ساختەكاری بووەتە مۆتەكەی هەڵبژاردن

نەتەوەیەكگرتووەكان لەجێگەی سەرپەرشتیكردن لەگەڵ 76 وڵاتی نێودەوڵەتی چاودێری هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكەن

3 ساڵ لەمەوپێش



نامۆ سەربەست

وڵاتانی نێودەوڵەتی بە رابەرایەتی نەتەوەیەكگرتووەكان دەیانەوێت چاودێری وردی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بكەن و بۆ ئەو مەبەستە 76 وڵات بە 800 كەسەوە چاودێری پرۆسەكە دەكەن.

هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی پەرلەمانی عێراق لە 10ی تشرینی یەكەمدا، گرنگترین هەڵبژاردنی مێژووی وڵات دەبێت، چونكە دەرئەنجامی خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019یە كە كۆتایی بەحكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی هێناو بووەتە جێی سەرنجی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بەتایبەت دوای هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن كە عێراقی كردە 83 بازنە كە پێشتر تەنها 18 بازنە بوو.

مستەفا كازمی سەرۆكی حكومەتی عێراق چەندین جار ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە «هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەمجارە، چارەنووسـساز و یەكلاییكەرەوە دەبێت».

گرنگیی هەڵبژاردنەكە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لەبەشداریكردن و چاودێریكردنی وڵاتان و نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە جیهانییەكانەوە دەردەكەوێت، كە لەهیچ كام لە هەڵبژاردنەكانی پێشتردا، هێندە ژمارەی چاودێری نێودەوڵەتی زۆر نەبووە.

دادوەر جەلیل عەدنان خەڵەف سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیاران رایگەیاند، لەدوای دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكانەوە بانگهێشتی 75 وڵات و رێكخراوی نێودەوڵەتییان كردووە بۆ چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكان و ئامانجیان لەو كارە ئەوە بووە نامەیەكی ئاشكرا ئاراستەی عێراقییەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بكەن كەهەڵبژاردنەكان پاك و شەفاف دەبێت.

هەروەها عەبدولحسێن هینداوی، راوێژكاری مستەفا كازمی بۆ كاروباری هەڵبژاردن رایگەیاند:»چاودێریی هەڵبژاردنەكان بەشداریكردنی نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپاو چەند وڵاتێكی عەرەبی و كۆمكاری عەرەبی و چەند رێكخراوێكی تر و روسیاش بەخۆوە دەبینێت».

دواتریش جنین بلاسخارت سەرۆكی نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان لەعێراق رایگەیاند 130 چاودێریان بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەمجارە داناوە كە دەكاتە زیاتر لە پێنج هێندەی هەڵبژاردنەكانی پێشوو.

هاوكات لیندا تۆماس گرینفیڵد، پەیكی ئەمریكا لە نەتەوەیەكگرتووەكان، لەكۆبوونەوەیەكی مانگی ئابی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا رایگەیاند:»پرۆسەی چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكانی عێراق گەورەترین دەبێت لەجیهاندا، ئەمریكا پێشوازیی لەهەوڵەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەكان و بۆ ئەو مەبەستەش بڕی پێنج ملیۆن و 200 هەزار دۆلار هاوكاری نەتەوە یەكگرتووەكانی كردووە».

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو یەكێتی ئەوروپا دەستپێكردنی كاری نێردەكەی بۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان راگەیاند، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ناوچەی سەوزی بەغدا، ڤیۆلا ڤۆن رامۆن، سەرۆكی نێردەكە رایگەیاند:»یەكێتی ئەوروپا رایسپاردووم سەرۆكایەتی نێردەی چاودێریی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكەم، لەمڕۆوە رایدەگەیەنین نێردەكە بێلایەنانە دەستی بەكارەكانی كردووە بۆ بەرزكردنەوەی راپۆرتێكی پرۆفێشناڵ و سەربەخۆ لەسەر هەڵبژاردنەكان».

هەروەها راشیگەیاند:»لەسەر داوای فەرمیی حكومەتی عێراق لێرەین بۆ پاراستنی هەڵبژاردنەكان، بەهیچ جۆرێك دەستوەردان ناكەین و كار ناكەینە سەر پرۆسەی دەنگدان، بوونی ئێمە لێرە بۆ ئەوەیە متمانەیەكی زیاتر بدەینە دەنگدەری عێراقی و چاودێری و هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەكە دەكەین، رۆژی دەنگدان و ئاشكراكردنی ئەنجامەكان و هەر لێكەوتەیەكی تر كە دوای قۆناغی هەڵبژاردن دەردەكەوێت و دوو رۆژ دوای هەڵبژاردنەكان كەشفێك لەسەر ئەنجامە ئەلكترۆنییەكانی هەڵبژاردن پێشكەش دەكەین».

دواتریش نێردەی یەكێتی ئەوروپا لەعێراق بەیاننامەیەكی سەبارەت بەگەیشتنی سەرۆكی چاودێران دەركرد كە»ئەم چاودێریكردنە كە بۆ یەكەمجارە روودەدات بەمێژوویی دادەنرێت بۆ ئێمە و ئاماژەیەكی ئاشكرایە بۆ پابەندیی جدیی یەكێتی ئەوروپا بە پشتیوانیكردنی هەڵبژاردنێكی ئاشتیانەو خاوەن مسداقیەت لەوڵاتەكەدا».

بەیاننامەكەی نێردەی یەكێتی ئەوروپا ئەوەشی تێدا خراوەتەڕوو كە لە مانگی ئابدا تیمی سەرەكیی كە لە 12 چاودێر پێكهاتوون گەیشتنە عێراق و لەسەرەتای ئەیلولدا 20 چاودێری درێژخایەن پەیوەندییان پێوەكردن و نێردەكەش چەند چاودێرێك لە سلكی دیبلۆماسی و وەفدی پەرلەمانی ئەوروپی دادەمەزرێنێت بۆ ماوەی كورت و بەو جۆرە لەڕۆژی هەڵبژاردندا ژمارەی چاودێرەكان دەگاتە 80 چاودێر لەوڵاتانی یەكێتی ئەوروپاو كەنەداو نەرویجەوە.

بەیاننامەكە ئەوەشی تێدا هاتووە كەئەركی نێردەكەیان شیكردنەوەیەكی سەربەخۆو گشتگیرە و بۆ رادەی گونجانی پرۆسەكە لەگەڵ یاسای عێراق و پێوەرە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكانی هەڵبژاردنێكی دیموكراسیانە.

هاوكات لەسەردانەكەشیدا بۆ هەولێر، ڤۆن كرامۆن لەگەڵ هێمن هەورامیی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستاندا كۆبووەوە و هەورامی داوای لێكرد لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بەوردی و چاوكراوەییەوە چاودێری بەڕێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن.

لەلای خۆشیەوە ئوسامە موحسن، بەڕێوەبەری بەرنامەی عێراق لە دامەزراوەی فریدریچ ئێبرتی ئەڵمانی لەلێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی مۆنیتۆر رایگەیاند:»هەڵبژاردنەكانی عێراق زۆر گرنگە، ئێمە وەك چاودێری نێودەوڵەتی لەوێ دەبین بۆ چاودێریكردنی، ئێمە هاندەری هەڵبژاردنێكی ئازاد و بێگەردین لە عێراقدا، تەكنەلۆجیای نوێ بەكاردەهێنین بۆ چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكان، دیارترینیان سەكۆ ئەلكترۆنییەكانە».

ئاشكراشیكرد: »ئێمە تاكە چاودێری نێودەوڵەتی نابین، لەگەڵ كۆمەڵێك رێكخراودا پرۆژەمان هەیە، وەك رێكخراوی تەمموز بۆ گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی، كە 600 چاودێری ناوخۆیی دابینكردووە. لەگەڵ روانگەی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ هەماهەنگیمان هەیە، بۆ چاودێریكردن و شیكردنەوەی راگەیاندنی هەڵبژاردن، بۆیە رۆڵی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەهەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا یەكلاكەرەوە دەبێت».

واتە لەگەڵ 130 چاودێری نەتەوەیەكگرتووەكان و 80 چاودێری یەكێتی ئەوروپادا، لەگەڵ 600 چاودێرەكەی رێكخراوی تەمموز دەبێتە 810 چاودێر، ئەوانە بێجگە لە چاودێرانی وڵاتە عەرەبییەكان و روسیا. كە بەوتەی نبراس ئەبو سودە، جێگری وتەبێژی كۆمسیۆن، لە 76 وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن.

لەم هەڵبژاردنەدا عێراق دابەشكراوە بۆ 83 بازنە، واتە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن نزیكەی 10 چاودێری نێودەوڵەتی بەردەكەوێت، بەڵام هێشتا ئەوە مایەی خۆشحاڵیی و رەزامەندیی لایەن و رێكخراوە مەدەنییەكان و چالاكوان و چاودێرەكان نییە، چونكە عەبدولحسێن هینداوی، راوێژكارەكەی كازمی بۆ كاروباری هەڵبژاردن وتی:»ئەركی نەتەوەیەكگرتووەكان و چاودێرە نێودەوڵەتییەكان تەنیا چاودێریكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن و هەڵسەنگاندنی پرۆسەی دەنگدانەكە دەبێت لەڕۆژی هەڵبژاردندا «.

بەڵام داواكاریی خۆپیشاندەرانی تشرین بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت، بریتیبوو لەهەڵبژاردن بەسەرپەرشتیی نێودەوڵەتی، نەك چاودێری. واتە نەتەوەیەكگرتووەكان لەڕێی ئەو چاودێرە نێودەوڵەتییانەوە، دەسەڵاتی رەتكردنەوەی ئەنجامی بنكەكانی هەبێت، لەكاتی بوونی سەرپێچی و ساختەكاریدا.

یەحیا كوبەیسی: كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئامادە نییە رووبەڕووی دۆخی سیاسیی نائارامی عێراق ببێتەوەو دەیەوێت ئەو هێمنیە لەرزۆكە بپارێزێت كە هەیەو خۆی لەتەحەدیاتە نوێیەكان لابدات، بۆیە ئامادەیە چاو لەو ساختەكارییە مەنهەجییە بپۆشێت كەدەكرێت

 

یەحیا كوبەیسی نووسەر و لێكۆڵەری سیاسی لەچاوپێكەوتنیدا لەگەڵ رۆژنامەی سەباح، باسی لەترسی عێراقییەكان كرد لەڕۆڵی راستەقینەی نەتەوەیەكگرتووەكان و چاودێرەكانی و رایگەیاند:»نەتەوەیەكگرتووەكان لە ساڵی 2003وە لەعێراقدایەو چاودێریی هەموو هەڵبژاردنەكانی كردووە كە هەموویان پڕبوون لەتەزویر و ساختەكاری و بلاسخارت خۆشی تەئكیدی لەوە كردەوە، كە «رۆڵی پێشتری چاودێرەكان چەواشەكارانە بووە»، بۆیە ناكرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا پشتی پێببەسترێت.

«كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئامادە نییە رووبەڕووی دۆخی سیاسیی نائارامی عێراق ببێتەوەو دەیەوێت ئەو هێمنیە لەرزۆكە بپارێزێت كە هەیەو خۆی لەتەحەدیاتە نوێیەكان لابدات، بۆیە ئامادەیە چاو لەو ساختەكارییە مەنهەجییە بپۆشێت كەدەكرێت»، یەحیا كوبەیسی وا دەڵێت.

پەیمانگای برۆكینز بۆ لێكۆڵینەوە لەڕاپۆرتێكدا ئەوەی خستۆتەڕوو كە پەیڕەوكردنی مەنهەجی چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكان لەبری سەرپەرشتیی راستەوخۆ لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە، وایلێدەكات شەرعیەت بدات بەهەڵبژاردنەكان، تەنانەت لەكاتی بوونی ساختەكاریشدا، ئەوەش كاریگەریی نەرێنیی لەسەر ناوبانگی نەتەوەیەكگرتووەكان دەبێت لەداهاتوودا.

پەیمانگاكە دەڵێت حكومەتی عێراقی داوای چاودێریی لە نەتەوەیەكگرتووەكان كردووە نەك سەرپەرشتی، شێوازی چاودێریش دەسەڵات ناداتە نەتەوەیەكگرتووەكان و وڵاتەكانی تری سەر بەئەو تا لەكاتی بوونی ساختەكاری و لاداندا هەڵسوكەوتی بەرامبەر بكەن، بەڵكو تەنیا دەتوانن راپۆرتی لەسەر بڵاوبكەنەوە و ئاماژە بە ئەوانە بدەن كەكردوویانە. بۆیە هەوڵە نێودەوڵەتییەكان ئەنجامی پێچەوانەیان دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر زانیاریی تەواو لەسەر ئەركەكانیان بۆ رای گشتی بڵاونەكەنەوە، چونكە دەبێتە مایەی لەدەستدانی تەواوی متمانە بە نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆی پرۆسەی سیاسی عێراق.

راپۆرتەكە نووسیویشیەتی كە عێراقییەكان لەسەر ئەو بۆچوونە هەڵەیە داوای چاودێریی نێودەوڵەتی دەكەن كە بوونی رێگر دەبێت لە گەندەڵی و ساختەكاری، لەبیریان چووەتەوە كە نەتەوەیەكگرتووەكان لەساڵی 2004ەوە چاودێریی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكات، بەڵام تەزویرو ساختەكاری هەر بەردەوامە.

لەكۆتایی راپۆرتەكەشدا پەیمانگاكە جەختدەكاتەوە لە ئەوەی پارتە سیاسییەكان بوونی بێكاریگەریی چاودێری نێودەوڵەتی لەڕاگرتنی پرۆسەكانی یاریكردن و ساختەكاریی لەپێش و دوای هەڵبژاردنەكاندا، وەك دەرفەتێك دەبینن بۆ پێدانی شەرعیەتێكی تەواو بە هەڵبژاردنەكان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار