هه‌واڵێكى گرنگ له‌باره‌ى ڕۆژئاڤاى كوردستانه‌وه‌ رادەگەیەنرێت

"ئیدارەی خۆسەر لەژێر سایەی پاراستنی سەربازیی ئەمریکا دەبێتە دەوڵەتۆکەیەک لەناو سوریادا"

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى 

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تووندی رەخنە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەگرێت و  باڵیۆزى پێشوى ئه‌مریكا له‌سوریا دەڵێت :" ئیدارەی خۆسەر له‌ڕۆژئاواى كوردستان دەبێتە دەوڵەتۆکەیەک لەناو سوریادا".

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ماوەی بڕیاری جێبەجێکاریی ژمارە 13894ی تایبەت بەو "هەڕەشانە" درێژکردەوە کە لە ئەنجامی دۆخی سووریا بۆسەر "ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان" دروستدەبن. بڕیارەکە لە 14ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2019 واژۆکرا. 

بایدن لە نامەکەیدا کە دەبێت لە تۆماری فیدراڵیی ئەمریکا بڵاوبکرێتەوە و رادەستی کۆنگرێسیش بکرێت، دەنووسێت: "بارودۆخی نێو سووریا و پەیوەندیدار بە سووریا، بەتایبەتی ئەوەی کە پەیوەندیی بە هەنگاوەکانی حکومەتی تورکیاوە هەیە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر هەڵمەتەکانی تایبەت بە تێکشکاندنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام – داعش دەبێت، ژیانی هاووڵاتیانی سڤیل دەخەنە مەترسییەوە، دەبنە هەڕەشەی زیاتر بۆسەر ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە؛ ئەو کارانە بەردەوام دەبن لەوەی هەڕەشەیەکی نائاسایی بن بۆ ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان".

بایدن دەڵێت، لەبەر ئەو هۆکارانەی کە باسی کردوون، دەبێت ئەو بارە نائاساییە نیشتمانییەی لەسەر بنچینەی بڕیاری جێبەجێکاریی ژمارە 13894 لە 14ی ئۆکتۆبەری 2019 دەرچووە بۆ دوای 14ی ئۆکتۆبەری 2021یش بەردەوام بێت و بۆ ماوەی یەک ساڵی دیکە درێژدەکرێتەوە. 

نامەکەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا تورکیا دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە. 

هاوكات لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"، دوای لێدوانەکەی ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) بەوەی واشنتۆن بەڵێنی تەواوی پێداون كه‌ ڕۆژئاوای کوردستان جێناهێڵن‌و بەردەوامدەبن لەپێشخستنی ژێرخانی ناوچەکەیان، ڕۆبەرت فۆرد باڵیۆزی پێشوی ئەمریکا لەسوریا ڕایگه‌یاند: "ناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لەژێر کۆنترۆڵی ئیدارەی خۆسەردایە، بەرەو ئەوە دەچێت لەژێر سێبەری ئەمریکادا ببێتە دەوڵەتۆکەیەک لەناو سوریادا".

باڵیۆزی پێشوی ئەمریکا لەدیمەشق وتویەتی:"ئەمریکا لەبەرامبەر گروپە ئیسلامییەکانی سەر بەهاوپەیمانی نیشتیمانیی سوری‌و پشتیوانیکردنی تورکیا لێیان لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا ئاسودە نییە، لەبەرامبەردا واشنتۆن سوپاسگوزاری ئیدارەی خۆسەرە کە ئیدارەیەکی سیکۆلارەو یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ش بەسەرکەوتویی جەنگی دژی داعشیان کردوە".

ڕۆبەرت فۆرد بەڕۆژنامەی "تایمز"ی بەریتانی ڕاگەیاندبوو، ئەمەریکا بەڵێنی دەستبەردارنەبونی کوردی پێداون، وتى:"لێدوانەکانی واشنتۆن بەوەی پشتگیریی سەقامگیری ناوچەکە دەکات بەومانایە دێت کە هێزەکانی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی سوریا دەمێننەوەو لەبەرامبەر هەڕەشەکانی دیمەشق‌و ڕوسیاو ئێران‌و تورکیا، پارێزگاری لەئیدارەی خۆسەر لەڕۆژئاوای کوردستان دەکەن".

سەبارەت بەئەگەری بەدەستهێنانی خۆبەڕێوەبەریی لەلایەن کوردانی سوریا، جەیمس فۆرد وتویه‌تى:"هەرچەندە ئەمریکا ناتوانێت ئەسەد ناچاربکات سازش بۆ کوردەکان بکات، بەڵام لەژێر سایەی بەردەوامبونی ئەو دۆخەدا، ئیدارەی خۆسەر لەژێر سایەی پاراستنی سەربازیی ئەمریکا، دەبێتە دەوڵەتۆکەیەک لەناو سوریادا".

لە کانوونی دووەمی 2018دا سوپای تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرشیانکردە سەر هەرێمی عەفرین و دوای نزیکەی 2 مانگ شەڕ، شاری عەفرین و بەشی زۆری هەرێمەکەیان کۆنترۆڵکرد. 

هەروەها لە تشرینی یەکەمی 2019شدا تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرشیانکردە سەر سنوورێکی دیکەی رۆژئاوای کوردستان و سەرێ کانی، گرێ سپی و گوندەکانی دەوروبەریان کۆنترۆڵکرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار