تیمی cptی ئەمریكی بۆ هاوڵاتی: یەكێك لە زیندانیە مانگرتووەكان باری تەندروستی ناجێگیرە

3 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

ئەندامێكی  تیمی کوردستانی عێراقی cptی ئەمریكی رایگەیاند یەكێك لە زیندانیانی بادینان بە ناوی  ئەیاز کەرەم  كە ماوەی 12ڕۆژە مانی لە خواردن و خواردنەوە گرتووە باری تەندروستی ناجێگیرە و  " خەریكە چاوەكانی ڕۆشنایی لەدەست دەدەن". رێكخراوی تیمی کوردستانی عێراقی cptی ئەمریكی داوا دەكەن هەموو تۆمەتەكان هەڵبوەشێنرێنەوە و كەیسەكانیان بەتەواوی چارەسەربكرێت دادگا یەكی دادپەروەرانە بكرێن.

 ئەمرۆ شەممە 18ی ئەیلوول 2021 كامەران عوسمان، ئەندامی  تیمی کوردستانی عێراقی cptی ئەمریكی لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" لەدوێنێوە ئاگادارین باری تەندرستی ئەیاز كەرەم تێكچووە، بەهۆی مانگرتنەكەوە چاوی كز بووە و دوێنێ‌ ئێوارە لە هۆش خۆی چووە و لەئێستادا لەلایەن تیمێكی پزیشكیەوە چاودێری دەكرێت".

كامەران عوسمان وتیشی:" ئەیاز كەرەم تائێستا لە مانگرتنەكەی بەردەوامە و نەیشكاندووە".

ئەمەش لەكاتێكدایە ئەیاز كەرەم ئەمە سێیەم جارە مانگرتن ڕادەگەیەنێت. زیندانیانی چاكسازیانی گەورانیش چوار كەسی دیكەیان لەمانگرتن بەردەوامن و ئەندامی ئەو ڕێكخراوە وتی:" ئەمڕۆ هیچ پەیوەندیەكمان نەبووە و ئاگاداریان نین، لەهەوڵداین تا لە بارودۆخیان بزانین".

ئەم ئەندامی ڕێكخراوە نێودەوڵەتیە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد تەواوی رێكخراوە نێودەوڵەتی و جیهانیەكان و كۆنسوڵخانەكانیان لە دۆخی زیندانیانی بادینان ئاگادار كردۆتەوە و وتی:" بەردەوام دەبین، وەك هەمیشە چاودێری بارودۆخ و دادگایكردنەكانیان دەبین".

كامەران عوسمان، جەختی لەوەشكردەوە تۆرێكی جیهانی و نێودەوڵەتی گەورەیان پێكهێناوە لەسەر ئەم كەیسانە و لەهەوڵەكانیان بەردەوامن تا بە تەواوی "تۆمەت و سزاكانیان" هەڵدەوەشێنرێتەوە بەردەوام دەبن.

ناوبراو ئەوەشی ئاشكراكرد هەوڵیان داوە هەفتەی داهاتوو كەسوكاری زیندانیەكان سەردانیان بكەن و دواتر وەك رێكخراوەكە بچنە سەردانیان و لە بارودۆخیان ئاگادار بنەوە.

لەئێستادا زیاتر لە 80 زیندانی هەولێر و دهۆك  بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە چاكسازی گەورانی هەولێرن كە تەنها 11 كەس لەوانە پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە و  كەیسەكانیان گەیشتووە بە دادگا.

لەبارەی هەوڵەكانیان بۆ لای لایەنە حكومیەكان و بەرپرسەكانی هەرێم ئەم ئەندامە وتی:"لەئێستادا پێنج راپۆرت و 7 بەیاننامەمان دەركردووە و روی دەممان لەحكومەتی هەرێم بووە پێش هەموو كەس، بەڵام بۆ ئەو پێنج زیندانیەی بادینان و قارەمان شوكری كە لەئێستادا رێكاری یاساییان تەواو بووە، هەموو شتە یاساییەكان تەواو بووە تەنیا لێبوردنی گشتی سەرۆكی هەرێم ماوە، بۆیە ئێمەش بەوە دڵشاد نین كە داوای لیبوردنی گشتیان بۆبكرێت بەڵكو پێویستە هەموو تۆمەتەكان هەڵبوەشێنرێنەوە و كەیسەكانیان بەتەواوی چارەسەربكرێت و داوای دادگایی دادپەروەرانە دەكەین".

هاوكات  کۆمیتەی ماف و ئازادییەکان لە کوردستان و ئەوروپا  رایگەیاند:" مانگرتنی زیندانیانی بادینان گەیشتە مەترسیدارترین قوناغ و داوای بەھاناوەچون دەکەن ماوەی ١٢ رۆژە بە دروشمی "یان مردن یان ماف و ئازادی" ٨٢ چالاکوان و رۆژنامەنوسی بادینان لە زیندان دەستیان کردوە بە مانگرتن لە خواردن و خواردنەوە و لەئێستادا دۆخیان مەترسیدارە".

 ئێستا ٨٢ زیندانی بادینان کە ٧٧یان زیاتر لە ساڵێکە بێ دادگایی لە زیندانی ئاسایشی گشتی ھەولێر و چاکسازی گەورانن، لەئێستادا لەسەر مانگرتن بەردەوامن، دۆخی تەندورستی بەشێکیان زۆر خراپە و داوای مافە سەرەتاییەکان و ئازادبوونیان دەکەن. لە ھەمان کاتدا داوا لە ڕای گشتی، رێکخراوە ناوخۆیی و جیھانیەکان، لایەنە سیاسیەکان و نوێنەرانی وڵاتان دەکەن بە ھانایانەوە بچن.

لەڕۆژی 6ی ئەم مانگەوە، هەریەك لەمەسعود عەلی حاجی، بەندەوار ئەیوب ڕەشید، کارگەر عەباس عەلی، شێروان تەها ئەمین، چالاکوانانی دەستگیرکراوی بادینان مانگرتن تا مردنیان دەستپێکردوەو بەدوای ئەوانیشدا بەگشتیی 82 ڕۆژنامەنوس‌و چالاکوانی بادینان دەستیان بەمانگرتن لەخواردن کردوە.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار