هەڵە تێگەشتن

سامان وەستا بەكر

3 ساڵ لەمەوپێش



 

 

 

 

سامان وەستا بەكر

وشەی پەرلەمان لەزمانی فەڕەنسیەوە ھاتووەو واتە ئاخاوتن. پەرلەمان بە شاندێک ئەوترێت کە لەھەر وڵاتێک لەلایەن خەڵکەوە ھەڵئەبژێررێ  بۆ دانانی یاسا و چاودێریکردن بەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی. لە کوردیا ئەنجومەنی نیشتمانیشی پێدەوترێ. پەرلەمان چاودێریی ھەموو کاروبارێکی دەوڵەت دەکات و بە گەورەترین و باڵاترین سەرچاوەی دەسەڵاتی وڵات دەژمێررێت، هەڵبەتە لەو وڵاتانەی کە دیموکراتی راستەقینە ئەزموون دەکەن.

پەرلەمان بەواتای فراوانکردنی پانتایی بڕیارو حوکمداری، دانپیانان بەبوونی جیاوازی لەکۆمەڵگادا، پەرلەمان ئەو ناوەندەیە کە جیاوازەکان لەڕێگای وشە گۆڕینەوەو دانوستانەوە ململانێی یەکدی دەکەن.

چەندبارە خۆکاندیدکردنەوەی پەرلەمانتار:

پەرلەمانتاری تازە هەڵبژیراوی بێئەزموونی پێشتر پێویستی بە ساڵێک تا دوو ساڵ دەبێ تا بەتەواوەتی فێروبێ و قاڵبێ لەکاری پەرلەمانتاری، لەهەرێمی کوردستان لەڕێی میدیاوە بەگشتی و بەتایبەتتر سۆسیال میدیا کارێک کراوە کە خۆکاندیدەکردنەوەی پەرلەمانتار بۆ خولی دووەم بووە بەنەنگی  و خولی سێیەم هەرنابێ باسکرێت وەک کفرێکی سیاسی و ئەخلاقی لێی دەڕوانرێ لەکاتێکدا ئەمە کارێکی ئاساییە لەزۆر وڵات.

پەرلەمانتار تا زیاتر کاری پەرلەمانی بکات شارەزای زۆرتردەبێت، زاڵتردەبێت بەسەر کارەکەیدا و لەڕێی ئەو ئەزموونەی پێشترییەوە دەتوانێ سود لەهەڵە و بۆشاییەکان بکات و بەسودی دەنگدەرانی بیشکێنێتەوە.

کاتێک پەرلەمنتارێک خۆی کاندید دەکاتەوە تا ئاستێک ئازاییەکی زۆری تیایە، چونکە ئەوە تاقیکردنەوەیەکە کە دەنگدەر لەسەر تواناو کارەکانی پێشووی هەڵسەنگاندنی بۆدەکات، ئەگەر کاندید لەخولی پێشوترا سەرکەوتوونەبووبێ ئیتر ئەوە کاری دەنگدەرە لەڕێی دەنگیانەوە وەڵامی بدەنەوەو سەرینەخەن بۆ خولێکی تر، نابێ هەموو ئەوانەی خۆیان کاندید دەکەنەوە بەوە تاوانبار بکرێن کە بۆ گیرفان پڕکردن و کێکی ئەندام پەرلەمانی دەچن.

هەڵەی خۆکاندیدکردنەوە:

کاندیدکردنەوەی پەرلەمانتاری حزب کاتێک هەڵەیە کە ئەو حزبە کەسانێک دووبارە کاندید دەکەنەوە کە پێشتر سەلماندوویەتی توانای ئەو شەڕە سەختە دیموکراسییەی ناو پەرلەمانی نیە، نە خودی خۆی خاوەنی هیچ پرۆژەیەکە نە توانای کارکردنی لەسەر پرۆژەی حزبەکەشی هەیە، بەڵام حزب دووبارە کاندیدی دەکەنەوە چونکە ئەندامێکی چالاک و بەرگریکارێکی باشی حزبە، یان خزمایەتی و نزیکی لە بەرپرسێکی ناو حزبەکان هەیە. بەشێک لەمە بۆ کاندیدی سەربەخۆش هەر راستە بەتایبەتی کەسێک کە ئەزانێ لەماوەی خولی پێشووا هێندەی ڕۆژێکی ئەندامێکی چالاکی هاورێی لەهەمان خول کاریگەری نەبووە ئیتر گومان دروست دەبێ ئایا بۆ دەسکەوت و داهات دەچێ یان پرۆژەی هەیە لەکاتێکا لەماوەی چوار ساڵدا هیچ شتێکی ئەوتۆی نەکردووە بێجگە لە دەست بەرزکردنەوە.

وەهمی ئەنجامی خێراو بەپەلە لەپەرلەمان:

روناکی زۆر دەبێتە هۆکاری نەبینین بەبۆچوونی هایگدەر، بەڵام زۆر قسەکردن لەسەر دیاردەیەک دەبێتە هۆکاری تاریک بوون یان باش نەبینین لای ئارێنت.

پەرلەمان دەزگایەکی یاسا دەرکردن و چاودێری لایەنی دەسەڵاتدارە، واتە نە پەرلەمانتار گۆچانی سیحری پێیە نە پەرلەمانیش لایەنی  جێبەجێکەرە. پەرلەمان دەزگایە بۆ گۆڕانکاری و باشترکردنی گوزەران کە لەسەرخۆو بەهێمنی و پلەبەندی کاری بۆدەکات، پەرلەمان توانای گۆڕانکاری یان ئینقلانی نیە، بەڵکو هەر خودی دروستبوونی پەرلەمان بۆ نەهێشتنی ئینقلاب و گۆڕانکاری بەپەلە و چاوەڕوانەکراوە.

پەرلەمان شوێنێکە بۆ یەکلای کردنەوەی پرسە سیاسیەکان بەشێوەیەکی دیموکراسی، کاریگەری لەسەر مووچە، بژێوی، خزمەتگوزاری...هتد دادەنێ. مەرجیش نیە هەمیشە خاوەن هەق سەرکەوتووبێ بەڵکو یەکێک لە نەنگییەکانی پەرلەمان ئەوەیە کە زۆرینە براوەیە ئەگەرچی لەسەر هەقیش نەبێ هەربۆیە پەرلەمانتاری چالاک و بوێرو خاوەن ئەزموون گرنگە تا بتوانن زۆرینە لەسەر پرسە گرنگەکان دروست بکەن.

کاندیدی جۆراوجۆر:

مەرج نیە تەنها خەڵکانی یاساناس و خاوەن بڕوانامەی باڵا کاندیدبن، پەرلەمان شوێنێکە بۆ دەرکردنی یاسا بۆ کۆی کایە جیاوازەکانی ژیان. ناکرێ تەنها یاساناس ئەندام پەرلەمانبن چونکە ئەمان تەنها پسپۆڕی بوارێکن بەڵام بەشەکانی وەک کشتوکاڵ، پیشەسازی، بازرگانی، پەروەردە...هتد پێویستیان بە خەڵکانی پسپۆڕی بوارەکانی خۆیان هەیە. ئەکرێ خەڵکانی چالاک و بوێریش کاندیدبن بێ هیچ ئەزموونێکی پێشووتر و پشت بەخۆیان و چالاکیان لەماوەیەکی دیارکراودا پسپۆڕی لەیەکێک لەبوارەکاندا وەرگرن و زۆر سەرکەوتوانەش کارەکانیان ئەنجامبدەن.

زمانزانی:

راستە عێراق وڵاتێکە زۆرینەی عەرەبە و زمانی عەرەبی زمانی زۆرینەیە، بەڵام لە دەستوری عێراقدا زمانی کوردیش زمانێکی فەرمی دانپیانراوە.

ئەگەر کاندیدێکی کورد زمانی عەرەبی نەزانێ نە نەنگییە، نە لەدەرەوەی مەرجەکانی خۆکاندیدکردنە، چونکە ئەکرێ کەسێکی کورد ئەندام پەرلەمانی عێراقی بێت و زمانی عەرەبیش نەزانێ، چونکە بەپێی یاسا مافی ئەوەی هەیە کە داوای وەرگێڕیکات و کارەکانی ئەنجامبدات.

بەڵام زۆر باشترو گرنگتر و کارئاسانکەرترە بۆ ئەندام پەرلەمان کە هەرسێ زمانی کوردی، عەرەبی و ئنگلیزیش بزانێ، هەڵبەتە تا ئێستا دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراقی بە زمانی عەرەبی بەڕێوەدەچێ و نوسین و یاسا نوسراوەکانیش هەر بەو زمانە دەردەچن و بڵاودەکرێنەوە، ئەندام پەرلەمان لەڕێگەی سەردانکردنی دەرەوەی وڵات یان ئەو شاندە جۆراوجۆرە جیهانیانەی سەردانی پەرلەمان دەکەن و زۆربەی هەرە زۆریان زمانی ئنگلیزی وەک زمانێکی جیهانی بەکاردەهێنن، زمانی کوردی کە زمانی دایکە بۆ کورد، گرنگە ئەندام پەرلەمان شارەزاییەکی زۆری تیاهەبێ لەڕەوانبێژی و نوسینیش، بەداخەوە هەموو ئەندام پەرلەمانە کوردەکان ئەو شارەزاییە پێویستەیان لەزمانەکەی خۆیاندا نیە.

بەشداریکردن:

خەڵکی بەگشتی چاوەڕێی گۆڕانکاری ئەکەن لەڕێی پەرلەمانەوە بەڵام خەڵکانی ناڕازی ئەو چاوەڕێیەیان زیاترو زۆرترە کەچی بەشداری دەنگدانیش ناکەن! ناکرێ بتەوێ گۆڕانکاری بەدڵ و خواستی تۆ رووبدات و بەشداریش نەکەی.

لە پەرلەماندا چەندین حزب و ئایدیای جیاواز بوونی هەیە، ئەمانە هەموویان لەڕکابەرایەتی بەردەوامدان تا بتوانن زۆرینە بەدەستبهێنن بۆ سەرخستنی کارو پرۆژەکانیان. واباوە زۆرینە حکومەت پێکدەهێنن و کەمینەکانیش لەڕێگەی ڕێکەوتن و هاوپەیمانیەوە یان دەبن بە هاوبەش یان هاوکاری زۆرینە بۆ پێکهێنانی حکومەت، یان دەبن بە ئۆپۆزسیۆن.

لایەنی ئۆپۆزسیۆن هەمیشە لەڕکابەرایەتی لایەنی دەسەڵاتداران لەڕێگەی رەخنەو پرۆژەی جێگرەوە، یان وەک هەندێک وڵات ئۆپۆزسیۆن حکومەتی سێبەریش دروست دەکەن.

خەڵکانی رەخنەگری هەردوو لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش، بەگشتی چوار ساڵ جارێک دەرفەتێکیان بۆ رێدەکەوێ کە تۆڵەی خۆیان لە هەموو ئەوانە بکەنەوە کە سەرکەوتوونەبوون و نەیاتوانیوە ژیانێکی شایستە و خزمەتگوزاری پێویست پێشکەش بکەن، تۆڵەش لەوانە بکەنەوە کە پانەبدی ئەو بەڵێنانە نەبوون کە بە خەڵکیان داوە، بەڵام سەیر ئەوەیە کەهەندێک لەڕەخنەگران بە نەچوونە سەر سندوقەکان و بەشداری نەکردنی هەڵبژاردن پێیان وابێ کە تۆڵەی خۆیان دەکەنەوە، بێئاگا لەوەی بەو جۆرە ئاو دەکەنە ئاشی هەموو ئەوانەی لەماوەی چور ساڵی پێشوترا بوونەتە هۆکاری ئەو هەموو ناڕەزاییەی کە لای کەسی ناڕازی دروست بووە، بە بەشداری نەکردنی هاوکار دەبێ بۆ چوار ساڵی تری هاوشێوەی پێشوو، ئەمە ئەگەر خراپتریش نەبێ.

شەڕی پەرلەمان:

پەرلەمان شوێنێک نیە بۆ شەڕی نەتەوە جیاوازەکان، بەڵکو ڕاست ئەوەیە کە لەچوارچێوەی ئەو دەزگا گرنگەدا لێکنزیکبوونەوە و لێکتێگەشتن بۆ داواکاری و پێویستییەکانی نەتەوە جیاوزەکان بکرێ.

نابێ ئەندام پەرلەمان بەمەبەستی تۆڵەو کێشەی نەتەوایەتی بنێرێت بۆ پەرلەمان، بەڵکو گرنگە هەم حزبەکان هەم سەربەخۆکان بەمەبەستی زۆرترین دەستکەوت لەچوارچێوەی دەستوردا ڕوو لەو دەزگایە بکەن تا ئاستی بەدەسیهێنانی سەربەخۆیش کە دەستور رێگەی پێداوە، زۆرترین و شارەزاترین پسپۆڕی جیاواز کاندیدبێ تا بتوانێ لەو ململانێ دیموکراسییەدا سەرکەوتووبێ، بەپێی پسپۆڕی و شارەزای بەشداری لیژنە جیاوازەکان بکەن نەک شتی تر.

نوێنەرایەتی:

راستە حزب خەڵکانێکی نزیک و ئەندامی حزب کاندید دەکات، سەربەخۆش هەوڵدەدا پشت بەخۆی ببەستێ، بەڵام خەڵکی هۆشیار لەچوارچێوەی ئەو بەڵێنانەی لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا بانگەشەی بۆئەکەن دەنگیان دەدەنێ، بۆیە دوای بوونیان بەئەندام پەرلەمان نە حزبییەکان نوێنەری حزبین، نە سەربەخۆش نوێنەری خۆیانن، بەڵکو هەموو ئەوانە قەرزاری ئەو بەڵێنانەن کە بەخەڵکیان داوە و دەبێ ببن بە نوێنەری بەڵێنەکانیان و نوێنەری دەنگدەرەکانیان.

روناکی زۆر دەبێتە هۆکاری نەبینین ، بەڵام زۆر قسەکردن لەسەر دیاردەیەک دەبێتە هۆکاری تاریک بوون یان باش نەبینین

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار