په‌رله‌مانتارێکى کۆمه‌ڵ: حکومه‌ت شکستنى هێناوه له‌ناردنى پرۆژه‌ى بودجه

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى کوردستان رایگه‌یاند، به‌هۆى "گه‌نده‌ڵى، سه‌رپێچى دارایى به‌رفراوان له داهات و خه‌رجییه‌کان و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنى به‌شێک له داهات و نه‌ناردنه‌وه‌ى بۆ خه‌زێنه‌ى گشتى له‌لایه‌ن هه‌ردو حزبى ده‌سه‌ڵاته‌وه" وایکردوه حکومه‌ت له‌ئاماده‌کردنى پڕۆژه‌ى بودجه‌دا شکستبهێنێت.
عومه‌ر گوڵپى، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ له په‌رله‌مانى کوردستان هۆکاره‌کانى ئاماده‌نه‌کردنى پڕۆژه‌ى بودجه بۆ "هه‌ستنه‌کردنى حکومه‌ت به به‌پرسیارێتى به‌رانبه‌ر خه‌ڵک و په‌رله‌مان له جێبه‌جێکردنى یاساکان، گه‌نده‌ڵى و سه‌رپێچى دارایى به‌رفراوان له داهات و خه‌رجییه‌کان و لاوازى تواناى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له چاره‌سه‌رکردنى پرسه گه‌وره‌و گرنگه‌کان به‌هۆى ناکۆکى سیاسى حزبه‌کانى ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ڕێته‌وه".
ده‌قى نوسینى عومه‌ر گوڵپى:
حکومه‌ت جارێکی‌تر شکستىیخوارد له گه‌ڵاڵه‌کردنى پڕۆژه یاساى بودجه‌و ناردنى بۆ په‌رله‌مان
بۆ ساڵى نۆیه‌م به‌نیسبه‌ت حکومه‌ته‌وه، بۆ ساڵى دووه‌م به نیسبه‌ت کابینه‌ى نۆیه‌مه‌وه، حکومه‌ت شکستىیخوارد له گه‌ڵاڵه‌کردنى پڕۆژه‌یاساى بودجه‌و ناردنى بۆ په‌رله‌مان، شکست له‌و ئه‌رکه‌ى که ئه‌م کابینه‌یه دو ساڵه به‌ڵێن ده‌دات ئه‌نجامى بدات، خۆ ئه‌گه‌ر له سبه‌ینێشه‌وه پڕۆژه یاساکه بگاته په‌رله‌مان، ئه‌وه دو مانگى پێویسته تا له په‌رله‌مانه‌وه په‌سه‌ندبکرێت و وه‌زاره‌تى دارایش ڕێنمایى پێ ده‌ربکات و بچێته بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه، واته کۆتاییه‌کانى ساڵى دارایى 2021، ئه‌و کاته‌ش یاساکه سودى ئابورى نابێت، چونکه له بنه‌مادا یاساى بودجه بۆ سه‌ره‌تاى ساڵى داراییه تا کۆتایى، هه‌ربۆیه داواى ڕونکردنه‌وه‌مان کردوه له‌سه‌ر هۆکاره‌کانى دواکه‌وتن لاى حکومه‌ت، شێوازى مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ داهات و خه‌رجى، ئه‌و بنه‌ما ژمێریاریانه‌ى که حکومه‌ت پشتیان پێ ده‌به‌ستێت له کاتى نه‌بونى یاساى بودجه‌دا.
له خواره‌وه به چه‌ند خاڵێک ئه‌نجامى به‌دواداچون و شیکارییه‌ک بۆ یاساى بودجه و دۆخى دارایى و ئابورى بۆ ڕایگشتى ده‌خه‌مه‌ڕو، که لاى خۆشمانه‌وه به‌رده‌وامین له کارکردن تیایدا.
یه‌ک/ هۆکار چییه حکومه‌ت ناتوانێت پڕۆژه یاساى بودجه گه‌ڵاڵه بکات؟
پاش به‌دواداچون، کۆکردنه‌وه‌ى زانیاریى و لێکدانه‌وه، ئه‌م هۆکارانه‌ى خواره‌وه به هۆکارى سه‌ره‌کى نه‌بونى یاساى بودجه ده‌زانم:
1ـ گه‌نده‌ڵى و سه‌رپێچى دارایى به‌رفراوان له داهات و خه‌رجییه‌کان.
1ـ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنى به‌شێک له داهات و نه‌ناردنه‌وه‌ى بۆ خه‌زێنه‌ى گشتى له‌لایه‌ن هه‌ردو حزبى ده‌سه‌ڵاته‌وه.
2ـ هه‌ستنه‌کردنى حکومه‌ت به به‌پرسیارێتى به‌رانبه‌ر خه‌ڵک و په‌رله‌مان له جێبه‌جێکردنى یاساکان.
4ـ نه‌بونى یاساى بودجه بۆ ماوه‌ى هه‌شت ساڵى یه‌ک له دواى یه‌ک، واته نه‌بونى یاساى بودجه له کابینه‌کانى پێش‌و، بوه‌ته هۆى سه‌ختکردنى ئه‌رکه‌که بۆ کابینه‌و حکومه‌تى دواى خۆى.
5ـ نه‌بونى زانیاریى و داتاى داهات و خه‌رجى وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌کان له‌لاى وه‌زاره‌تى دارایى، به‌تایبه‌ت نه‌بوونى زانیاریى و داتاى وه‌زاره‌تى سامانه سروشتیه‌کان و دۆسیه‌ى نه‌وت له‌لاى وه‌زاره‌تى دارایى.
6ـ لاوازى تواناى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له چاره‌سه‌رکردنى پرسه گه‌وره‌و گرنگه‌کان به‌هۆى ناکۆکى سیاسى حزبه‌کانى ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر "ده‌سه‌ڵات" و پاراستنى "به‌رژه‌وه‌ندى حزبه‌کانیان".
دو/ بۆچى پڕۆژه یاساى بودجه گرنگه؟
ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌کى زانستیانه‌و پیشه‌ییانه‌و یاساییانه، حکومه‌ت پڕۆژه‌یاساى بودجه دابڕێژێت، ئه‌وه له توانادا هه‌یه به ڕێژه‌یه‌ک داهات و خه‌رجى هه‌رێم شه‌فاف بکات و دادگه‌ریى و هاوسه‌نگى بچه‌سپێت له مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ شار‌و شارۆچکه‌کان و سێکته‌ره‌کان و ته‌رخانکردنى پاره به پێى زه‌روره‌تى خزمه‌تگوزارىیه‌کان بۆ هه‌ر شار‌و ناوچه‌یه‌ک، هه‌روه‌ک کارى چاودێرى دامه‌زراوه‌کانى چاودێرى ئاسان ده‌کات و هاوڵاتیانیش به‌رچاوڕون ده‌بن له دۆخى دارایى.
سێ/ ئه‌کرێت حکومه‌ت یاساى بودجه‌ى نه‌بێت؟
به‌هیچ شێوه‌یه ناکرێت و ناگونجێت حکومه‌ت یاساى بودجه‌ى نه‌بێت، مه‌گه‌ر وڵات له دۆخى زۆر نائاساییدا بژى، وه‌ک شه‌ڕ، یان کاره‌ساتى گه‌وره‌ى سروشتى، ئه‌وه‌ش ته‌نها بۆ یه‌ک ساڵ، ئه‌گه‌رنا به پێى بنه‌ماکانى کارى ده‌وڵه‌تدارى و به‌ڕێوه‌بردن، نابێت حکومه‌ت یاساى بودجه‌ى نه‌بێت، کاتێکیش حکومه‌ت پابه‌ندى ئه‌م بنه‌ما سه‌ره‌تاییه‌ى به‌ڕێوه‌بردن نابێت بۆ ماوه‌ى نۆ ساڵ، ئه‌وه وه‌ک ئه‌م دۆخه‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى لێ به‌سه‌ر دێت که که‌وتووه‌ته ناو زه‌لکاوێکى گه‌وره‌ى دارایى و ئابورى و ده‌رچوون لێى ئاسان نه‌بێت.
چوار/ دۆخى دارایى و ئابورى هه‌رێم به‌ره‌و کوێ ده‌ڕوات؟
له دۆخێک‌دا که هه‌زاران گه‌نج چاوه‌ڕوانى دامه‌زراندن و هه‌لى کار ده‌که‌ن (که من به هێندێک پێوه‌ر ژماره‌یانم به 500 هه‌زار گه‌نج خه‌مڵاندوه) به‌و هۆیه‌شه‌وه به‌شێکیان ڕۆژانه سه‌رى خۆیان هه‌ڵده‌گرن و وڵات به جێ‌دێڵن، له دۆخێک‌دا که (30000) فه‌رمانبه‌رى گرێبه‌ست چاوه‌ڕێى به هه‌میشه‌ییکردنى ڕاژه‌کانیان ده‌که‌ن، له دۆخێک‌دا که حکومه‌ت یه‌ک دینار ناداته ئه‌و خێزانانه‌ى که هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کى داهاتیان نییه و ژیانیان له خوار هێڵى هه‌ژارییه‌وه‌یه (که من ژماره‌یانم به 500 هه‌زار هاوڵاتى هه‌ژار خه‌مڵاندوه)، له دۆخێک‌دا که ئه‌گه‌ر پاره‌ى به‌غدا نه‌بێت حکومه‌ت ته‌نانه‌ت تواناى خه‌رجکردنى موچه‌ى موچه‌خۆرانى نییه وه‌ک خۆى، له دۆخێک‌دا ئه‌و سامانه‌ى که به گه‌نده‌ڵى ده‌ڕوات رۆژ به ڕۆژ قه‌باره‌که‌ى گه‌وره‌تر ده‌بێت، له دۆخێک‌دا که له زۆر بواردا حکومه‌ت ناتوانێت خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌کان پێشکه‌ش به هاوڵاتیان بکات، نه‌بونى یاساى بودجه واته نه‌بونى هیچ پلان و به‌رنامه‌یه‌کى ئابورى و دارایى و هیچ به‌رچاوڕۆشنیه‌ک بۆ ئاینده‌ى ئابورى و دارایى هه‌رێم، به‌جۆرێک ئه‌گه‌ر جاروبار، به‌هۆى به‌غدا، یان به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى نه‌وته‌وه، چاره‌سه‌رێکى بچوکى کاتى هه‌بێت، ئه‌وه هه‌میشه خه‌ڵک له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌رى دۆخى خراپى ئابوریدایه و ئاسۆى چاره‌سه‌رى کێشه گه‌وره‌کان نابینرێت.
پێنج/ چى بکرێت باشه، چاره‌سه‌ر چییه؟
له کۆتایى ساڵى (2020)و سه‌ره‌تاى ساڵى (2021)ه‌وه‌و تا ئێستاش به به‌رده‌وامى، هه‌وڵمانداوه، حکومه‌ت له‌م دۆخه خراپه نایاساییه بهێنینه ده‌ره‌وه، به‌داخه‌وه تا ئێستا گوێیه‌ک نه‌بوه بۆ بیستن، به‌ڵام ئێمه هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بین.
حکومه‌ت به کرداریى پاره‌ى له‌به‌رده‌سته، پاره‌که‌ش زۆره‌و له کاتى تر ئێمه ڕوونمان کردوه‌ته‌وه، به‌شێوه‌ى کرداریش خه‌رجیه‌کان ده‌کات، یاساى پێویست و بنه‌ماى ژمێریارى هه‌یه تا حکومه‌ت بیکاته بنه‌ماى کارکردنى له پرسه دارایى و ئابورییه‌کاندا، کات هه‌یه‌و توانا هه‌یه، هیچ بژارده‌یه‌ک له‌به‌رده‌م حکومه‌تدا نییه بێجگه له بژارده‌ى جێبه‌جێکردنى یاساکان، بێجگه له گرتنه‌به‌رى ڕێگه‌یه‌ک که هه‌رێمه‌که‌مان له زه‌لکاوى گه‌نده‌ڵى و ناشه‌فافیه‌ت و خراپى دۆخى دارایى و ئابورى ڕزگار بکات که ئه‌ویش چاکسازى و گۆڕانکاریى ڕاسته‌قینه‌یه، یه‌کێک له‌و هه‌نگاوه گرنگانه‌ش بوونى یاساى بودجه‌یه، که ده‌کرێت ببێته هۆى شه‌فافیه‌ت له داهات و خه‌رجى، پابه‌ندى به کاراکردنى ڕۆڵى دیوانى چاودێرى دارایى و ڕێزگرتن له کاره‌کانیان و ڕێزگرتن له کارى چاودێرى په‌رله‌مان و پشیوانیکردنى.
عومه‌ر گوڵپى
ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى کوردستان
