نەتەوە یەکگرتووەکان: تائێستا هیچ سكاڵایەك نەبووە

4 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتی 

نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق - یونامی رایگەیاند:" چاودێرەکانیان ئەمڕۆ هیچ سکاڵایەکیان نەگەیاندووەتە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان".

یونامی دەڵێت، "ئێمە راپۆرتی رۆژنامەوانیمان بینیوە، گوایە چاودێرێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ سکاڵای گەیاندووەتە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان سەبارەت بە چەند نادروستییەکی هەڵبژاردن. ئەمە سەرلەبەری ناڕاستە".

ئەو راگەیێندراوەی یونامی کە لە پێگە فەرمییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، تێیدا ئاماژە بەوەش کراوە، "ئەگەر چاودێرانمان هەر شتێکی جێی نیگەرانی ببینن، بە راپۆرت بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەینێرن".

هەر ئەمڕۆ یونامی ئاماژەی بەوەش کرد، "لە رۆژی هەڵبژاردندا، پێویستە عێراقییەکان بە متمانەوە و بە دڵی خۆیان دەنگ بدەن لە کەش و هەوایەکی خاڵی له پاڵەپەستۆ و تۆقاندن و هەڕەشە"، هاوکات داوا لە هەموو لایەنەکانیش دەکات "رێز لە ئازادیی هەموو عێراقییەکان بگرن لە دەنگدانیان بۆ ئەو نوێنەرانەی کە خۆیان هەڵیاندەبژێرن".

ئەمڕۆ هەینی 08-10-2021 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت و لە تەواوی عێراق یەک ملیۆن و 75 هەزار و 727 کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 331 هەزار و 600 دەنگدەر دەتوانن بەشداری لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار