قایمقامیەتی سلێمانی: هەر خاوەن مۆلیدەیەک سەرپێچیی بکات سزا دەدرێت

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

قایمقامیەتی سلێمانی رایگه‌یاند:" نابێت هیچ گەڕەکێکی شارەکە بێ کارەبای موەلیدە بێت و هەر خاوەن مۆلیدەیەک سەرپێچیی بکات سزا دەدرێت".

ئەمڕۆ، چوارشەممە، 28 تەمموزی 2021، قایمقامیەتی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە ورایگه‌یاند:" لیژنەی موەلیدەی سەر بە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت پسوڵەی سەرپێچی بۆ هەر موەلیدەیەک دەکات کە لە کار کەوتبێت، ئاگاداری دەکاتەوە لە ماوەی یەک رۆژدا موەلیدەی جێگرەوە ئامادە بکات، ئەگەر ئامادەی نەکات بەپێی یاسا سزای ماددی دەدرێت تا لێسەندنەوەی مۆڵەتەکەی".

سیامەند حەمید، سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی سەر بە لیژنەی هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند:" نزیکەی 700 موەلیدەی ئەهلی لە سنووری سلێمانیدا هەیە، لەم وەرزەدا بەهۆی بەرزی پلەی گەرما و زۆر کارپێکردنی موەلیدەکان رۆژانە چەند موەلیدەیەک لەکاردەکەون، "ئێمە وەک لیژنەکە بەدەم سکاڵای هاووڵاتییانەوە دەچین و رێکار لەگەڵ خاوەنی موەلیدەکە دەگرینەبەر و ئاگاداری دەکەینەوە موەلیدەی جێگرەوە ئامادە بکات، ئەگەر پابەند نەبێت سزاکەی تا لێسەندنەوەی مۆڵەت دەڕوات، چونکە رێگە نادەین هیچ گەڕەکێک بێ کارەبای موەلیدە بێت".

لەبارەی ڤۆڵتییەی کارەبای موەلیدەکانەوە سەرۆکی لیژنەی موەلیدەکانی سەر بە لیژنەی هاوبەشی قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، دەبێت لەلای موەلیدەکە ڤۆلتییەی سریفێس لە 400 و هێڵی ئاسایی لە 200 کەمتر نەبێت، لەم رووەوە بەردەوام چاودێری موەلیدەکان دەکەین.

قایمقامیەتی سلێمانی داوا دەکات لە کاتی هەر گلەیی و گازندەیەک لە هەر موەلیدەیەک هاونیشتمانییان پەیوەندی بکەن بە ژمارە مۆبایلی 07701363679، بۆئەوەی بەدواداچوونی بۆبکرێت.

لەکاتی پچڕانی کارەبای نیشتمانی، بەشێکی کارەبای هاووڵاتییان لەلایەن موەلیدە ئەهلییەکانەوە دابیندەکرێت، بەهۆی بەرزیی پلەی گەرما لەم وەرزەدا، هەندێکجار کێشە بۆ موەلیدەکان دروستدەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار