داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکانی فڕۆکەخانەی کابول راگەیاند

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
داعش لە پێگەکانی سەر بەخۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوە و هێرشەکانی فڕۆکەخانەی کابول راگەیاند.
پێگەکانی "گرووپە تیرۆریستییەکە" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردەوە، "خۆکوژێک توانیویێتی خاڵەکانی پشکنین ببڕێت و لەنزیک هێزەکانی ئەمریکا خۆی بتەقێنێتەوە."
بڵاویشیکردووەتەوە، خۆکوژەکە سەربازانی ئەمریکا، وەرگێڕ و هاوکارەکانی ئەمریکای کردووەتە ئامانج.
داعش لە ئاژانسی الاعماق ـی سەر بەخۆی راگەیاند، لە تەقینەوەیەکی خۆکوژی دا لە کابوول دەیان سەربازی ئەمریکی و ئەوانەی هاوکارییان کردوون کوژراون و بریندار بوون.
سەرچاوەیەکی سەربازیی لە ئاژانسی ئەعماق رایگەیاندووە، "چەکدارێکی دەوڵەتی ئیسلامی توانیویەتی بە گشت خاڵەکانی پشکنیندا بڕوات کە ئەمریکا و میلیشیاکانی تاڵیبان لە دەوروبەری کابوول و توانی خۆی بگەیێنێتە کۆمەڵێکی گەورەی وەرگێڕ و هاوکارانی ئەمریکا لە نزیک کەمپی باران کە نزیکە لە فڕۆکەخانەی کابوول. هەر لەوێ خۆی لەنێویاندا تەقاندووەتەوە کە بووەتە هۆی کوشتنی نزیکەی 60 کەس و برینداربوونی 100 کەسی دیکە. لە نێویاندا ئەندامانی تاڵیبان هەن."
سەرچاوەکە راشیگەیاندووە کە هێرشەکە کەمتر لە پێنج مەتر لەو شوێنەوە نزیک بووە کە هێزە ئەمریکییەکان سەرپەرشتیی پرۆسەی کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکانیان دەکرد لە سەتان وەرگێڕ و ئەوانەی کاریان بۆ دەکردن وەکو پشتگیری بۆ جێهێشتنیان لەو وڵاتە. هەروەها بانگەشەی کوشتن و برینداربوونی زیاتر لە 20 سەربازی ئەمریکی دەکات.
ئەوە لەکاتێکدایە، جەنەراڵ کێنز مەکێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "12 سەرباز کوژراون و 15ـی دیکەش بریندارن لە ئەنجامی دوو تەقینەوە لەلایەن چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی." مەکێنزی وتیشی، لە هێرشەکەدا ژمارەیەک سڤیلی ئەفغانی کوژران و برینداربوون.
داعش لەو راگەیێندراوەی لە پێگەکانی سەر بە خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە باسی لەوە کردووە، "ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە هێزە ئەمریکییەکان با هاوئاهەنگی لەگەڵ میلیشیای تاڵیبان پرۆسەی گواستنەوەی سەتان کارمەندی بیانی و وەرگێڕ و ئەو سیخوڕانەی دەستپێکردووە کە بە درێژایی ساڵانی رابردوو بۆ ئەمریکا کاریان کردووە."
