کازمی بڕیاریدا سەرجەم دەستگیرکراوانی کەرکووک ئازادبکرێن

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی "نابێت رێگە بە هیچ کەس و لایەنێک بدرێت کە ئاژاوە و پشێوی دروستبكەن و زیان بە دانیشتووان و موڵک و ماڵی گشتی بگات." کازمی بڕیاریدا سەرجەم دەستگیرکراوانی کەرکووک ئازادبکرێن.

بەپێی راگەیێنراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی چوارشەممە  مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی کەرکووک کراوە کە لە دوای سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن "لە لایەن هەندێک کەسەوە هەوڵی نانەوەی پشێوی درا بە ئامانجی شێواندنی سەرکەوتنی پرۆسەی دەنگدان." 

بەپێی راگەیێنراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوڕابوون لەسەر ئەوەی "نابێت رێگە بە هیچ کەس و لایەنێک بدرێت کە ئاژاوە و پشێوی دروستبكەن و زیان بە دانیشتووان و موڵک و ماڵی گشتی بگات."

لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەدا هاتووە، پێویستە بە زووترین کات کۆتایی بەو "دۆخە ئەمنییە نەخوازراوە" بهێنرێت کە لە کەرکووک دروستکراوە.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاریدا هەموو دەستگیرکراوەکانی کەرکووک ئازاد بکات.

لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا لە کەرکووک دەیان گەنجی کورد دەستگیرکران و ئەشکەنجەدران. بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەی کردووە  و داوای کردووە دۆخەکە ئاساییبکرێتەوە. پۆلیسی کەرکووکیش دەڵێت، گەنجەکان ئەمڕۆ ئازاد دەکرێن.

شەوی دووشەممە 11-10-2021 لیوای 61 چوونە گەڕەکی رەحیماوا و 10 کەسیان دەستگیر کرد و دواتر بە کەفالەت ئازاد کران، بەڵام لە بەیانیی رۆژی سێشەممە 12-10-2021 لە فولکەی ئیخوان بڵاوەیان بە هێز کرد و شەقامە سەرەکییەکەیان داخست. هەروەها دواتریش لە ئێوارەی هەمان رۆژ چەند بازگەیەکیان دانا و 71 گەنجیان دەستگیر کرد و مۆبایلیان لە بەشێکی خەڵکیش وەرگرتووە.

هاوكات هەر ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەتەلەفون قسەی کردووە و داوای کردووە دۆخەکە ئاساییبکرێتەوە و پێی راگەیاندووە:" گەرنا گرنتی مانەوەی دۆخەكە بەم شێوەیەی ئێستا ناكەین".

هەروەها مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی دۆخی کەرکووک رایگەیاند:"یەكێتی ھێزی بەرپرسیارەو پرەنسیپی پاراستنی گیانی پێكەوە ژیان و ئاشتیانە دەگرێتەبەر و پارێزگاری لەو پێكەوە ژیانەی كەركوك دەكات، ھاوكات پارێزەری ماف و خاك و كوردستانی بوونی شارەكە دەكاتەوە و بەم ستراتیژە كاردەكات و لەھیچ لایەنێكی قبووڵناكات درێژە بەم جۆرە رەشبگیرییە بدات و ژیان و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی بخاتە مەترسییەوە بۆ ھەر ئەگەرێكیش یەكێتی بژاردەی یەكلاكەرەوەی ھەیە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار