کازمی و ماکرۆن: پێکەوە کارکردنمان بۆ سەرخستنی دیموکراسی بەردەوامدەبێت

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆک وەزیرانی عیراق دوای کۆبوونەوەیان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا، هەردوولا جەختیان لە کاری پێکەوەیی کردەوە.
ئەمڕۆ شەممە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "هەڵوێست و هەوڵەکانی فەرەنسا لە سەرخستنی کۆنفرانسی بەغدا بۆ هاریکاری و هاوبەشی لە بەغدا بەرزدەنرخێنین".
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، "پێکەوەکارکردنی فەرەنسا و عێراق بۆ سەرخستنی دیموکراسی بەردەوامدەبێت".
لە کۆنگرەکەدا مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەشدا، بوونی فەرەنسا لە عێراق مێژووییە و کاریگەریی زۆر گەورەی هەیە. "ئێمە بە پەرۆشین تاوەکو لە وزە و کارەبا و بوارەکانی دیکە پێکەوە کاربکەین."
سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لەبارەی هاوکارییەکانی فەرەنسا لە شەڕی تیرۆر رایگەیاند،"فەرەنسا بەشداربووە لە پاڵپشتیکردنی عێراق لە شەڕی دژی داعش، سوپاسی خۆمان بۆ هەوڵەکانیان لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی عێراق دووپات دەکەینەوە." .
هەروەها وتیشی، "عێراق و فەرەنسا هاوبەشی سەرەکین لە شەڕی دژی داعش و شەڕی دژی تیرۆر، بە دڵنیاییەوە ئەو هاوبەشییە بەردەوام دەبێت بۆ بەرگریکردن لە بەها دیموکراتییەکان لە ئەزموونی عێراقی لاو."
لە کۆتایی قسەکانیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: "سوپاسی هەڵوێستی حکومەتی فەرەنسا دەکەین لە پاڵپشتیکردنی عێراق لە کەرتی تەندروستی لە ماوەی پەتای کۆرۆنا، جارێکی دیکەی بەخێرهاتنی سەرۆک دەکەم و سوپاسی بەشداریکردنی دەکەم لەو کۆنگرەیە."
لە بەرامبەریشدا ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنگرەکەدا رایگەیاند، "فەرەنسا رژدە لەسەر یارمەتیدانی عێراق لە شەڕی دژی تیرۆر و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان".
لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە 10ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوەدا، "گرنگە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق بێگەرد و بێ کەموکورتی بێت".
