تهمموزی 2021، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتی شاندێکی حکومەت بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێکەوت بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە هەموو بوارەکاندا".
بەپێی راگەیێندراوەکە؛ کازمی پێش بەڕێکەوتنی بەرەو ئەمریکا رایگەیاندووە، "ئەم سەردانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی عێراقدایە بۆ جێگیرکردنی پەیوەندییە بەهێزەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر بنەمای رێزگرتن و هاوئاهەنگی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا، ئەم سەردانە هەروەها بەرهەمی هەوڵێکی درێژخایەن و کاری چڕە لە گەڕەکانی گفتوگۆی ستراتیژی بۆ رێکخستنی پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتمانیی عێراق."
بڕیارە سبەی دووشەممە بە بەشداری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەڕی چوارەمی گفتوگۆی ستراتیژی لە نێوان عێراق و ئەمریکا لە واشنتن بەڕێوەبچێت، بڕیاریشە هەر سبەینێ کازمی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە.
هەروەها فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق؛ کە ئێستا لە ئەمریکایە بۆ سەرۆکایەتیکردنی شاندی دانوستاندکاری عێراق لە گەڕی چوارەمی گفتوگۆی ستراتیژی لەنێوان عێراق و ئەمریکا، هەینی رابردوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن رایگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی رێکخراوی داعشی تیرۆریست رێکخراوێکی ناوخۆییە و لەنێو عێراقدا چالاکە، بەڵام لە هەمان کاتدا، رێکخراوێکی هەرێمی و نێودەوڵەتییە، هەروەها ئایدیۆلۆژیاکەی نێودەوڵەتییە؛ بۆیە پێویستمان بە کاری نێودەوڵەتییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و ئایدیۆلۆژیاکەی."
