باوكی روحیی ئێزیدییەكان بۆ "یەكڕیزی" دەگاتە شەنگال
3 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
دوای رزگاركردنی شەنگال بابە شێخ بۆ یەكەمجارە سەردانی قەزای شەنگال دەكات و لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و سەرۆك عەشرەتەكان كۆدەبێتەوە و لایەنەكانیش دەڵێن بۆ یەكڕیزی ئێزیدیەكان هاتووەو باوكی رووحی ئێزیدیانە.
عەلی شێخ ئەلیاس ، بابەشێخی هەموو ئێزیدییەكان بۆ یەكەمجار دەچێتە قەزای شەنگال، لەكاتێكدایە كەئێستا گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردنە، بۆیە بەشێك لەئێزیدییەكان بەگومانن كە مەبەستی سیاسی لەپشتەوە بێت.
رۆژی 17ی ئەیلولی 2021 سەردانەكەی بۆ قەزای شەنگال دەستپێكرد و بڕیارە هەفتەیەك بمێنێتەوە، زۆرینەی هێزو لایەنە سیاسیەكانی لەشێوازی هەڵبژاردنی بابەشێخ ناڕازیبوون ، سەرباری ناڕەزایی ئەوان لە 18 _ 11_ 2020 دەستبەكار بووە.
حەسۆ ئیبراهیم، جێگری ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال لەلێدوانێكدا بە وت: « بابەشێخ سەردانی بارەگای هاوسەرۆكی هاوبەشی مەجلیسی خۆسەری دیمۆكراتی كرد وەكو مەرجەعی باڵای ئایینی و بابی رووحی ئێزیدییەكان پێشوازییەكی گەرممان لێكرد، بابە شێخ جەختی لەوە كردەوە كە ئەو هاتووە بۆ شەنگال تەنها بۆ یەكگرتنی هەموو ئێزیدییەكان، هەروەها چارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتییەكان».
حەسۆ ئیبراهیم هێمای بۆ ئەوەكرد پرسی سیاسییان لەگەڵ بابە شێخ تاووتوێ نەكردووە، وتیشی:»بەهیچ شێوەیەك دەستتێوەردان لەكاروباری سیاسیدا ناكات تاشوێن و مەكانەتی هەر پیرۆز بێت لای تەواوی چین و تووێژەكانی كۆمەڵگای ئێزیدی، پێویستە پارتی هیچ فشارێك لەسەر بابە شێخ نەكات و بەكارینەهێنێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن یان هەر پرسێكی سیاسی، چونكە كاری ئەو تەنها ئاینییە».
هەروەها خودێدا چوكی ، بەڕێوەبەری ناحیەی سنون سەر بەقەزای شەنگال، كە لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بووە بە بەڕێوەبەری ناحیە بۆ ، ئاماژەی بەوەكرد كە لایەنە سیاسییەكان دەستتێوەردان لەكاروباری ئەودا دەكەن ، چونكە لایەنە سیاسییەكان دەستتێوەردان لەكاروباری هەموو ئایینەكاندا دەكەن، وتیشی:» بابە شێخ بۆ یەكگرتوویی و تەوافقی ئێزیدییەكان هاتووە، چونكە پێش 3ی ئابی 2014و دوای ئەوە كۆمەڵێك رووداوی كوشتن و كێشەی كۆمەڵایەتی روویداوە، بۆیە ئەو هاتووە تا ئەو كێشانە چارەسەر بكات».
بەرپرسی راگەیاندنی بابە شێخ ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە هیچ مەرامێكی سیاسی لەپشت سەردانەكەی بابە شێخەوە نیەو تەنها ئامانجی یەكخستنی ئێزیدییەكانە.
سەباح سەمیر، بەرپرسی راگەیاندنی بابە شێخ لەلێدوانێكدا بە وت: «سێ رۆژە لەقەزای شەنگالین بابە شێخ لەگەڵ سەرۆك عەشیرەت و پیاوانی ئایینی و خەڵكی ناوچەكە كۆدەبێتەوە و سەردانی مەزارگەو شوێنە پیرۆزەكانی ئێزیدی دەكات».
سەباح سەمیر وتیشی: « بابە شێخ بابی رووحی ئێزیدییەكانە، جگە لەكاری ئایینی دەستتێوەردان لەكاروباری سیاسیدا ناكات، سەردانەكەشی هیچ پەیوەندی بەبانگەشەی هەڵبژاردنەوە نیە، چونكە ئەو هیچ ئاڵایەكی سیاسی بەرزنەكردووەتەوە».
«راستە هەندێك لایەنی سیاسی هاتوونەتە دیدارەكەی بابە شێخ و پێكەوە قسەیان كردووە، بەڵام دڵنیایی دەدەینە هەموو لایەك لەدانیشتنەكەدا باسی هیچ پرسێكی سیاسی نەكراوە، تەنیا قسە لەسەر ئەوە كراوە كە پێویستە ئێزیدییەكانی شەنگال و شێخان و هەموو ناوچەیەك یەكڕیز و یەكگرتوو بن» بەرپرسی راگەیاندنەكەی وا دەڵێت.
سەباح سەمیر ئەوەشی دووپاتكردەوە كە «كێشەمان لەگەڵ ئەوە نیە هەر ئێزیدییەك سەر بەحزبێك و لایەنێك بێت، ئێزیدییەكان ئازادن لەوە، بەڵام بۆ پرسی ئایینی و كۆمەڵایەتی دەبێت یەكڕیزو یەكگرتوو بن، لەژێر فشاری هیچ لایەنێكی سیاسی سەردانی شەنگالی نەكردووە».