داودئۆغڵو: ئیستەمبوڵ گەورەترین شارە لە جیهاندا زۆرترین کوردی تێیدا دەژی

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى
سەرۆکی پارتی ئاییندە رایگەیاند:" کەس هێز و توانای ئەوەی نییە تورکیا دابەش بکات". دەڵێت:" ئیستەنبووڵ گەورەترین شارە لە جیهاندا کە زۆرترین کورد تێیدا دەژین".

ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا باسی لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کورد و تورک کرد لە تورکیا و جەختی کردەوە، کەس هێز و توانای ئەوەی نییە تورکیا دابەش بکات.

ئەحمەد داودئۆغڵو بە سەردانێكی سێ رۆژە لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستانە. رۆژی پێنجشەممە لە شارۆچکەی شەمزینان لەگەڵ پیاوماقوڵان و خەڵکی شارۆچکەکە کۆبووەوە.

سەرۆکی پارتی ئاییندە راشیگەیاند:" گەورەترین شارە لە جیهاندا کە کورد تێیدا دەژین، وەکو ئاماژەم پێدا، نە هەولێرە، نە دیاربەکرە [ئامەدە] و نە حەسەکەیە، بەڵکو ئیستەنبووڵە. تورکیا عێراق نییە، تورکیا ئێران نییە، تورکیا سووریا نییە، جیاوازییەکە ئەوەیە، ئەمڕۆ ئیستەنبووڵ گەورەترین شارە لە جیهاندا کە کورد تێیدا دەژین. بڕواننە عێراق، کورد بە گشتی لە باکووری عێراق دەژین، لە بەغدا کەمن و لە بەسرە دەتوانین بڵێین ناژین. بڕواننە سووریا، لە باکوور دەژین، لە شام کەمن و لە باشوور ناژین. ئێرانیش هاوشێوەیە، بەڵام تەنیا لە تورکیا، کورد و تورک لە هەر شارێکدا وەکو گۆشت و ئێسقان تێکەڵ بە یەکدی بوون و چیدیکە کەس هێزی دابەشکردنی تورکیای نییە".

داودئۆغڵو کە پێشتر یەکێک بوو لە کەسایەتییە دیارەکانی ئاکپارتی و پۆستەکانی وەزیری دەرەوە، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی گشتیی ئاکپارتیی بەڕێوەبردووە، ئاماژەی بەوە دا، دەست بە قۆناغێکی نوێ دەکەن لە تورکیا و بە رێبازی دیموکراسی شارەوانییەکان دەبەنەوە و رێگە نادەن بە دەسەڵاتی کەجەکە و قەیوم. هەروەها بە بایەخەوە باسی پەیوەندییەکانی تورکیای لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هەرێمی کوردستان کرد و وتی، پێنج دەروازی سنووریی نوێ لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەکەنەوە.

سەرۆکی پارتی ئاییندە وتی، "بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەین بە کەجەکە و قەیووم. دەروازەی سنووریی ئەسەندەرە دەکرێتەوە، لە سنوورەکاندا لەگەڵ عێراق نەک تەنیا دوو دەروازە، بەڵکو پێنج دەروازەی نوێ دەکەینەوە، لەگەڵ هەولێر سیاسەتی گونجاندنی ئابووری کە هەکاری و شرناخ و دیاربەکر بە کورد و تورک و عەرەب و تورکمانەوە پێکەوە دەبەستێەوە و پێشتر پیادەمان دەکرد، جارێکی دیکە درێژەی پێ دەدەین. ئەو پەیوەندییانەی لە چەند ساڵی رابردوودا پچڕان، سەرلەنوێ دروستیان دەکەینەوە".

لە سەردانەکەیدا داودئۆغلو لە نزیکەوە چەندین کەسی بینی، یەکێک لەوانە ژنێکی بەتەمەنی کورد بوو کە خەڵکی گوندێکی شارۆچکەی گەڤەرە لە پارێزگای جۆلەمێرگ. ئەحمەد داودئۆغلو بە تورکی قسە دەکات و ژنە کوردەکەش بە زمانی خۆی دەدوێت، هەربۆیە لەو رێگەیەوە زۆر کەم لە یەک تێدەگەن.

پارتی ئاییندەی تورکیا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد داودئۆغڵو رۆژی 12ی کانوونی یەکەمی 2019 لە ئەنقەرە دامەزرا. رۆژی 1ی تشرینی دووەمی 2020 یەکەم کۆنگرەی ئاسایی خۆی گرێدا؛ تاوەکو ئێستا لە 53 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان، بە شارۆچکەکانیەوە، رێکخستنی دامەزراندووە و کۆنگرەی لقەکانی ئەنجامداوە. پارتەکەی داودئۆغڵو لەلایەن دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە مافی پێ دراوە بەشداری لە هەڵبژاردن دا بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار