قوباد تاڵەبانی: دەبێت هاوپەیمانی خەونە گەورەكەی مام جەلال و کاک نەوشیروان بەدیبهێنێت

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند:" ئەم هاوپەیمانێتیەش دواین خەون و رۆئیای خوالێخۆشبوان مام جەلال و کاک نەوشیروانە،  بۆیە دەبێت هەموان هەوڵی سەرخستنی بدەین و ئەو خەونە گەورەیەش بەدی بهێنین".

نوسینگەی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان لەرایەەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ  قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی و گۆڕان کۆبوەتەوە و داوای لێکردون پێکەوە کار بۆ سەرخستنی هاوپەیمانی کوردستان بکەن لەپێناو بەدیهێنانی خواست و مافەکانی گەلی کوردستان و خزمە‌تی ھاوڵاتییان بكە‌ن.

قوباد تاڵەبانی لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی حکومی یەکێتی و گۆڕان لە سلێمانی بە ئامادەبونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئاسۆ رەحیم و هەڤاڵ ئەبوبەکر و کاندیدەکانی سلێمانی هاوپەیمانی کوردستان، باسی لە گرنگی هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عێراقی کرد و ئامادەکارییەکانی دەستپێکردنی بانگەشە و ئەرکی بەرپرسانی حکومی خستەڕو.

لەکۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگی خزمەتکردنی هاوڵاتیان و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری دا و جەختی کردەوە خواستەکانی هاوڵاتیان بە ئێمەی یەکێتی و گۆڕان دێنەدی، بۆیە دەبێت پێکەوە کار بکەین بۆ سەرخستنی هاوپەیمانی کوردستان و کاندیدەکانی.

لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا داوای لە بەرپرسانی حکومی کرد، سەرەڕای ئەرکەکانیان لە کاری حکومی کە خزمەتکردنی هاوڵاتییانە، هاوکار بن لەگەڵ ئێمە و کاندیدەکان و کاربکەن بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی هاوپەیمانی کوردستان. وتیشی:" بەشێکی زۆری گرفت و کەموکوڕییەکانی هەرێمی کوردستان، چارەسەر کردنیان لە بەغدایە، بەتایبەت پرسی بودجە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران".

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، "ئێمە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گرنگداین و ئەم هاوپەیمانێتیەش دواین خەون و رۆئیای خوالێخۆشبوان مام جەلال و کاک نەوشیروانە،  بۆیە دەبێت هەموان هەوڵی سەرخستنی بدەین و ئەو خەونە گەورەیەش بەدی بهێنین".

قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە، "دەبێت کار بکەین لەسەر بەشداریکردنی زۆرترین دەنگدەر لەو هەڵبژاردنەدا، یەکگرتویی یەکێتی و گۆڕان لێرە و لە بەغدا کاریگەری دەبێت لەسەر باشتر خزمەتکردن و بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان".

هەروەها شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، وێڕای پشتگیریکردن لە وتەکانی قوباد تاڵەبانی، جەختی کردەوە کە "دەبێت پێکەوە کار بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان بکەین و ئەو ئەرکەش لەسەر گۆڕان و یەکێتییە و خواستی هاوڵاتیانیش بە کار و بەرنامەی هاوپەیمانی کوردستان بەدی دێت".

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد داوای کرد بەرپرسانی حکومی هەوڵ بدەن خزمەتێکی زیاتر بە دانیشتوانی ئەو گەڕەکانە بکەن کە هەژار نشینن، کە خزمەتکردنی خەڵک هەژار و کەم داهات ئامانجی هاوپەیمانی کوردستانە.

ئاسۆ رەحیم، ئەندامی جڤانی نیشتیمانی گۆڕان ئاماژەی بە گرنگی هاوپەیمانی یەکێتی و گۆڕاندا لەم هەڵبژاردنەدا و رایگەیاند، "خەڵکی کوردستان داوای خزمەتکردنمان لێ دەکەن و ئێمە لەبەردەم ئەو تەحەدایە داین وەک هاوپەیمانی کوردستان، بۆیە هەروەک چۆن دەبێت بە یەکگرتوییمان لە بەغدا چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان بکەین، ئاواش دەبێت لێرە لەڕێی نوێنەرانمان لە حکومەت خزمەتی زیاتر بە هاوڵاتیان بکەین".
 

لایخۆیەوە هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بە وردی باسی لە گرنگی سەرخستنی هاوپەیمانی کوردستانی کرد  و رایگەیاند، کە "دەبێت نوێنەرانی یەکێتی و گۆڕان لە حکومەت وێنە و ئاوێنەی ئەو دو حزبە بن لە بەردەم هاوڵاتییاندا و جێبەجێکاری پلان و بەرنامەی یەکێتی و گۆڕان بن بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان".

پارێزگاری سلێمانی وتیشی، "خەڵکی ئێمە خاوەن ئیرادەن و مافی خۆیانە داوای خزمەتمان لێ بکەن و ئەوەشیان لێ ڕادەبینین کە لەگەڵمان بن لەم هەڵبژاردنەدا".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار