راکان جبوری داوای کۆبونەوەی بەپەلە و خێرا لە كازمی دەکات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و خێرا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و دەڵێت:" رفاندن، سەرانەوەرگرتن و هێرشکردنە سەر گوندەکان لەلایەن تیرۆریستانەوە بەردەوامە".
ئەمڕۆ یەکشەممە 05-09-2021، راکان سەعید جبووری، پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند، "دۆخی ئەمنیی کەرکووک لاوازە، رۆژانە هێزە ئەمنییەکان رووبەڕووی هێرشی چەکداری دەبنەوە، بۆشاییەکی ئەمنیی زۆر هەیە کە لەلایەن تیرۆریستانەوە سوودی لێدەبیندرێت و لێیەوە هێرش دەکرێتە سەر هێزە ئەمنییەکانمان."
بە وتەی راکان سەعید، ئەوان پێش دوو مانگ "بەدیاریکراوی لە مانگی تەممووز نووسراوی فەرمیمان بۆ سەرۆکوەزیران ناردووە، تێیدا سەرجەم خاڵە لاوازەکانمان دەستنیشانکردووە، هەموو چارەسەرێکیشمان پێشنیاز کردووە، لە راستیدا سەرۆکوەزیران ئەو نووسراوەی ئێمەی بەسەر سەرجەم فەرماندە ئەمنییەکان دابەشکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا جموجوڵێکمان بەدینەکردووە."
شەوی رابردوو لە رەشاد چەکداری داعش هێرشیان کردە سەر هێزە ئەمنییەکان و بەهۆیەوە 13 پۆلیسی فیدراڵی کوژران.
پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک راشیگەیاند، "هێزە ئەمنییەکانمان بە بەردەوام لە رۆژئاوای شارەکە لە چیای قەرەچووخ، هەروەها لە وادی نەفت، وادی ئەبو خەناجر و زخێتون و باشووری داقووق رووبەڕووی هێرشی چەکداری دەبنەوە، هەربۆیە داوا دەکەین سەرۆکوەزیران خودی خۆی دەستوەردان بکات، داوای بەستنی دانیشتنێکی خێرا و بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی دەکەین. خوێنی رۆڵەکانمان پێویستی بە هەڵوەستەیەکی جیددی هەیە لەلایەن فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانەوە."
راکان سەعید، ئاماژە بەوە دەدات، کە دیاردەی "رفاندن، سەرانەوەرگرتن و هێرشکردنە سەر گوندەکان لەلایەن تیرۆریستانەوە بەردەوامە، لەم دواییانەدا هێرشیان کردە سەر گوندی دۆگشمان و تەنانەت مەڕ و ماڵەتەکانیشیان کردنە ئامانج."
بە وتەی راکان سەعید، سەرەڕای ئەوەی ئەوان فەرماندەی سەربازی نین و خاوەن تایبەتمەندی نین، "بەڵام بەپێی زانیارییەکانمان و لە رێگەی ئەو راوێژانەی کردوومانە، ئەو رێگەیەی بۆ چارەسەرکردنی تیرۆر بەکاردەهێندرێت، رێگەیەکی هەڵەیە، ئەو هەڵەیەش لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتەکە سەلمێندراوە."
