تورکیا: ئێمە قبوڵ ناکەین پەکەکە لەعێراق هەبێت و ببێتە هەڕەشە بۆمان

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند: " ئێمە قبوڵ ناکەین پەکەکە لەم ناوچەیە هەبێت و ببێتە هەڕەشە بۆ تورکیا، ئێمە پاڵپشتی تەواوی خۆمان ئاڕاستەی عێراق دەکەین بۆ ئەوەی پەکەکە لە عێراق نەمێنێت".
ئەمڕۆ شەممە 28ی ئاب 2021 مەولود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەمیانی وتارێکدا لە لوتکەی بەغدا بۆ هاریکاری و هاوبەشی رایگەیاند، "لە ساڵی 2003 ئێمە سەرۆکایەتی کۆبونەوەیەکی بەرفراوانمان کرد لەسەر ئاستێکی باڵا بۆ ئەوەی کە بتوانین سەقامگیری عێراق بپارێزین، وەکو لە چۆن هەوڵماندا پاڵپشتی لە عێراق بکەین بەهەمانشێوە ئەمڕۆش پشتیوانی دەکەین، عێراق برای ئێمەیە و هەمومان ئەمە باش دەزانین ئەگەر بێت و عێراق سەقامگیر نەبێت هیچ کەسێک ئاسودە نابێت لە ماڵی خۆی و بە ئاسودەیی لە ماڵی خۆی دانانیشێت و خۆشگوزەران نابێت".
چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا، کە حکومەتەکەی مستەفا کازمی ھەنگاوی باشی ناوە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی گەلی عێراق و وتی، "ئامادەین بەشداری لە پڕۆژەکانی ژێرخان لە عێراقدا، بکەین".
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لە بوونی پەکەکە لە عێراق و هەڕەشەکانی بۆ سەر تورکیا ئەوەشی خستەڕو: "گەشەی ئابوری و بازرگانی ناکرێت جێبەجێ بکرێت، ئەگەر بێت و ئەو ئاڵنگاریانەی کە لەناو عێراقدا هەیە بمێنێتەوە بەتایبەتی ئاڵنگاری گروپە چەکدارەکان، کە کێشەیەکی زۆر دروست دەکەن بۆ عێراق و ناوچەکە، ئێمە باش دەزانین کە گروپەکان داعش و پەکەکە و گوللەن کێشەیەکی زۆریان دروستکردوە لەم ناوچەیە، ئێمە قبوڵ ناکەین پەکەکە لەم ناوچەیە هەبێت و ببێتە هەڕەشە بۆ تورکیا، ئێمە پاڵپشتی تەواوی خۆمان ئاڕاستەی عێراق دەکەین بۆ ئەوەی پەکەکە لە عێراق نەمێنێت".
وتیشی، "ئومێد دەکەین ئەم لوتکەیە ببێتە مایەی زیادبوونی ھاریکارییەکانمان لەسەر ئاستی ھەرێمی".
چاوشئۆغلو باسی لەوەشکرد، "ئێمە لە چوارچێوەی وڵاتێکی دراوسێ بەهەمو شێوەیەک پاڵپشتی براکانمان لە عێراق دەکەین، لە هەمان کاتدا تورکیا توانیویەتی لەم چوارچێوەیەدا لە ریزبەندی یەکەمی وڵاتان بێت کە هیچ کاتێک پشتی لە عێراق نەکردوە، تورکیا بە هەمو شێوەیەک هەوڵ دەدات بازرگانی و ئابوری خۆی لەگەڵ عێراق بەهێز بکات و دەیەوێت دەروازەی سنوری زیاتر بکاتەوە لە روی وشکان و هێڵی ئاسنین و دامەزراندنی ناوچەی پیشەسازی لە موسڵ و جێبەجێکردنی بەنداوی زۆر گەورە، ناکرێت هەموی بە یەکجار جێبەجێ بکرێت بەڵکو هەنگاو بە هەنگاو هەوڵی بۆ دەدرێت، بۆ ئەمەش زۆر پێویستمان بەوەیە سەقامگیری ئەم وڵاتە بپارێزرێت و پێکەوە دەست لەناو دەست بنێین".
لە لوتکەی بەغدا بۆ ھاریکاری و ھاوبەشی بەغدا، ھەریەکە لە سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆکوەزیرانی کوێت، سەباح خالید ئەحمەد سەباح، سەرکۆماری میسر،عەبدولفەتاح سیسی، میری قەتەر تەمیم بن حەمەد ئال سانی، شای ئوردن عەبدوڵڵای دووەم و جێنشینی ئەبوزەبی، محەمەد بن زاید ئال مەکتووم، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، ئەحمەد ئەبو غێت و وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، ئێران و سعوودیە و نوێنەرانی یەکێتیی ئەورووپا، ئەمریکا، بەریتانیا بەشدارن.
