بۆ مووچەی مانگی هەشت و نۆ چاوەڕێی بڕیاری سودانى دەکرێت

3 كاتژمێر لەمەوپێش



بەوتەى سەرچاوەیەکى ئاگادار ئەگەر سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر مووچەی مانگەکانی داهاتوو نەدات، ئەوا تاوەکوو هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی ڕێکدەکەون، هەرێمی کوردستان مانگانە 120 ملیار دینار دەداتە عێراق.

ئەمڕۆ دووشەممە 6ی تشرینی یەکەمی 2025،  سەرچاوەیەکى ئاگادار لەبەغداوە وتی: تەیف سامی، وەزیری دارایی حکوومەتی عێراق، بۆ ناردنی مووچەی مانگی هەشتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکات.

سەرچاوەکە دەشڵیت: تاوەکوو ئێستا وەزیری دارایی حکوومەتی عێراق ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی هەشت و نۆی دەست پێ نەکردووە، بۆیە هەرێمی کوردستانیش 120 ملیار داهاتی نانەوتی نەناردووە، بۆ ئەمەش هەر دوو وەزارەتەک چاوەڕێی کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن.

هاوکات سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران ئەوەى ڕاگەیاند، پرسی مووچە لە کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نییە، بەڵام لە کۆتایی کۆبوونەوەکە، وەک پاشکۆ باسی لێوەدەکرێت، هاوکات بەشێک لە وەزیرە کوردەکان دەیانەوێت سبەی ئەو پرسی مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلوول لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق یەکلا بکەنەوە، بە تایبەت کە پرسی داهاتی نەوت چارەسەر کرا.

بەپێى زانیاریەکان مەسرور بارزانی، سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، نامەیەکی لەبارەی پرسی داهاتی نانەوتی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق ناردووە، کە داوای لێ کردووە بۆ چارەسەرکردنی پرسی داهاتی نانەوتی پشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی دەوڵەت نەبەستێت.

هەروەها ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئێمە وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مسۆگەرکردنی مووچەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆران ئامادەین پشکی گەنجینەی حکوومەتی فیدراڵ بۆ مانگەکانی 8 و 9 بدەین.

ئاماژەی بەوەشکردبوو، تاوەکوو ئێستا حکوومەتی عێراق بڕیاری پێدانی مووچەکانی ئەو دوو مانگەی نەداوە. گوتیشی: دەنگۆی ئەوە هەبوو کە بۆیە مووچەکان ڕەوانە ناکرێت لەبەر ئەوەیە حکوومەتی هەرێم داهاتی نانەوتی نانێرێت، بۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنین، هەرکات ڕێکارەکانی مووچەی مانگەکانی 8 و 9 گیرایەبەر، ئێمە ئامادەین داهاتی نانەوتی ڕادەست بکەین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار