هەرێمی کوردستان بۆ کابول: هاوخەمی کەسوکاری قوربانیانیین

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی کابول سەرکۆنە دەکات و هاوخەمی لەگەڵ کەسوکاری قوربانیانی روداوەکە دەردەبڕێت.
لە تویتێکدا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووداوەکانی رۆژی رابردووی فڕۆکەخانەی کابول رایگەیاند" ئێمە سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکانی رۆژی پێنجشەممە دەکەین کە بوونەهۆی کوژرانی دەیان هاووڵاتیی ئەفغانی و سەربازانی ئەمریکی. هۆش و نزاکانمان لەگەڵ قوربانییان، خێزان و خۆشەویستەکانیانە".
رۆژی پێنجشەممە 26-8-2021 تەقینەوەیەک لە دەروازەی سەرەکیی فڕۆکەخانەی کابوول روویدا. دوای ئەو تەقینەوەیەش بە کەمتر لە کاژێرێک، تەقینەوەی دووەمیش روویدا.جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رایگەیاند، یەکێکیان لە نزیک دەروازەیەکی سەرەکیی فڕۆکەخانەکە بووە و ئەوی دیکەشیان لەنزیک هۆتێلێکی نزیکی فڕۆکەخانەکە بووە.
داعش هەرزوو بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوە و هێرشەکانی فڕۆکەخانەی کابول راگەیاند. لە ئەنجامی هەردوو تەقینەوەکەش 13 سەربازی ئەمریکی گیانیان لەدەستداوە و دەیانی دیکەش برینداربوونە. چاوەڕێدەکرێت ژمارەی قوربانییەکان بەرزتر ببێتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی تەقینەوەکانی کابوولی پایتەختی ئەفغانستان و کوژران و برینداربوونی چەندین سەربازی ئەمریکی، وتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند: "بۆ ئەوانەی کە ئەم هێرشەیان ئەنجامداوە و هەروەها بۆ هەرکەسێك کە خوازیاری زیانگەیاندنە بە ئەمریکا، دەڵێم، لەکەس خۆشنابین، دەتانگرین و سزاشتان دەدەین. من بە هەرشتێك کە لەژێر فەرمانمدایە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانمان و هەروەها گەلەکەمان دەکەم".
هەروەها تاڵیبان رایگەیاندووە؛ 28 چەکداریان لە تەقینەوەکانی کابوول گیانیان لەدەستداوە. چەند سەرچاوەیەکیش لە نەخۆشخانەکانی کابوول بۆ میدیای فەرمی رووسیایان گوتووە؛ 1338 کەس لە تەقینەوەکاندا برینداربوون و 90 کەسی دیکەش گیانیان لەدەستداوە.
