نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ سەرۆکى پەرلەمانى ئوردن پەیوەندییەکانى هەرێم و عەمانیان تاوتوێکرد
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازی لە سەرۆکى پەرلەمانى ئوردن کرد و هەردولا پەیوەندییەکانى هەرێم و عەمانیان تاوتوێکرد
سەرۆکایەتی هەرێم بڵاویکردەوە، نیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە عەبدولمونعم ئەلعەودات سەرۆکى پەرلەمانى شانشینى ئوردنیى هاشمى و شاندێکى یاوەرى کرد، لە کۆبونەوەیەکدا کە سەرۆکى پەرلەمان و جێگرانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و جێگرانى سەرۆکى پەرلەمان و وەزیرى کاروبارى پەرلەمان و باڵیۆزى ئوردن لە عیراق ئامادەى بون، پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و شانشینى ئوردنى و چۆنیەتیى بەرەوپێشبردنیان تاوتوێ کران و هەردولا پەیوەندییەکانیان بە مێژویى لە قەڵەم دا.
ئەوەش هاتوە، شاندى ئوردنى، بەردەوامیى پشتگیریى شا عەبدوڵڵا و شانشینى ئوردنیى هاشمییان بۆ هەرێمى کوردستان دوپاتکردەوە و "ڕێز و پێزانینیان بۆ ڕۆڵى هەرێمى کوردستان لە شەڕى دژى تیرۆر و تێکشكاندنى داعش دوپاتکردەوە و بە بایەخەوە باسیان لە ڕۆڵ و پێگەى هەرێمى کوردستان لەسەر ئاستى عیراق و ناوچەکە بۆ پاراستنى هاوسەنگى و سەقامگیرى کرد".
سەرۆکایەتی هەرێم دەڵێت، نێچیرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانینى هەرێمى کوردستانى بۆ پشتگیریى بەردەوامى شا عەبدوڵڵاى دوەم و ئوردن چ لە سەردەمە سەختەکانى ڕابردو و چ ئێستا لە هەرێمى کوردستان دووپاتکردوەتەوە و خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ برەودان بە هەمو بوارەکانى پەیوەندیى لەگەڵ ئوردن دەربڕیوە.
ئەوەش خراوەتەڕو، دۆخى سیاسى و ئەمنیى عیراق و هەرێمى کوردستان و برەودان بە بوارەکانى هاریکارى و هاوبەشى، هەڵبژاردنەکانى داهاتوى عیراق، مەترسییەکانى تیرۆر و بەرەنگاربونەوەى داعش، پەتاى کۆڤیدـ19 و لێکەوتەکانى، دەرفەتى کار و وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆى چارەسەرکردنى کێشەکانیان لەگەڵ چەند بابەتێکى دیکە، تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکە بون.
