فه‌یسبوک هاته‌وه‌ و زه‌ره‌رى ده‌یان ملیار دۆلارى لێکه‌وت

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
دواى ئه‌وه‌ى دوێنێ دووشه‌ممه‌ به‌رهه‌مه‌کانى کۆمپانیاى فه‌یسبووک ( فه‌یسبووک، ئینستاگرام، وه‌تسئه‌پ و ماسێنجه‌ر ) بۆ ملیۆنه‌ها به‌کارهێنه‌ر  له‌کارکه‌وتن چه‌ند خوله‌کێک له‌مه‌وبه‌ر ته‌نها فه‌یسبوک هاتووه‌ته‌وه‌.

تۆرى کۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووک که‌ بۆ ماوه‌ى چه‌ند کاتژمێرێک کاره‌کانى وه‌ستاو دواى هاتنه‌وه‌ى باس له‌ زیانى دارایى زیاتر له‌  نزیکەی شەش ملیار دۆلار ده‌که‌ن، سه‌ره‌راى دابه‌زینى له‌سه‌دا 5%ى پشکه‌کانى.

په‌یجى فه‌یسبووک له‌سه‌ر تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى تویته‌ر بڵاویکرده‌وه‌ که‌ ئاگادارین که‌ هه‌ندێک له‌ به‌کارهێنه‌ره‌کانمان ناتوانن ئه‌پى فه‌یسبووک و به‌رهه‌مه‌کانى فه‌یسبووک به‌کاربهێنن.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یان ڕاگه‌یاند که‌ تیمى فه‌یسبووک به‌شێوه‌یه‌کى خێرا کار له‌سه‌ر فه‌یسبووک ده‌که‌ن بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ باره‌ ئاساییه‌که‌ى خۆی.

ئه‌م که‌وتنه‌ى فه‌یسبووک هه‌موو ئه‌په‌کانى فه‌یسبووکى گرته‌وه‌ وه‌ک فه‌یسبووک و ئینستاگرام و وه‌تسئه‌پ و مێسنجه‌ر و ئۆکیله‌س(Oculus).
تائێستاش دواى هاتنه‌وه‌ى فه‌یسبوک به‌ ته‌واوى ڕوون نه‌بوه‌ته‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێک له‌ شاره‌زایانى سکیوریتى ئاماژه‌ به‌ تێکچوونى  (DNS) (Domain Name System)ى کۆمپانیاى فه‌یسبووکه‌. 

لە رۆژی یەکشەممەوە فەیسبووک بەدەست دوو قەیرانەوە گیرۆدە بووە، کۆمپانیاکە لەکاتێکدا خەمی ئەوەی بوو چۆن وەڵامی بەکارهێنەرانی و جیهان بداتەوە لەبارەی ئەو زانیارییانەی یەکێک لە کارمەندە ئافرەتەکانی پێشووی ئاشکرای کردن، رووبەڕووی گەورەترین لەکارکەوتن بووەوە لەدوای ساڵی 2008.

رۆژی یەکشەممە ژنێکی 37 ساڵان کە کارمەندی پێشووی فەیسبووک بوو و کاری شیکردنەوەی داتاکانە، هاوکات لە کۆمپانیا گەورەکانی وەکو گووگڵ و پینترێست کاریکردووە، رایگەیاند، "هیچ شتێکی وەکو فەیسبووکی" نەبینیوە لەوەی کە گوێ بەوە نادەن بەکارهێنەرەکانی تووشی چی دەبن. هاوکات تۆڕەکەیشی بە "ژەهراوی" بۆ گەنجان و هەرزەکاران پێناسەکرد.

ئەو ژنە کە ناوی فرانسیس هاوجینە، رایگەیاند، بەڕێوەبەرانی ئینستاگرام کە سەر بە کۆمپانیای فەیسبووکە ئاگاداری ئەو کاریگەرییە نەرێنییانەن کە تۆڕەکە لەسەر کەسانی گەنجان و هەرزەکاران دایدەنێت. گوتیشی، ئەلگۆریزمی فەیسبووک رێگە بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە و چەندان شتی دیکە دەدات. ئەو ژنە داوای گۆڕانکاری و شۆڕشێکی کرد دژی تۆڕەکانی فەیسبووک.

سى تى ئۆى (CTO)ى فه‌یسبووک (Mike Schroepfer)ى وتى " زۆر داواى لێبوردن له‌هه‌مووتان ده‌که‌م به‌هۆى ئه‌و که‌وتنه‌ى فه‌یسبووک له‌ ئێستادا، ئێمه‌ کیشه‌ى نێتۆرکمان هه‌یه‌ و تیمه‌کانمان کار له‌سه‌ر چاکردن و دۆزینه‌وه‌ى هه‌ڵه‌کانى فه‌یسبووک ده‌که‌ن و به‌خێراى هه‌موو شتێک چاک ده‌که‌ینه‌وه‌".

فه‌یسبووک به‌ گه‌وره‌ترین سۆشیاڵ میدیا داده‌نرێت له‌ دنیادا داده‌نرێت که‌ له‌ ساڵى ٢٠١٢ فه‌یسبووک ملیارێک به‌کارهێنه‌رى چالاکى تێپه‌ڕاند، بووبه‌ یه‌که‌م و گه‌وره‌ترین سۆشیاڵ نێتۆرک له‌ مێژووى مرۆڤایه‌تیدا.

بۆ رکابەرانی فەیسبووکیش، رۆژێکی باش بوو، تویتەر زیادبوونێکی بەرچاوی لە ژمارەی بەکارهێنەرانی تۆمارکرد، تۆڕی پەیوەندیی تەلەگرامیش لە ریزبەندی 56ـەمین ئەپلیکەیشن کە خەڵکی ئەمریکا بەکاریدەهێنن بۆ نامەگۆڕینەوە، هاتە ریزبەندی پێنجەم. 

تۆڕی سیگناڵیش لە تویتێکدا دەڵێت، "ملیۆنان" بەکارهێنەری زیادیکردووە. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار