ئێران دوا هۆشداری دەداتە هەرێمی كوردستان

"ئەگەر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ناتوانن رێگری لە چالاکییەکانی ئەو حزبانە بکەن ئێران هەوڵی پێویست بۆ وەڵامی "شەڕانگێزییەکانی" ئەوان دەدات"

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

ئەندامێکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند:" ئەگەر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ناتوانن رێگری لە چالاکییەکانی ئەو حزبانە بکەن، ئێران هەوڵی پێویست بۆ وەڵامی "شەڕانگێزییەکانی" ئەوان دەدات

ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، ئیسماعیل کەوسەری، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران رایگەیاند:" تاوەکو ئێستا چەندینجار لەگەڵ "وڵاتانی پشتیوانی" ئەو گرووپانەدا کۆبووینەوەتەوە و دانوستاندنمان کردووە، هەندێ لەو وڵاتانە هەندێ هەوڵیان داوە، بەڵام هەندێ وڵاتی دیکە نەیانتوانیوە دژیان بوەستنەوە".

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی ئێران رەخنەی لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان گرتووە کە لە ئاست ئەو حزبانەدا بێدەنگن و هەوڵێکی کاریگەریان نەداوە. هەروەها دەشڵێت، لە کۆتاییدا ئەم بابەتە دەبێت چارەسەر بکرێت و ئەگەر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ناتوانن رێگری لە چالاکییەکانی ئەو حزبانە بکەن، ئێران هەوڵی پێویست بۆ وەڵامی "شەڕانگێزییەکانی" ئەوان دەدات.

ئەو پەرلەمانتار حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمەتبار دەکات کە هاوکاری لە ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی ناوچە وەردەگرن.

نیل فرۆشان، جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران بۆ کاروباری سیاسی رۆژی 12-10-2021 بە ئاژانسی تەسنیمی وت:"ئەمریکا دەیەوێ ئێران لەگەڵ "گرووپە تیرۆریستییەکان" تووشی شەڕ بکات و جەختی کردەوە کە بوونی ئەو گرووپانە و مەترسی دروستکردن لەسەر کۆماری ئیسلامی، تەحەمول ناکرێت".

حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەرگرتنی یارمەتی لە وڵاتانی دیکە و هەروەها تێکدانی ئەمن و ئاسایشی ئێران و هێرش بۆسەر هێزە سەربازییەکانی ئێران رەتدەکەنەوە.

ئەمساڵ هەڕەشە و گوشاری بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر بووە و تەنانەت بەشێک لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستانیش بۆردوومان کران.

بەرپرسانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن:" کۆماری ئیسلامی لە ئاستی ناوخۆدا تووشی قەیران بووە و بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی لە قەیرانەکان، هەڕەشە لەوان دەکات و گوشار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دێنێت".

ناڕەزایەتیی ئێران بە بوونی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان بە بەرزترین بەرپرسانی عێراقیش راگەیێندراوە. عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رۆژی 12-09-2021 لە کۆبوونەوە لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای "چەککردن و دەرکردنی بەپەلەی" ئەو حیزبانەی لە هەرێمی کوردستان کردبوو.

ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی کوردستانی ئێران ئەم هەڕەشە و داواکارییان بە "زیادەڕۆیی" لە قەڵەم داوە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە سنوورێکی بۆ دابنرێت.

ناوەندی هاوکاری پێشتر وتبووی: کۆماری ئیسلامی بەم بیانووەوە دەیەوێت بە کەڵکوەرگرتن لە دۆخی ناوچەکە و دانبەخۆداگرتنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر تاران، قەیرانێکی دیکە بخولقێنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار