پووتین و ئەردۆغان لەبارەی دۆخی سوریا كۆدەبنەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

ڤلادیمیر پووتین و رەجەب تەیب ئەردۆغان لە رووسیا کۆدەبنەوە، بەپێی راگەیێندراوی کۆشکی کرملین، مژارە سیاسی، بازرگانی و ئابوورییەکان تاوتوێدەکرێن.

بەپێی راگەیێندراوی کۆشکی کرملین، رۆژی چوارشەممە 29-09-2021 ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە شاری سۆچی کۆدەبنەوە و پرسە نێودەڵەتییەکان تاوتوێدەکەن و هاوئاهەنگیی نێوان رووسیا و تورکیا دەخرێتە بەر باس، هەروەها گفتوگۆی ورد لەسەر کێشە نێودەوڵەتییەکانی ئێستا دەکرێت؛ لەوانە بارودۆخی سووریا، لیبیا، ئەفغانستان و باشووری قەوقاز.

فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان لە سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری توركیاش رایگه‌یاند، ئه‌ردۆغان له‌سه‌ر بانگهێشتی ڤلادیمیر پووتین سبه‌ی چوارشەممە سەردانی رووسیا دەکات.

بەپێی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی کۆماری تورکیا له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان و پووتین له‌ پاڵ تاوتوێكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان، دوایین پێشهاته‌ ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش تاوتوێ ده‌كرێن.

ئەم سەردانەی ئەردۆغان لەکاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردوودا رووسیا لە ئیدلب هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا چڕتر کردوونەتەوە، خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێت, ئەو هێرشانەی رووسیا پابەندنەبوونە بە دانوستاندنی سوچی.

خوڵوسی ئاکار رۆژی دووشەممە 27ی ئەیلوولی 2021 باسی لە دەقی دانوستاندنی نێوان تورکیا و رووسیا کرد و وتی: "ئێمە بەتەواوی پابەندی خاڵەکانی دانوستاندنی نێوانمانین. لەو بابەتەدا ئەوەی پێویست بووبێت کردوومانە و هەوڵی رژدیش دەدەین بۆ ئەوەی پابەندبین، بەڵام لەم دواییەدا بۆردوومانە ئاسمانییەکان زیادیان کردووە. ئێمە گوتمان کە ئەمە پێشێلکردنی خاڵەکانی دانوستاندنە. لەمبارەیەوە لە هەموو ئاستێکدا هەوڵەکان بەردەوامن".

خوڵوسی ئاکار رایگەیاند، بە شێوەیەکی زۆر هەستیارانە چاودێریی دۆخەکە دەکەن، "لە لایەک لەسەرمانە برا سوورییەکانی ئەوێمان بپارێزین، لەلایەکی دیکەش یەکینەکانمان و ئاسایشی سنوورەکانمان بپارێزین. هاوکات بۆ پاراستنی وڵاتەکەمان کە بەرگەی شەپۆلێکی دیکەی کۆچ ناگرێت، لەسەرمانە لەوێدا سەرکەوتوو بین".

هاوکات پەیوەندیی نێوان ئەنقەرە و واشنتنیش لە دۆخێکی باشدا نییە. رەجەب تەیب ئەردۆغان دوای گەڕانەوەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی 24-09-2021 لە ئیستەنبووڵ باسی ئەو پشتیوانییە سەربازییانەی ئەمریکای بۆ رۆژئاوای کوردستان کرد و لەبارەی پەیوەندییان لەگەڵ ئەمریکا گوتی، لەگەڵ هیچ سەرۆکێکی ئەمریکا دۆخی پەیوەندییەکانی هێندەی ئێستا خراپ نەبووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار