قوباد تاڵەبانی: داکۆکیکار دەبم بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی هەموو کارمەندان

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم، پەیوەندی بەو کارمەندەی هاتوچۆ دەکات کە بەهۆی لێپێچینەوە لە سەرپێچیکارێک روبەروی دادگا دەکرێتەوە، رایگەیاند:" داكۆكیكار دەبێت لە مافەكانی ئەو كارمەندە".
راگەیاندن و پەیوەندیەکانی ئیدارەی گەرمیان رایگەیاندووە، دوای ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوودا، کارمەندێکی هاتوچۆی گەرمیان لێپێچینەوە لە سەرپێچیکارێک دەکات و دواتر روبەروی دادگا دەکرێتەوە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم پەیوەندی بە کارمەندەکەی هاتوچۆ دەکات و پشتیوانی خۆی بۆ دوپاتدەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە لەوەی، داکۆکیکاری سەرسەخت دەبێت بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ئەو کارمەندە و هەر کارمەندێک لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانی روبەری کێشە ببێتەوە، ئەوەش لەپێناو زامنکردنی ئاسایش و ئارامی بۆ هەمووان.
هاوکات ئاماژە بەوەشكراوە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەئێستادا بە ووردی چاودێری کەیسەکە دەکات و بڕیاری دادگا یەکلایی کەرەوە دەبێت بۆ ئەو کەیسە.
لەچەند رۆژی رابردوودا، کارمەندێکی هاتوچۆی گەرمیان بەناوی (ئەحمەد عادل) لەکاتی ئەرکدا و لێپێچینەوە لە هاوڵاتیەک کە سەرپێچی هاتوچۆی ئەنجامدابوو، روبەڕوی هەڕشە دەبێتەوە و کەیسەکەی دەباتە بەردەم داداگا، دواتر تۆمەتبار سکاڵای یاسایی لەسەر کارمەندەکەی هاتوچۆ تۆمار دەکات بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکدا، بەو تۆمەتەش کارمەندەکەی هاتوچوو لەلایەن دادگاوە داوادەکرێت و دواتر بە کەفالەت ئازاد دەکرێت.
