حکومەت لەسەر دابینکردنی سووتەمەنی بۆ هاوڵاتییان کۆدەبێتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئەمڕۆ ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە و پێنج تەوەر گفتوگۆ دەكرێت، یەكێك لەوانە دابینکردنی سووتەمەنیە بۆ هاوڵاتییان لە وەرزی سەرمادا.
ئەمڕۆ، چوارشەممە، 28 تەمموزی 2021، بەپێی راگەیەنراوى فەرمانگەی میدیا و زانیاری، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:..
یەکەم: بەردەوامی گفتوگۆکانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ڕێکخستنەوەی داهاتە ناوخۆییەکان و خستنەڕووی هەنگاوی کردارەکیی وەزارەتەکان لەم بارەیەوە.
دووەم: پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دۆخی زیادبوونی بەرچاوی کەیسەکانی تووشبوون بە فایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، و بەرزبوونەوەی ژمارەی مردووان بەهۆی ئەم پەتایە، و ئەو ڕێکارانەی پێویستە بگیرێنە بەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تەشەنەبوونەی پەتای کۆرۆنا.
سێیەم: خستنەڕووی پێشنیاری گۆڕینی هەردوو قەزای (سۆران) و (زاخۆ) بۆ ئیدارەی سەربەخۆ.
چوارەم: خستنەڕووی بابەتی (هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت).
پێنجەم: دەستپێکردنی ئامادەکارییەکانی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتییان لە وەرزی سەرما.
