لەهەرێمدا ئەمڕۆ زۆرترین ژمارەی توشبوون تۆمار كرا

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند:" لەدوێنێوە 17هەزار و 141 پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراوە، لەو ژمارەیەش 3هەزار و 559 کەس توشی کۆرۆنا بون و 13 توشبوش مردون.
ئەمڕۆ دووشەممە، 26 تەمووزی 2021 سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" هەرێمی کوردستان لەئاستی بڵابونەوەی کۆرۆنا لەهێڵی سور و مەترسیدار نزیک دەبێتەوە، بەجۆرێک دوێنێ 20%ی ئەوانەی پشکنینیان ئەنجامداوە توشی کۆرۆنا بون و 3559 کەس توشی پەتاکە بون، لەو ژمارەیەش 50%یان لەپارێزگای دهۆک بون کە 1564 توشبو لەو پارێزگایەدا تۆمارکراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆیە ئەمڕۆ بەئامانجی زیادکردنی نەخۆشخانەکانی چارەسەری توشبوانی کۆرۆنا و گرتنەبەری ژمارەیەک رێکاری بەپەلە سەردانی پارێزگای دهۆکیان کردوە و پێداویستییەکانی پارێزگاکەش لەئامێر و ئۆکسجینی پێویست دابین دەکەن، هۆکاری بەرزی ژمارەی توشبوانیش لەدهۆک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دوێنێ 8474 پشکنین ئەنجامدراون.
وەزیری تەندروستی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هاوڵاتیان زیاتر پابەندی رێنماییەکان بن و ماسک بەکاربهێنن، لەقۆناغی داهاتوشدا ژمارەیەک نەخۆشخانەی دیکە بۆ پێشوازیکردن لەتوشبوانی کۆرۆنا دەکرێنەوە.
