ماکرۆن: نێچیرڤان بارزانی هاوپەیمانی سەرەکی فەرەنسایە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

سەرۆککۆماری فەرەنسا، رایگەیاند:"  نێچیرڤان بارزانی هاوپەیمانی سەرەکی فەرەنسایە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر".

لە راگەیێندراوەکەی کۆشکی ئیلیزێدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، لە رۆژانی شەممە و یەکشەممە سەردانی بەغدا، هەولێر و موسڵ دەکات. لەم سەردانەیدا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ژان ئێف لۆدریان، یاوەریی ماکرۆن دەکات.

راگەیێندراوەکەی کۆشکی ئیلیزێ، هاتووە  ئیمانوێل ماکرۆن جیاواز لە سەرکردەکانی دیکەی عێراق باسی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و بە "هاوپەیمانیی سەرەکیی فەرەنسا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" ناوی دەبات.

کۆشکی ئیلیزێ دەڵێت، لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق، ئیمانوێل ماکرۆن تیشک دەخاتە سەر بەردەوامی هاوئاهەنگی هاوبەش لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لەگەڵ پێشکێشکردنی پاڵپشتی فەرەنسا بۆ دووبارە بونیادنانەوەی عێراق و پشتیوانیکردنی پرۆسەی سیاسیی ئێستا و پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەنێوان فەرەنسا و عێراق.

دواتر ماکرۆن لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و لیژنەکانی پەرلەمان و سەرۆکی گرووپی دۆستایەتیی عێراقی – فەڕەنسی کۆدەبێتەوە.

لەبارەی کۆنگرەی بەغدا بۆ هاوئاهەنگی و هاوبەشی، لە راگەیێندراوێکەی کۆشکی ئیلیزێدا هاتووە: "ئامانجی ئەم کۆنگرەیە کە عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرەنسا رێکیدەخات بۆ هەموو وڵاتانی دراوسێی عێراق، کارکردنە بۆ بەرژەوەندی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەسەندنی وڵات. بەڕێوەچوونی ئەم کۆنگرە بێوێنەیە دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە گفتوگۆی نێوان وڵاتان و گەیشتن بە تەواوکاریی هەرێمی".

هەر لەو ماوەیەی ماکرۆن لە بەغدا دەمێنێتەوە، سەردانی ناوچەی کازمییەی شیعەنشین دەکات. دواتر لەگەڵ نادیە موراد، کچە کوردی ئێزدی و باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کۆدەبێتەوە.

لە موسڵیش ئیمانوێل ماکرۆن چاویدەکەوێت بە نوێنەرانی کریستییانەکانی رۆژهەڵات لە کاتیدرالی ئەلساعە، سەردانی شوێنی مزگەوتی نووری گەورەش دەکات کە ئێستا نۆژەن دەکرێتەوە. سەردانی زانکۆی موسڵیش دەکات.

راگەیێندراوەکەی کۆشکی ئیلیزێ، جیاواز لە سەرکردەکانی دیکەی عێراق باسی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و بە "هاوپەیمانیی سەرەکیی فەرەنسا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" ناوی دەبات.

ئیلیزێ دەڵێت، ماکرۆن لە هەولێر "لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان عێراق و هاوپەیمانی سەرەکی فەرەنسا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کۆدەبێتەوە".

لە ساڵی 2-12-2017 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەرەنسا، یەکەم کۆبوونەوەیان ئەنجامدا، ئەو کاتە ماکرۆن نێچیرڤانی بارزانی بانگهێشتی کۆشکی ئیلیزێ کرد لە پاریس. کۆبوونەوەی دووەمیش هەر لە کۆشکی ئیلیزێ بوو لە 10-7-2019، کۆبوونەوەی سێیەمیش لە بەغدا بوو لە 2-9-2020، کۆبوونەوەی چوارەمیش لە کۆشکی ئیلیزێ بوو لە 30-3-2021.

سەرۆککۆماری فەرەنسا هەر لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانیش کۆدەبێتەوە، هەروەها نوێنەرانی پێشمەرگە.

ئاماژە بەوەشکراوە کە ئیمانوێل ماکرۆن لە هەولێر لەگەڵ خێزانی یەکێک لە قوربانییەکانی داعشیش کۆدەبێتەوە "ئەوەش وەکو رێزلێنان و بەرزنرخاندن بۆ شەرڤانانی کورد لە دژی تیرۆر"، ئیلیزێ دەڵێت.

دەقی راگەیێندراوی کۆشکی ئیلیزێی فەرەنسا:

سەرۆککۆمار، رۆژانی شەممە 28 و یەکشەممە 29ی مانگی ئاب، سەردانی کۆماری عێراق دەکات، لە بەغدا و هەولێر و موسڵ. لەم سەردانەدا وەزیری دەرەوە ژان ئێف لۆدریان یاوەریی دەکات.

سەرۆککۆمار لەگەڵ بەڕێز مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی کۆماری عێراق، ئینجا بەڕێز بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق کۆدەبێتەوە. سەرۆککۆماری فەرەنسا تیشک دەخاتە سەر بەردەوامی هاوئاهەنگی هاوبەش لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لەگەڵ پێشکێشکردنی پاڵپشتی فەرەنسا بۆ دووبارە بونیادنانەوەی وڵات و پشتیوانیکردنی پڕۆسەی سیاسی ئێستا و پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەنێوان فەرەنسا و عێراق.

ئیمانوێل ماکرۆن جیاواز لە سەرکردەکانی دیکەی عێراق باسی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و بە "هاوپەیمانیی سەرەکیی فەرەنسا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" ناوی دەبات.

هەروەها لەگەڵ بەڕێز محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان و لیژنەکانی پەرلەمان و سەرۆکی گرووپی دۆستایەتی عێراقی – فەڕەنسی کۆدەبێتەوە.

سەرۆکککۆمار ئامادەی کۆنگرەی بەغدا بۆ هاوئاهەنگی و هاوبەشی دەبێت. ئامانجی ئەم کۆنگرەیە کە عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرەنسا رێکیدەخات بۆ هەموو وڵاتانی دراوسێی عێراق، کارکردنە بۆ بەرژەوەندی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەسەندنی وڵات. بەڕێوەچوونی ئەم کۆنگرە بێوێنەیە دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە گفتوگۆی نێوان وڵاتان و گەیشتن بە تەواوکاریی هەرێمیی.

هەر لە بەغدا، سەرۆک سەردانی ناوچەی کازمییەی شیعە دەکات. لەگەڵ نادیە مورادیش کۆدەبێتەوە کە براوەی خەڵاتی 2018ی نۆبڵە بۆ ئاشتی، ئەوەش بۆ تاوتوێکردنی رەوشی پێکهاتەی ئێزدی و مافەکانی ژنان.

لە موسڵ، سەرۆک چاویدەکەوێت بە نوێنەرانی کریستیانەکانی رۆژهەڵات لە کاتیدرالی ئەلساعە، سەردانی شوێنی مزگەوتی نووری گەورەش دەکات کە ئێستا نۆژەن دەکرێتەوە. سەردانی زانکۆی موسڵیش دەکات لەگەڵ گەنجە عێراقییەکان لە کچان و کوڕان، پیاوانی کار و قوتابییان.

لە هەولێر، سەرۆککۆمار لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان عێراق و هاوپەیمانی سەرەکی فەرەنسا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کۆدەبێتەوە. لەگەڵ سەرۆکی پێشووی هەرێمیش، بەڕێز مەسعوود بارزانی، کۆدەبێتەوە، هەروەها لەگەڵ نوێنەرانی پێشمەرگە. سەرۆک لەگەڵ خێزانی یەکێک لە قوربانییەکانی داعشیش کۆدەبێتەوە، ئەوەش وەکو رێزلێنان و بەرزنرخاندن بۆ شەرڤانانی کورد لە دژی تیرۆر.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار