هۆشداری لەكشانەوەی هێزەکانی ئەمریكا دەدرێت
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
فەرماندەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەبارەی کشانەوەی ئەمریکا هۆشداری دەدات و رایدەگەیەنێت، داعش لەچەند ناوچەیەکی سوریا و عێراق خۆی رێکخستوەتەوە و لەچەند ناوچەیەکەیش هێرشدەکەنەسەر هێزە ئەمنییەکان.
لوقمان خەلیل، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەرۆژهەڵاتی سوریا بە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی راگەیاندوە، سەرکردەکانی کورد مەترسییان هەیە لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسوریا، جارێکی دیکە گروپی داعش گەشەبکاتەوە بەتایبەت کەلەئێستادا زانیارییان هەیە ئەو گروپە بەهێمنی و لەناوچە بیابانی و دوورەدەستەکان سەرقاڵی خۆرێکخستنەوەیە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، هەرچەندە ئەو لەساڵی 2014دا فەرماندەیی کۆنتڕۆڵکردنەوەی کۆبانی و رەققەی کردووە و هەسەدە سەرجەم ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریای لەدەستی داعش رزگارکردووە، بەڵام لەو کاتەشدا فەرماندەکانی کورد باوەڕیانوابوو داعش مەترسییەکانی بەشێوەی جیاواز بەردەوامن، هەربۆیەش تائێستاش هەموو رۆژێک هێزەکانی دژەتیرۆری سەر بە هەسەدە ئۆپەڕاسیۆنی دەستگیرکردنی چەکدار و لایەنگرانی رێکخراوەکە لە دێرەزور و ناوچەکانی دیکەش ئەنجام دەدەن.
ئەو فەرماندەیەی هەسەدە دەڵێت، "تەنها لەم هەفتەیەدا لەئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی هەسەدە و ئەمریکییەکاندا سێ چەکداری داعش کوژراون، هەروەها هێزێکی فەڕەنساش هێرشیانکردووەتەسەر پێگەکانی داعش لەناوچەکانی نزیک لەدانیشتوان".
لای خۆیەوە مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەدواین لێدوانیدا سەبارەت بە مەترسییەکانی داعش رایگەیاند، داعش کە لەسەر دەستی هەسەدە و بەهاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسوریا کۆتایی پێهێنرا، لەئێستادا جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە و ئەوەش مەترسی لەسەر ناوچەکە و جیهان دروستکردووە، "بەتایبەت کەلەئێستادا لە دیرەزور و پارێزگای ئەنبار لەعێراق داعش بوونێکی رێکخراوی هەیە، بۆیە نابێت لەبوونیان لەو ناوچانە و لەناو کامپەکاندا چاومان دابخەین".
لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا لەفغانستان، هێزەکانی سوریای دیموکرات مەترسی ئەوەیان هەیە ئەمریکا بڕیاری كشانەوەی هێزەکانی لەسوریاش بدات و ئەوەش کاریگەری لەسەر ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان و سوریا دروستدەکات.
لای خۆیەوە مانگی شوباتی ئەمساڵ جێسیکا مکنەڵتی، وتەبێژ بەناوی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاندبوو، هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا و عێراق بەردەوام دەبن لە شەڕی دژی داعش و هاوکاریکردنی هاوبەشەکانیان.
