هاوکارییەکانی هاوپەیمانان گەیشتە پێشمەرگە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند:" "لە چوارچێوەی هەوڵەکانی هاوپەیمانان بۆ پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە، بەشێکی دیکەی هاوکارییە لۆجیستییەکانی هاوپەیمانان گەیشتە وەزارەتی پێشمەرگە".
ئەمڕۆ دووشەممە، 26 تەمووزی 2021 سەنتەرى ميديای وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو هاوکارییانە راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "لە درێژەی ئەو کۆمەک و هاوکاریانەی هاوپەیمانان پێشکەش بەهێزی پێشمەرگەی کوردستانی دەکەن، بەشێک لەو هاوکاریانە گەیشتنە دەست هێزەکانی پێشمەرگە و لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان واژۆی پێدان و وەرگرتنی ئەو هاوکاریانە لە لایەن هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا".
سەنتەرى ميديای وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت، "ئەو هاوکاریانە لە چوارچێوەی پرۆگرامێکی تایبەتە لەڕێگەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە پێشکەش بە پێشمەرگە دەکرێت، بۆ لەناوبردن و تێکشاندنی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان".
رۆژی 15-07-2021 بە سەرپەرشتیی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، بەشێکی دیکە لە هاوکارییەکانی هاوپەیمانان گەیشتە دەست هێزەکانی پێشمەرگە کە پێکهاتوون لە کەلوپەل و کەرەستەی لۆجیستیی سەربازی.
ئەم پرۆگرامی هاوکاری و پڕچەککردنەی لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە ساڵی 2014ـەوە دەستی پێکردووە و بەردەوام هێزەکانی هاوپەیمانان کۆمەک هاوکاری پێشمەرگەیان کردووە.
