حكومەت باج لەو كەسانە وەردەگرێت كەلە خواردنگە پێنج ئەستێرەكان نان دەخۆن

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

بەپێی بڕیارێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان باج لە رێستۆرانت و هۆتێلەكان وەردەگیرێت و ئەو پارەیەش راستەوخۆ لەو گەشتیارانە وەردەگیرێت كە سەردانی رێستۆرانت و هۆتێلە چوار ئەستێرە و پێنج ئەستێرەكان دەكەن.

مەحمود تۆفیق، بەرپرسی كۆمەڵەی رێستۆرانت و چێشتخانەكانی سلێمانی رایگەیاند:" ئەو سیستمەی كە دانراوە بۆ وەرگرتنی باج لە رێستۆرانتە چوار و پێنج ئەستێرەكان، پارەكە راستەوخۆ لەو كەسە وەردەگیرێت كە لەو رێستۆرانتانە نان دەخوات و بڕەكەشی 10% دیاری كراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو پارەیە بەو شێوەیە دەدرێت بە حكومەت، كاتێك خاوەن رێستۆرانتێك حیساباتی مانگانەی خۆی دەكات، بۆ نمونە ئەو رێستۆرانتە لە یەك مانگدا پێنج ملیۆن دینار قازانجی بوە، جگە لە خەرجی، لەو بڕە پارەیەی كە بۆی ماوەتەوە، باج و چاودێری دارایی لە 10%ی ئەو پارەیە وەردەگرن، چونكە باج مانگانە دەگەڕێت بەسەر شوێنەكان.

بەرپرسی كۆمەڵەی رێستۆرانت و چێشتخانەكانی سلێمانی باسی لەوەشكرد، لیژنەی باج كە دەگەڕێن سەیری حیسابی مانگانەی ئەو شوێنە دەكەن، ئەوانەی لەسەر كاشێر كار دەكەن، ناتوانن فێڵ لە خاوەن رێستۆرانتەكە بكەن، بۆیە هەمو كارەكان بەپێی رێكاری خۆی دەڕوات و بەپێی حیسابات پارەكە وەردەگیرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار