كشانی ئێرانییەكان و كشانەوەی ئەمریكا
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڕێ توانا
بۆردوومانەكانی ئەم دوو رۆژەی رابردووی كۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ سەر ناوچەكانی برادۆست چەندە پاساوبوونی بنكەو بارەگاكانی هێزەكانی رۆژهەڵاتە دوو ئەوەندە «مەسج» ناردنێكە هەم بۆ هەرێم هەم بۆ ئەمریكاییەكان، بۆیە نابێت ئەم بۆردوومانانەی ئێستا تەنها لەچوارچێوەی ترس و پرسی ئاسایشی سنووریدا بخوێندرێتەوە.
ئاخر ئێستا هەم حیساب جیاوازە هەم كیتاب، ئاشكرایە لەساڵانی رابردووشدا هێزەكانی رۆژهەڵات لەو ناوچەیەدا جۆرێك لەئامادەییان هەبووەو كۆماری ئیسلامی ئێرانیش بۆردوومانەكانی تەنانەت لەقوڵایی هەرێمی كوردستان ئەنجامداون، بەڵام ئەوەی لەئێستاو ئێرەدا جیاوازە كۆمەڵێك ئاماژەی تر هەن، كەپێكەوەكشانی ئێران بۆ تەواوی هەرێمی كوردستان دەردەخات، هەر لەتیرۆری سەركردە نەیارەكانی رۆژهەڵات لەهەرێم و هێرش و هەڕەشەی گروپە (درۆن) چیەكانی ناوە ناوەی سەر هەولێر رێك دەلالەت لەو هەنگاوە ئێستاو ئایندەیی كشانی ئێرانیەكان دەكات.
كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەئەفغانستان و كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەم وڵاتە لەلایەن بزووتنەوەی تاڵیبان، لەژێر رۆشنایی رێككەوتنێكی ئەمریكی و سەركردەكانی بزووتنەوەی تاڵیبان بەنێوەنگری قەتەر، پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكای لەعێڕاقدا تۆختركردووەتەوە، زۆرینەی ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە و میدیاكان و چاودێرانی رەوشی سیاسی پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێڕاق بەمسۆگەر ناودەبەن، چونكە لەسەردەمی ئیدارەی باراك ئۆباما و دۆناڵد ترامپ بەزەقتر ، گوتاری زاڵ لەسیاسەتی دەرەوەدا بەو چوار وشەیە قفڵدار كرا، ئەویش ئەوە (كۆتای بەشەڕە ناكۆتاكان دێنین) ئیدی پێناچێت كە ئەم گوتارە بەتەنها گوتارێكی ئینتیخابی بێت، بەڵكو بەدروستی ئەمریكاییەكان تێگەیشتن لەوەی مانەوەیان لەئەفغانستان و عێراق بۆ ماوەیەكی دوور مەودا هەم تێچووی گیانی پێویستە و هەمیش دارایی، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەمریكاییەكان عاملی نا ئاگاداری كشانی زیاتری ئێرانییەكان بوون لەناوچەكە، بۆیە لەئێستادا ئەمریكا لەبیرو تەكبیری پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەدان كەبەكشانەوەی ئەوان لەعێڕاق دروستدەبێت.
یەكێك لەسیناریۆكانیشیان مانەوەی بەشێك لەهێزەكانیەتی لەهەرێمی كوردستان، ئێرانییەكان لە هەوڵ و هەنگاوی ئەوەدان لەڕێگای گروپ و كەتائیبە وەلائچیەكان (ویلایەت) هەم دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان تەنگەتاو بكەن و هەم هێزەكانی ئەمریكا ناچار بەجێهێشتی تەواوی عێراق بكەن، سیناریۆیەكی تر كە لەناوەندە میدیاییەكان بۆتە رۆژەڤ پرسی درووستكردنی هەرێمی سونییە كە دوورنیە سێكوچكەی توركیا ، ئەردەن، قەتەڕ، پاڵپشتی سیناریۆیەكی وابكەن.
ئاشكرایە كە بەشێك لەسەركردە راونراوەكانی سوننە لەتوركیا و بەشێكی زۆری سەركردەی بەعسیەكان لەمیوانی ئەردەنی شاعبدوڵادان، ئیدی ئێرانییەكان كەسەبری فەرش چنینیان هەیە لەجوڵەو هەنگاونان، ئەمما بەش بەحاڵی ئێستا هەستیارن و ئاگادارن كەوا دوور نیە جوڵانەوەیەكی سیاسی چەكداری سوننی تۆزێك كەمتر لەداعش جوگرافیا و تۆپۆگرافیای سوننەی پێ پڕبكرێتەوە، بۆیە هەرێمی كوردستان بەلای كۆماری ئیسلامی ئێران ئەو پانتایە سیاسی و سراتیجیەیە كەوا فڕزە دەبێت بەچوار چاو چاودێری بكات، هەیمەنەی بەسەریدا هەبێت.
پێویستە سەركردایەتی سیاسی كوردستان بەوردبینییەوە مامەڵە لەگەڵ كشانی ئێرانییەكان بكات بۆ هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی هاوشێوەی سوپای توركیا دەیان كیلۆمەتر لەخاكی هەرێمی كوردستان داگیرنەكەن، چونكە لایەنە كوردییەكانی رۆژهەڵات بەئاگاداری ئێرانییەكان لەخاكی هەرێمدا نیشتەجێكراون، ناكرێت ئەوە بكرێتە بیانو بۆ داگیركردنی خاكی زیاتری هەرێمی كوردستان.