حکومەت دابینکردنی نەوتی سپی و گرانی بەنزین تاوتوێ دەکات

4 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتى

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و دابینکردنی نەوتی سپی و بەنزین و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی تشرینی یه‌كه‌می 2021،  فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند:" ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات".

لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:

یەکەم: پەیامی ئەنجومەنی وەزیران بە بۆنەی کۆتاییهاتنی پڕۆسەی دەنگدان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، و سوپاسی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بۆ بەشداریکردنیان لە پڕۆسەکە، و سوپاسی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ لە دابینکردنی کەشێکی ئارام بۆ دەنگدان، و پەیامی ئەنجومەنی وەزیران بۆ یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی لە پێناوی بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دوور لە ململانێی ناوخۆیی بە ئاڕاستەی داکۆکی لە مافە دەستوورییەکان.

دووەم: خستنەڕووی راپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی نەوتی سپی و بەنزین بە هەماهەنگی وەزارەتی نەوتی عیراقی فیدڕاڵ.

سێیەم: خستنەڕووی راپۆرتی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون سەبارەت بە بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە چاکسازی و رێکخستنەوەی بواری باج لە هەرێمی کوردستان کە تیایدا چەند راسپاردەیەک بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان خراونەتەڕوو.

چوارەم: خستنەڕووی پێشنیازی راسپاردنی هەریەک لە (وەزیری داد، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران) بۆ بەدواداچوونی ئەو داوا یاساییانەی کە لە دادگای باڵای فیدراڵی پەیوەندیدارن بە هەرێمی کوردستان و ئاگادارکردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم داوایانە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار