لوبنان؛ ژمارەی قوربانیەكان گەیشتە 38 كەس
سەرۆکی لوبنان: قبوڵناکەین وڵات بکەنە بارمتەی بەرژەوەندییەکانتان
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
حكومەتی لوبنان رایگەیاند:"دوای پێكدادانە چەكدارییەكەی بەیروتی پایتەخت كە شەش كوژراو و 32 برینداری لێكەوتەوە، بڕیار دراوە ئەمڕۆ هەینی سەرجەم قوتابخانە و زانكۆ حكوومی و تایبەتەكان دابخرێن. سەرۆکی لوبنان دەڵێت:" لە هیچ لایەنێکی قبوڵ ناکەن وڵات بکاتە بارمتەی بەرژوەندییەکانی".
عەباس حەلەبی، وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵای لوبنان، لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت: "رۆژی هەینی سەرجەم قوتابخانە پیشەییەكان، پەیمانگا و زانكۆ حكوومیی و تایبەتەكان دادەخرێن".
عەباس حەلەبی راشیگەیاند، بڕیارەكە لەسەر فەرمانی سەرۆكوەزیرانی لوبنان، نەجیب میقاتی بووە بۆ داخستنی تەواوەتی لە رۆژی هەینیدا، ئەمەش وەك رێزگرتن و ماتەمینییە بۆ گیانی ئەو كەسانەی كە لە ئەنجامی رووداوەكانی رۆژی پێنجشەممە لە بەیروت گیانیان لەدەستداوە.
لەئەنجامی خۆپیشاندانەکانی دوێنێ لایەنگرانی حیزبوڵڵای لوبنان لە بەیرووت کە تێیدا داوای دوورخستنەوەی تاریق بەیتار، دادوەری لێکۆڵەریان دەکرد لە پەڕاوی تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت لە 4-8-2020 کە سەتان کوژراو و هەزاران برینداری لێکەوتەوە، پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و گرووپێكی دیکە روویدا، کە حیزبوڵڵا دەڵێت سەر بە کەتائیبی لوبنانین بە سەرۆکایەتی سەمیر جەعجەع.
بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لەو پێكدادانەدا شەش كەس كوژراون و 32 كەسی دیكەش بریندار بوون كە دۆخی دوو كەسیان مەترسیدارە.
هەریەك لە حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل، گرووپە چەكدارەكانی پارتی هێزەكانی لوبنان سەربە سەمیر جەعجەع بە كوشتن و برینداركردنی لایەنگرانیان لە كاتی خۆپیشاندانەكەدا تۆمەتبار كرد.
